لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ حەلەبی وێران ..!

حەلەبی وێران ..!

0 تێبینییەکان 15 بینینەکان

halabحەلەب پایتەختی ئابووری سوریا و دووەم گەورە شاری ئەو وڵاتە ناسراو بە چینی عەرەب، لە بەر بوونی ژمارەیەکی زۆری کارگەی پیشەسازی گەورە و  بەرھەمھێن لە دێرزەمانەوە، ھەروەھا حەلەب لە سەدەی شانزەوە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە لە نێوان ئەوروپاو ئاسیا و زۆرێک لە مێژوونووسان لە و بڕوایەدان کە ئەو ڕێنیسانسە ئەدەبیەی لە سەدەی ھەژدەدا وڵاتی شامی گرتەوە لە حەلەبەوە دەستیپێکرد لەلایەکی ترەوە خەڵکی ئەو شارە بەوەناسراون کە کراوە و لێبووردە و دوورن لە ڕق و کینەی ئتنیکی و تائیفی .

شۆڕشی خەڵکی سوریا کە پێش شەش ساڵ سەریھەڵدا کە حەلەبیش بەشێکی گرنگ و لێکدانەبڕاوی بوو بۆ ئازادی و سەرفرازی و کۆتاییھێنان بە حوکمی کۆماری پشتاوپشتی بنەماڵەی ئەسەد بوو، بەڵام ھەر لە سەرەتاوە تووشی چەندین کۆسپ و ھەڵەی کوشندە بوو کە نەیانھێشت ئەو شۆڕشە بە مەنزڵ بگات لەوانە :-

١.گۆڕینی  ڕەوتی شۆڕشە جەماوەرییە ئاشتیخوازییەکە بۆ ململانێیەکی چەکدار کە لایەنە سەرەکیەکانی شۆڕشەکە ناوەندی بڕیار و ھێزی شۆڕشەکەیان لە دەستدا .

٢. بەو شێوەش بڕیار کەوتە دەست لایەنی تر کە ئەوانیش ئامانج و بەرژەوەندی جیاوازیان لەگەڵ خەڵکی ئازادیخواز و ستەمدیدەی سوریا ھەبوو، کە ئەمەش نەک وایکرد نەک ھەر مەبەستەکان یەکنەگرن بەڵکو پێچەوانەی داخوازیەکانی گەلیش بن .

٣. بەتائیفیکردنی شۆڕشی سوریا ئەمە لە ھەمووی سامناکتر بوو بۆ شۆڕشەکە، واتە گۆڕینی ئامانج و داخوازییە دیموکراسی و شارستانییەکانی خەڵک. واتە بە واتایەکی تر  گۆڕینی لە ململانێیەکی سیاسی  و کۆمەڵایەتیەوە بۆ ململانێی تائیفی و ئتنیکی لە نێوان پێکھاتەکانی ئەو وڵاتەدا .

٤. لە ئاکامی ئەو ململانێ نادرووست و کۆنەپەرستانەدا شۆڕشی سوریا وەرچەرخا بۆ ململانێی نێودەوڵەتی لە نێوان وڵاتە زلھێز و ئیقلیمیەکاندا ھەر لە ئەمریکا و ڕوسیاو ە بگرە تا ئێران و تورکیا و وڵاتانی کەنداو لایەنی تریش، بەڵێ ھەموو ئەو دەستێوەردان و بەریەککەوتنی بەرژوەندییە جیاوازانە کار گەیشتە ئەوە ھەندێک لە تاقم وگرووپەکانی شۆڕش شەڕ و پەلاماری یەکتر بدەن کە ھەموو ئەمانە لە شەڕی حەلەبدا ڕەنگیان دایەوە و ئەو شارەی کە لە سەرتای ئەم وتارەوە باسمانکرد ببێتە وێرانە خاکێک و مەرگی بە کۆمەڵی زۆرێک لە دانیشتووانەکەی ببینێت .

ھەرچەندە باسکردن و نووسین لە سەر شۆڕش و ململانێکانی سووریا لە وتارێکی کورتدا کارێکی ئاسان نیە و لەڕابردووشدا من لەسەر شەڕەکانی کۆبانی  و مەنبەج و ڕۆڵی تورکیاو ڕووسیا وتاری ترم نووسیووە، بەڵام لەم وتارەدا ھەر ئەوە بە پێویست دەزانم بیڵێم ئەوە پشت بەستنی تاقم و گرووپەکانی ئۆپۆزەسیۆنی سووریایە بە وڵاتانی کەندا و بە تایبەتی سعودیە و قەتەربە تایبەتیش  تورکیا کە ھەموو تۆپەکانیان خستبووە سەبەتە تورکیاوە کە ئەویش ھەموو ئەو گروپانەی کرد بە قوربانی بەرژەوندییەکانی خۆی .

بورھان شێخ ڕەئوف

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە