بەپێی توێژینەوەیەک دەرکەوتووە کە ڕێجیمی ڕووەکی دوو هێندەی ڕێجیمێک کە ئاسایی و باو بێت کێشت دادەبەزێنێت و رێژەی کردارە کیمیاییەکان لە جەستەدا زیاد دەکات.
توێژەرەوان لە لیژنەی زانایانی فیزیا بۆ بەرپرسیاریی پزیشکی لە واشنتۆن دی سی ٧٤ کەسیان لە توێژینەوەکەدا دیاری کردووە، بەشێکیان ڕێجیمی ڕووەکییان کردووە بە جۆرێک لە بەرنامەی ڕێجیمەکەیاندا تەنها خواردنە ڕووەکییەکانیان خواردووە، هەروەها بەشەکەی دیکەیان تەنها لەسەر بەرنامەیەکی ئاساییڕێجیمکردن ڕۆیشتوون.
ئەو ٧٧ کەسە بە هەردوو جۆرە ڕێجیمەکەوە ڕۆژانە ٥٠٠ کالۆری کەمتریان خواردووە لەدوای دەستپێکردنی توێژینەوەکەوە.
لە کۆتایی توێژینەوەکەدا کە ماوەی شەش مانگی خایاندووە و ١٠ی ئەم مانگە بڵاوکراوەتەوە، دەرکەوتووە کە ئەوانەی ڕێجیمی ڕووەکی بوون نزیکەی شەش کیلۆگرام لە کێشیان دابەزیوە، بەڵام ئەوانەی دیکە تەنیا سێ کیلۆ دابەزیون.
بەپێی توێژینەوەکە، جگە لە دابەزاندنی کێشی لەش، ئەوانەی ڕێجیمی ڕووەکی بوون پێکهاتەی جەستەیان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، هەروەها ڕێجیمەکەیان بووەتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری ناو ماسولکە و ژێر شانە پێکەوەییەکان، لەکاتێکدایە ئەوانەی ڕێجیمی ئاساییان کردووە ئەو کەمکردنەوەیە تیایاندا ڕووینەداوە.
توێژینەوەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەمکردنەوەی چەوری ناو ماسولکەکان دەبێتە هۆی بەهێزکردن و پێدانی جوڵەی باشتر بە ماسولکەکان، بە تایبەت بۆ کەسانێک کە تەمەنیان زۆرە.
هاوکات ئەو کەمکردنەوەی چەورییە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی کردارە کیماییەکان (مێتابۆلیزم) لە لەشدا.
لەگەڵ ڕێجیمی ڕووەکیشدا ئەوەی گرنگ بێت ئەوەیە کە چ جۆرە خواردنێک دەخۆیت، بەشداربووانی توێژینەوەکە لە ٦٠%ی وزەی لەشیان لە کاربۆهیدرات، لە ١٥% لە پرۆتینەوە و لە ٢٥%یان لە چەورییەوە وەرگرتووە.
لەماوەی توێژینەوەکەدا، ئەوانەی ڕێجیمی ڕووەکییان کردووە زیاتر سەوزە و دانەوێڵە و پاقلەمەنی و میوە و گوێزیان خواردووە.