ماوەی چەند ساڵێکە هەڵەی پزیشکی و پزیشکان بووەتە جێگەی باس و خواسی میدیا و هاووڵاتیان، بێ ئەوەی قسە لەسەر هۆکارەکانی ئەم هەڵانە بکرێت زۆربەی جار دەخرێتە ئەستۆی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی.
چاودێرانی بواری تەندروستی و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی هۆکاری بەشێک لەو هەڵە تەندروستییانە دەگێڕنەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکاری بەدەر لە توانای ئەوان، نکۆڵی لەوەش ناکەن کە هەندێکجار هەڵەی مرۆیی هەیە و پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لێی بەرپرسیارن، کە ئەمەش لە هەموو وڵاتێکی تردا بەڕێژەیەکی دیاریکراو بوونی هەیە و هیچ وڵاتێک نییە لە سیستەمی تەندروستییەکەیدا هەڵەی پزیشکی ڕوونەدات.
ئەو هۆکارانەی باسی لێوەدەکرێت کە دەبنە هۆی هەڵەی پزیشکی و لەدەرەوەی بەرپرسیارێتی پزیشک و کارمەندانی تەندروستییە، بەشێکیان حکومەت لێی بەرپرسیارە و بەشێکیان کەرتی تایبەت.
هەندێک جاریش هەڵەی کارگێڕی و ستافی تەندروستی دەخرێتە ملی پزیشک، بۆ نمونە هەڵەى سەیدەلییەکانى لاکۆڵان و دەرزی لێدان و گلنەدانەوەی نەخۆش.
یەکەم: بازرگانی دەرمان
هاوردەکردنی دەرمان لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی کەرتی تایبەتەوەیە و لەلایەن چەند کۆمپانیایەکەوە قۆرخکراوە کە بەرپرس و کەسانی حزبی لە پشتییەوەن و خاوەندارێتی دەکەن. هەندێکجاریش بەهۆی جۆری دەرمانەکانەوە هەڵەی پزیشکی ڕوودەدات هەروەک لە ساڵانی رابردوودا دەرزی ئاڤاستین بووە هۆی کوێرکردنی چاوی دەیان هاوڵاتی هەرێمی کوردستان.
دووەم: نەبوونی کۆنتڕۆڵی حکومەت
سەرەرای ئەوەی هاوردەکردنی دەرمان لە لایەن کەرتی تایبەتەوە قۆرخکراوە و کەسانی باڵادەستیان لە پشتەوەیە، لەهەمان کاتدا حکومەتی هەرێمیش کۆنتڕۆڵی جۆر و کوالیتی دەرمانی پێ ناکرێت و ئەمەش بووەتە هۆکاری ئەوەی نەخۆش و هاوڵاتیان دەرمانی ئێکسپایەر و کوالیتی خراپ بەکاربهێنن.
سێهەم: سیستمی تەندروستی
سیستمی تەندروستی کەرتی گشتی لە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە هۆکاری بوونی هەڵە پزیشکییەکان، ئەویش بە هۆکاری ئەوەی بەهۆی کەمی مووچە و کەمی ئیمتیازاتی پزیشک و کارمەندانی تەندروستی وا دەکات ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن و زۆر گرنگی بە دەوامی کەرتی گشتی نەدەن.
پزیشک و کارمەندانی تەندروستی گلەیی ئەوەیان هەیە کە موچەکەیان بەشی بژێوی ژیانیان ناکات بۆیە ناچار دەبن پەنا بۆ دۆزینەوەی کارێکی تر ببەن لە کەرتی تایبەت و کەمتر لە کەرتی گشتی دەوام بکەن و پابەندبن بە کاتەکانیانەوە.
چوارەم: لێنەپرسینەوە لە هەڵە پزیشکییەکان
بەشێک لە چاودێرانی تەندروستی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە لێنەپرسینەوە لەهەڵە پزیشکییەکان و بێ ئەنجامی ئەو لیژنانەی بۆ بەدوادچوون لە هەڵە پزیشکییەکان پێکدەهێنرێن بەشێکن لە هۆکاری دووبارە بونەوەی ئەو هەڵانەی کە هۆکارەکانی مرۆیین و تیایدا پزیشک و کارمەندانی تەندروستی لێی بەرپرسیارن. لە کاتێکدا لە وڵاتانی تردا بە تایبەتی لە ئەوروپا و ئەمریکا ساڵانە سەدان پزیشک و کلینیکی پزیشکی لە کارکردن ڕادەگیرێن و مۆڵەتەکانیان لێدەسێنرێتەوە بەهۆی هەڵەی پزیشکییەوە.
سەرچاوە:ئێن ئاڕ تی