لاپەڕەی سەرەکی بیروڕا کوردبون، چرکەساتی ڕاچڵەکین و مەرگی گفتوگۆ

کوردبون، چرکەساتی ڕاچڵەکین و مەرگی گفتوگۆ

0 تێبینییەکان 190 بینینەکان
د. جەعفەر عەلی:

گەورەبونی مەترسییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان، لە سەروی هەمویانەوە تورکیا-جۆلانی، بۆ سەر ئەزمونی ڕۆژئاوای کوردستان، کۆمەڵگەی کوردی نە تەنها لە باشور، بەڵکو لە بەشەکانی تر و دەرەوەی کوردستانیش بەسەر دو دیدگا و دو ئاراستەی سیاسی و فیکری جیاوازدا دابەشکردوە. ئاراستەیەک لە دونیابینی کوردبون و پرسی نەتەوەیی، ئاراستەی دوەمیش، لە دیدی فیکری ئیسلامی و بینینی پەکەکە، هەڤاڵان و شەڕڤانانی ڕۆژئاوا وەک مرۆڤی بێ دین، سەیری دۆخەکە دەکەن و هەر لەو ڕوانگەیەشەوە بەبێ لەبەرچاوگرتنی دوانەی ستەمکار و ستەملێکراو، ئاغا و مسکێن، گوتاری خۆیان بەرەو ڕوبەرەکانی ناوەندی کۆمەڵایەتی دەنێرن.

    گەورەبونی ڕوبەری کوردبون 

 ئەمڕۆ، تایبەت لە پرسی ئەو مەترسییە ڕاستەقینەی ڕوبەڕوی ئەزموونی ڕۆژئاوا بوەتەوە، هەست بەجۆرێک لە بێداربونەوەی کوردبون لە خانەی نەتەوەییدا دەکرێت. لەم پرسەدا، کوردبون سەرزەمینە بایۆلۆژییە جەبرییەکەی دەبەزێنێت و بەرەو پرسی داکۆکی لە شوناسی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەڕوات. 
مەترسییەک لە ڕۆژئاوا خۆی بەیان دەکات، بەڵام ڕوبەری کوردبون تەواوی بەشەکانی دیکەی کوردستان و کوردانی تاراوگەش دەگرێتەوە. چیتر دابەشبون و غەدری مێژو، چیتر ستەمی سایکس-بیکۆ و لۆزان، چیتر لەتکردنی جوگرافیا، هێزی ئەوەی نامێنێت کوردبون بە دابەشکراوی لە ماڵ و سنوری بچووکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا زیندانی بکات. سەرزەمینی دابەشکراو، چیتر لە توانایدا نابێت لەبەردەم ڕاچڵەکینی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سایکۆلۆژیای هاوبەشدا سنورە بەزۆر سەپێنراوەکانی مێژوی ڕابردوی، بە جەنگ و خوێن بپارێزێت. 

لە پرسی ڕۆژئاوادا، کوردبون بو بەهێز، گوتاری هاوبەشی کوردی، بو بە نمایشکردنی بونێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی نوێ لەسەر شانۆی سیاسی جیهاندا. کوردبون لە دۆخی ڕۆژئاوادا، لە هەوڵی پچڕاندنی تەوقی فریو و خەڵەتاندن و بەکارهێنانی دایە بۆ مەبەستێکی جیاوازتر، لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا، کوردبون چیتر دروشمێکی بێ ناوەڕۆکی فریودەرانە نییە، بەڵکو هێزی کۆکردنەوەی ماڵی کورد و دەنگی کورد و ڕەنگە جیاوازەکانی کوردە، هێزی تێپەڕاندنی خەونی بچوکی سیاسی و بەرژەوەندی حیزبییە، ئاوێتەکردنی دەنگی نە تەنها بەشە جیاوازەکانی کوردستان، بەڵکو سەرزەمینی کۆکردنەوەی بەشی هەرە گەورەی حیزب و هێزە سیاسییەکانی ئەم بەشە جیاوازانەشە لەبەردەم درککردن بە بوونی مەترسییەکی وجودی.
دەتوانین بڵێین، لەم ڕوداوی پەلامار و مەترسییە وجودییەدا، بازدانێکی گەورە لە پرسی کوردبووندا دەبینرێت، بازادن لە پێگەی بونێکی بێهێزەوە بەرەو بونێک دەتوانێت ببێت بە هێز، هێزێکی جیاوازتر لە هێزی سەرباز و تەکنەلۆجیای جەنگی، هێزی ئیرادە و کامڵبونی سیاسی و خەمڵینی نەتەوەیی. 

  هێز ڕەگەزێکی تەواو گرنگە، توانای یەکلاکردنەوەی زۆر پرس و کێشەی گەورەی هەیە، بەڵام هەمیشە ئەوە هێزی سەرباز و چەک نییە، مێژو دەنوسێتەوە. دەزانین، کە بەشێکی گەورە لە ڕوداوەکانی مێژو، بە زەبری شمشێر و تەکنەلۆجیای هێز نوسراونەتەوە، تایبەت ڕوداوە گەورەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزم و کۆلۆنیزەکردنی گەلانی دی. بەڵام ئەوە مانای ئەوە نییە، ئیتر ئەگەر هێزی سەربازی گەورەت نەبو، ئەگەر خاوەنی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوی جەنگی نەبویت، ئیدی دەبێت هەمیشە وەک بوونێکی پاسیڤ و زەلیل لە بندەستی ئەوانیدی لە خۆت بەهێزتردا بژیت. 
 لە ڕابردودا، هێزی زۆر بچووک، بەراورد بە بەرانبەرەکەیان، توانیویانە سەرکەوتنی گەورە بەدەستبهێنن، ڕاستە قۆناغ و ڕۆژگارەکە جیاوازە و ئێستا سەردەمی جەنگی ڤێتنام و خەباتی ئازادی دژ بە کۆلۆنیالیزمی ئینگلیز و فرەنسای سەدەکانی نۆزدە و نیوەی یەکەمی سەدەی بیست نییە، ئەوەش ڕونە کە پێشکەوتنی تەکنەلۆجیای جەنگی و هاوپەیمانێتی بەرژەوەندییەکان، دەرفەتەکانی بەردەم هێزی بچوک و گەلانی بێ هێزی بچوکتر کردوەتەوە، بەڵام هێشتا بەردەوامی، ئیرادە، خەمی هاوبەش، ئازاری هاوبەش، ئومێد و ڕوانین بۆ ئاسۆی هاوبەش، دەتوانێت لەنێو مێژودا بەگوێرەی میتۆد و فۆڕمی تایبەتی خۆی وەک هێز خۆی نمایش بکات.

 ئەوەی لە ساڵانی ڕابردو تا ئێستا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەرانبەر هێزێکی گەورەی وەک تورکیا و سوریا ڕودەدات، دەتوانێت پێمانبڵێت، مێژو هەمیشە بەهێزەکان ناینوسنەوە، بەڵکو سیاسەتی حەکیمانە، پتەوکردنی ژێرخانی گوتاری سیاسی و کۆمەڵایەتی هاوبەش، دەتوانێت بە تەنیشت بەهێزەکانەوە بوەستێت و وەک هێزێک خۆی پێناسە بکات. ئەمڕۆ لە هاوکێشەی سیاسی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەرەکانی هەر دەستکاریکردنێک، یان داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ناوچەکە، بە هەمو ئەو فشارانەشەوە کە لەسەریەتی، کورد ژمارەیە و بەشێکە لە هێزی نوسینەوەی هەر مێژویەکی نوێ. ئەوەیشی کوردی کردوە بەم هێزە، هێزی تەکنەلۆجیای جەنگی نییە، بەڵکو هێزی بەردەوامی، ئیرادە و شەڕی پاراستنی ناسنامە و بونە.

ڕۆژئاوا لە ونبونی ناسنامەوە بۆ شوناسی گەورە

مێژوی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان لە دروستبونی دەوڵەتی عەرەبی سوریاوە، مێژوی نە تەنها ستەم، بەڵکو مێژوی بێ بەشکردن و داماڵینییەتی لە بونی خۆی. مێژویەکە شەڕ لەگەڵ خودی ناسنامە و گەڕان بەدوای  شوناس و بونی خۆیدا دەکات. ستەمی بەعسی سوریایی لە ئەسەدی باوکەوە بۆ ئەسەدی کوڕ، ستەمی فاشیزمێکە ئامادە نییە کورد وەک بونێک لەسەر پێناسێکی یاسایی و دەوڵەتیشدا قبوڵ بکات. 

   ئەم بونە ونە، ئەم وجودە فەرامۆشکراو و ستەملێکراوەی نێو مێژو، ئەم مرۆڤە فڕێدراوە بۆ دەرەوەی مێژو، ماوەی پازدە ساڵە بە فۆڕمێکی جیاوازتر لە فۆڕمەکانی ڕابردوی، خەریکی خۆبنیاتنانەوەیە، خەریکی دروستکردنی مێژوە، خەریکی مەشقی کامڵبوونێکە تا هێزی ئەوەی هەبێت بە تەنیشت ئەوانیدیکەوە بڵێت، منیش هەم. ئەم خەونی خەمڵین و بونی شوناسە، بوە بە هیوایەک، هەوڵدەدات لە کۆڵانە پەراوێزی و تاریکەکانی نێو مێژوەوە بەرەو ئاسۆی خۆپێناسەکردنەوە و شەڕی داننان بە ناسنامەی سیاسی و کولتوریمان دەبات، شەڕێک لە کۆڵانە ئاشکرا و نهێنییەکانی مێژودا دەکرێت، لە ژورە نەبینراوە سیاسی و دیپلۆماسییەکاندا درێژەی هەیە و جار جاریش دەکەوێتە بەر هەڕەشە و پەلاماری گەورەوە، بەڵام ئەو هێشتا هیوایەکی گەورەیە و بەو پرەنسیپە سیاسی، ئەخلاقی و مرۆییانەی دەستی پێوەگرتوە، بڕێک لە ڕوناکیمان بەرەو ئایندەیەکی جیاوازتر پیشاندەدات.

  ڕۆژئاوا، خاڵی بەریەککەوتن

   پرسی ڕۆژئاوا، پرسێکی ئایدیۆلۆژی ڕوت نییە، هەر کەس و گروپ و تاقمێک ئەم پرسە لە بازنەی ئایدیۆلۆژی و بە قازانجی ئەجێندایەکی تایبەتی خۆی بچوک بکاتەوە، جگە لە زەرەر هیچ خزمەتێک بە کرۆکی پرسەکە ناکات. ڕۆژئاوا پرسێکی سیاسی، نەتەوەیی و نیشتمانییە، پرسی ئەخلاق و بەیەکەوەژیان و مرۆڤبونە، کورتکردنەوەی پرسێکی وەها، بۆ بابەتێکی ئایدیۆلۆژی لە ژێر ناوی دیندا بێت، یان ناسیۆنالیزمی نەژادی و پەڕگیر، دورکەوتنەوەیە لەو پرەنسیپ و بەها سیاسی و مرۆییانەی، خودی ڕۆژئاوا خۆی بە بنەمای گرتون.

   ڕۆژئاوا لەو خاڵەدا کۆماندەکاتەوە، کە هەموان کوردین، چەپ و ڕاستێک، ئیماندارێکی پابەند و عەلمانییەک، لە ژێر چەتری شوناسێکی سیاسی و کولتوریدا، بەجیاوازی سیاسی و فیکری دەژین، لەو خاڵەشدا دابەشمان دەکات، کە هەندێ کەسایەتی دینی، حیزب و گروپی ئیسلامی، لە ژێر چەتری هەمان شوناسی کوردبوندا دەژین، بەڵام بە کاریگەری جۆرێک لە توندڕەوی ئایدیۆلۆژیای دینی، نەک هەر دەسەڵاتی سیاسی و ئیداری ڕۆژئاوایان قبوڵ نییە، بەڵکو تا ئاستی تەکفیر و ئیلحادیان دەبەن، لەوەش خراپتر جۆلانی و گروپە چەکدارە پاشخان داعشییەکانی دیمەشق وەک بەخششێکی خودایی بۆ دینی ئیسلام و موسڵمانانی سوننە مەزهەب لە سوریا و بۆ کۆی پێکهاتەکانی ئەو وڵاتە دەبینن. ئەم گروپە، جگە لە دین و مەزهەب، ناخوازن ستەم و هێرشی جۆلانی و مەترسییەکانی، پێشتر دەرهەق بە عەلەوی و دروزەکان، ئێستایش بەرانبەر کوردەکان ببینن، هەر وەک چۆن نایانەوێت سازشە بێ وێنەکانی جۆلانی بۆ ئیسرائیل لەو پێناوەدا وەک خۆی تێبگەن. 

   کاتێک هاودەردی و ئازاری هاوبەش، وێڕای جیاوازییەکانمان، دەتوانێت لە دەوری یەک مێزدا کۆمانکاتەوە، دەتوانین ئەمە وەک ڕاچڵەکاندنێکی مێژویی ببینین، کاتێکیش بە هەر پاساوێک و لە ژێر کاریگەری هەر باوەڕ و ئایدیۆلۆژیایەک، لە ئازارەکانی خۆمان هەڵدەگەڕێینەوە و سوکایەتی بە ناسنامە و خوێنی شەهیدەکانمان (ژن بن، یان پیاو) دەکەین، تێدەگەین هێشتا سەرمان لەنێو ئەو زەلکاوە دایە، کە ستەمکارانی کورد دەخوازن تێیدا بمێنینەوە. 

   لەم ڕووداوی پەلاماردانە بۆ سەر کوردانی ڕۆژئاوا، دو هێڵی باوەڕ و ئایدیۆلۆژیا هەیە، بەشێکی بچوکی کورد لە بەشە جیاوازەکانی کوردستان نەبێت، ئەوانیدی لانیکەم لە بەرانبەر دیمەنەکانی خوێن و پەلامار بۆ سەر ڕۆژئاوا، هێڵە تەقلیدییەکانی هاوئاینیان لە بەرانبەر پرسی کوردبوندا تێپەڕاندوە. ئەم دو هێڵە ئایدیۆلۆژییە، دینی و کوردبون (نەتەوەییە)، هیچیان لە کوردستان پڕۆژەی فیکری گەورە نین، گەورە بە مانای دامەزراوەی فیکری، پەروەردەیی و ستراتیژی گرنگیان هەبێت و بتوانن لە ئایندەیەکی نزیکدا خانە کۆمەڵایەتییەکانی کۆمەڵگەی کوردی داگیربکەن و وەک پڕۆژەی نیشتمانی و نەتەوەیی، یان ئاوێتەکردنی ئاین و ناسیۆنالیزمی کوردی خۆیان پێناسە بکەن. 

   ئەم دوو ئاراستە فیکری و هێڵە ئایدیۆلۆژییە جیاوازانە، یەکیان لە دیدێکی دژەدینی نا، بەڵکو نادینییەوە، هەوڵی تێپەڕاندنی دیدی نەتەوەیی و دەوڵەتی نەتەوەیی دەدات (پەیەدە، هەسەدە)، ئەویتریش لە دنیابینی بان-نەتەوەییەوە سەیری پرسی نەتەوەیی دەکات و کورد وەک بەشێک لە جیهانێکی گەورەتر، کە جیهانی ئیسلامییە دەبینێت. لە دەرەوەی دیدگا بان-نەتەوەییەکەی دەسەڵاتی ڕۆژئاواش، لە گوتاری میدیایی بەشێک لە حیزبە سیاسییەکانی بەشەکانی دی، دیدێکی دیکەمان هەیە دەخوازێت کۆی بابەتەکە لە مەسەلەی ناسیۆنالیزمێکی نەژادی پەڕگیردا کۆبکاتەوە، بەڵام لە کۆدا خاڵێکی جەوهەری هاوبەش لە نێوان ئەم ئاراستە سیاسی و فیکریانەدا هەیە، ئەویش کاریگەری پرسی کوردبوون و ناسنامەی نەتەوەییە. 

   لەم ڕوداوانەی هێرشی گروپەکانی سەر بە تورکیا و جۆلانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدەدا، پرسی کوردبون، لە هەر پرسێکی تر زیاتر خۆی دەرخست. کوردبون، سنورە تەقلیدییەکانی ئیمان دەبەزێنێت و هاوسۆزی کۆی بەشەکانی دیکەی کوردستان، بەشی هەرە گەورەی ڕوبەری کۆمەڵایەتی حیزبە سیاسییەکان داگیردەکات. کوردبون بە ئەندازەیەک بەر ئەو دنیا فیکرییە دینی و تەقلیدییە دەکەوێت، کە ڕەنگە هیچ بڕگەیەکی مێژوی سیاسی ئێمە بەخۆیەوە نەدیبێ، بەریەککەوتنی خەڵکانێکی موسڵمان و ئیمانداری میللی لەگەڵ بەشێک لە پیاوانی ئاینی و گوتارخوێنانی مزگەوتەکان لەبەردەم میحڕاب و لە کاتی نوێژی هەینیدا، تا ڕادەی قسە پێبڕین و هێنانەخوارەوەیان لەسەر مینبەری گوتارخوێنی. ئەمە نمونەیەکی دەگمەنی نێو مێژوی سیاسی ئێمەیە لە ناوەندی پیرۆزی دینیدا ڕودەدات، تەواوی مێژوی ئێمە خاڵییە لەو ئیرادە و ئاگاییەی، بە کاریگەری پرسی کوردبون و ئازاری هاوبەش، پیرۆزی میحڕاب و مزگەوت، نابنە ڕێگر لەبەردەم گوزارشتکردن لە مانا سیاسییەکانی خۆی، مانای کوردبون و خەمی هاوبەشی کوردی. ئەم نمونەیە چەند بۆ پرسی کوردبون جێگەی دڵخۆشییە، هێندەش بۆ ئاراستە تەقلیدییەکەی نێو دین، نیگەرانی دەهێنێت. نیگەرانییەک گرنگە کۆمەڵگەی ئێمە، بەبێ پەنابردن بۆ زبری و دڵڕەقی و ڕوشاندن، کاری لەسەر بکات و ڕوبەرە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی فراوانتر بکات. 

   لە دەرەوەی ئەوانەدا، ڕۆژئاوا، بە ڕونی ئەو پەیامەی گەیاند، هێشتا مرۆڤگەلێک لەم کۆمەڵگەیەی ئێمەدا هەن، بە پاساوی ئایدیۆلۆژی ئامادەن چەقۆی دەستی ستەمکارانی کورد بلێسنەوە، لەوەش خراپتر سوکایەتی بە خوێنی شەهید و قوربانییەکانی هاوزمان و هاوخوێنەکانی خۆیان بکەن. واتە لەسەر ئەم شانۆی ڕوداوەدا، کوردبون بە دەنگی بەرز گوزارشتی لە بونی خۆی و کەرامەتی مرۆیی و ئەخلاقی خۆی کرد، لە بەرانبەردا، تەقلید بەشێکی بچوکی بە ئاشکرا و ڕوبەری ئیسلامییە سیاسییەکەیشی بە خاتری بەرنەکەوتنی بە توڕەیی و ڕاچڵەکینی کۆمەڵگە، دەشێ بەشێکیشی تەکتیکی سیاسیش بێت، خۆی لە بەرگی هێشتنەوەی چەند ڕستەیەکی لاستیکی لە ململانێی سیاسیدا هێشتەوە.

   بەگشتی ئەوەی ئەمڕۆ وەک دەرەنجامی ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا دەیبینین، ئیرادەیەکی ناوەکی کوردبونە، هەوڵدەدات لە پەراوێزی مێژوەوە بەرەو ماڵی مێژومان ببات، لە بونێکی فەرامۆشکراوی نێو مێژوە بمانکات بە بەشێک لە دروستکەری مێژو. بەڵام گرنگە، ئەم پرسی کوردبونە، کە لێرەدا گۆڕاوە بۆ پرسێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، نەپەڕێتەوە بۆ گوتارێکی فاشیستانە و پرسی دیالۆگ و گفتوگۆ لەگەڵ ئەویدی کورد، کە وەک خۆی بیرناکاتەوە، فەرامۆش نەکات. واتە دیدی ناسیۆنالیستانە نەگاتە ئاستی سڕینەوە و هەوڵدان بۆ کوشتنی جیاوازییە ناوەکییەکان، بێگومان مەبەست لە ئەویدی جیاواز هێڵی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی نییە، بەڵکو ئەو بونە کۆمەڵایەتییەیە، کە کوردە و هێڵی بیرکردنەوەی فیکری و سیاسی بۆ ڕوداوەکان جیاوازە. جیاوازی، نەک ڕەتکردنەوە و تەکفیر بە ناوی ئایدیۆلۆژیای دینی و خوداوە. 

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە