١. دوای هەوڵەکانی حکومەت بۆ بەخۆداچونەوەی خێرا بۆ چاکسازی، هەر زوو وەزاراتی کشتوکاڵ(لەسەر لیستی ئیسلامی) لە ڕۆژی مەولودی نەبەویدا ئەو تۆزە پارەیەی کە لە قاسەکەیادا هەبوو تەرخانیان کرد بۆ چەندین چالاکی ئایینی گرنگ، بەڵام ئەم چالاکییانە وەزارەتی ئەوقافی توڕەکرد و ئەوانیش هەڕەشەی ئەوەیان کرد گەر بێتو ساڵی ئایندە وەزارەتی کشتوکاڵ ئەم کارە دووبارەبکاتەوە و خۆیان لە ئیشەکانی ئەواندا هەڵبقورتێنن ئەوا ئەوانیش لەڕقی وەزارەتی کشتوکاڵ دەستدەکەن بە ناشتنی نەمام و هەڵپاچینی درختەکانی سەرجادەکان و چوزکردنی نەمام بەخۆڕایی. هەر لەم یادەدا حیزبێکی شویعی کە نەیویست ناوی خۆی بەرێ، سوپارایزێکی جەماوەری کرد و پێش یەکگرتوو و کۆمەڵ بەیاننامەیەکی پیرۆزبایی بۆ هەموو ئۆمەتی محەمەد نارد.تۆژەرەوە سیاسیەکانی لەمەڕ خۆمان ئەم حاڵەتەیان بەشەکلکردن لە مومارەسەی میهنەدا ناوبرد و ڕایانگەیاند ڕودانی ئەم حاڵەتانە لە وڵاتانێکدا کە قەیران تێیدا ڕوویددابێت، شتێکی هەر زۆر بەثیتە!
٢. بەپێی هەواڵێکی دزەپێکراو لە نێو ئەو پیاوکوژانەی کە تاکو ئێستا نەدراون بەدادگا، موجریمێکی سەرقەوی دوای ئەوەی کە زانیویەتی لیژنەیان پێکهێناوە لەسەر تاوانەکانی تاکو ڕادەستی دادگای بکەن یەکسەر گایەکی داوە بە عەردا و کردویەتی بەخێر و گەعدەیەکی بەو بۆنەیەوە بۆ بردارێکی لە مافی مرۆڤ سازداوە، چونکە بۆدواجار دڵنیابۆتەوە کە بۆ هەمیشە ئازاد و سەرفرازە.
٣. وەزیری بەرق و کارەبای سودان بەدەم خەوەوە خۆی کرد بە کوردستاندا تاکو سود لە ئەزمونەکانی حکومەتی هەرێم وەربگرێت لەبواری کارەبادا.
٤. پاشی ئەوەی کە هەواڵی نزیکبوونەوەی سەربەخۆیی کوردستان لە میدیاکاندا بڵاوبوەوە، هاوڵاتییەک تەسکەرە وجنسیە عێراقییەکەی خۆی سوتاند، دوای خاوبوونەوەی هەواڵەکە سەد واستەی کرد بۆ دەرهێنانەوەیان.
٥. ٣٧٠ هەزار دەفتەر دۆلاری پرۆژەکان دیار نەماوە.. هەر زۆر بەثیتە!
٦. مۆستا و کارمەندانی شارەوانی بەهەفتە و دووهەفتە ماندەگرن.. بەثیتە!
٧. شێخێکی ڕیش چەرمووی سەر بە تەریقەتی ئیمامی ڕەپانی، بەهۆی پارچە گوریسێکی ١٣ سانیمییەوە جنۆکەیەکی لە خانمێکی خڕوخەپان دەرهێنا.
٨ . لە یابان پردێکی سەیر دروستکرا. لە کوردستانیش پردێک لاوفاو بردی .
٩. لە لێکۆڵینەوەیەکی بێ لایەندا، هۆی سەرەکی قەیرانەکانی کوردستان; نزمبوونەوەی نرخی نەوت نییە لەبازاڕە جیهانییەکاندا، بەڵکو هۆکەی بەرزبوونەوەی نرخی شێلمە لەبازاڕەکانی کوردستاندا بەشێوەیەکی بەرچاو. شێلم خواردنێکی تەندروستە و خەوێکی خۆش دەداتە حکومەت و هاوڵاتیان بە پرخوهوڕێکی ستاندارتی بەردەوام.
١٠. هەوڵێکی وەرزشی، بەپێێ هەوڵێکی ئاژانسی عەواڵ ئێکس پرێس، لایەنگرانی بەرشە لەگەڕەکەکانی سەیداوە، قالاوە و گێمەدەێ لەنیوەشەودا هەستان بە هەڵمەتێکی بەرفراوانی دیوارنووسین لەسەر ریتمی تەنزیمەکانی ناوشاری جاران. وەرزشەوانێکی بێ هیوا، ئەمە بەهەنگاوێکی گرنگ دەزانی بۆ هەستانەوە لەم قەیرانە و بەرزبوونەوەی عاستی ڕقی جەماوەری وەرزش لە کوردستان بۆ عاستێکی جیهانی.هەرئەمەشە وای لە میسی کردووە لە پەیجەکەی خۆیدا وێڵ بێت بەدوای توانا وەرزشییەکانی هەرێمی کوردستاندا.
١١. پاشی ئەوەی دائیرەی کەشوهەوا و بومەلەرزە پێشبینی ١٠ملم بارانبارینی کرد، بەڵام تەنیا بڕی ٥ملم یان ڕاگەیاند، هۆی ئەو نیوەکردنەش کەمکردنەوەی بارگرانیە لەسەر حکومەت بەڕێژەی یەک لەسەر دوو.
هەواڵەکانمان پێشکەشکردن. ئەمڕۆ ٢٢ی قەیرانوەرزی ساڵی هیچموچەیی کوردی، کە بەرانبەرە بە ٢٢ی ذولداعشی ساڵی ١٤٣٧ی نیکاحی، کە ئەمیش بەرانبەرە بە ٢٢ی خۆشبەختی ساڵی ٢٠١٦ی وڵاتانی چەکفرۆشی نەوتدزی ڕۆژئاوایی.
هەرشادبن
سەردار عەبدوڵلا:
sardar2@spray.se