ژماره‌یه‌ك میدیا‌و ئاژانسی گه‌وره‌ی جیهانی، دورده‌كه‌ونه‌وه له‌باسكردنی ئازایه‌تی‌و كاریگه‌ریه‌كانی پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی داعش‌و تیشكده‌خه‌نه سه‌ر قه‌یرانه سیاسیه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی پرسی سه‌رۆكایه‌تیه‌وه، ئه‌وه‌ش به‌تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له‌به‌رده‌م كوردا ناوده‌به‌ن له‌پرۆسه‌ی دیموكراسیدا.
له‌ئێستادا گۆڕانكارییه‌كی به‌رچاو ده‌بینرێت له‌دوایین مانشێتی ده‌زگا میدیاییه جیهانیه‌كان له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، مانشێته‌كان له‌پیاهه‌ڵدان‌و به‌رزنرخاندنی هه‌رێمه‌وه گۆڕاون كه پێشتر وایان نیشانده‌دا كورد له‌بری ته‌واوی جیهان جه‌نگی داعش ده‌كات، به‌ڵام ئێستا مانشێتی له‌م چه‌شنانه ده‌بینرێن “كوردستان، هه‌رێمێكی بچوك به‌ڵام كێشه‌ی گه‌وره” یان مانشێتی “دیموكراسی كوردستان به‌كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی تاقیده‌كرێته‌وه”.
له‌راپۆرتێكی ده‌زگای میدیایی دۆچه ڤیله‌ی ئه‌ڵمانیدا، كێشه ناوخۆییه‌كانی ئێستای كوردستان به”كێشه گه‌وره‌كان”ی هه‌رێم ناوده‌بات، ده‌ڵێت كێشه ناوخۆییه‌كانی ئێستای كوردستان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ره‌نگه هێنده‌ی كێشه‌ی ئاواره عه‌ره‌به‌كان داهاتوی هه‌رێم بگۆڕێت.
راپۆرته‌كه دێته سه‌ر باسی ئه‌وه‌ی كه هێزی پێشمه‌رگه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن ئه‌ڵمانیاو چه‌ندین وڵاتی رۆژئاواییه‌وه پاڵپشتیكراوه، به‌ڵام ئه‌وه ده‌خاته‌ڕوو كه ئه‌م هێزه‌ی له‌لایه‌ن وڵاته‌كه‌یانه‌وه پاڵپشتی‌و پڕچه‌ك كراوه، فه‌رمانداریه‌كی یه‌كگرتووی نیه‌و بارودۆخی سیاسی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر دروستكردوه.
راپۆرته‌كه‌ی دۆچه ڤیله له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ده‌ڵێت “هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌لایه‌ن چه‌ند حزبێكی سیاسی جیاوازه‌وه فه‌رمانداری ده‌كرێن كه له‌ئێستادا ناكۆكن له‌سه‌ر پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ی بارزانی، كه سه‌ره‌ڕای هه‌شت ساڵ حوكمداری شه‌رعی خۆی ئێستا دوو ساڵه درێژكراوه‌كه‌شی كۆتایی هاتوه‌و ترسی ئه‌وه هه‌یه ناكۆكی سیاسی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بارودۆخ‌و بڕیاردانی سه‌ربازی هه‌رێم دروستبكات”.
ده‌زگا ئه‌ڵمانیه‌كه كێشه‌كانی هه‌رێم‌و په‌كه‌كه‌ی خستۆته‌ڕو، ده‌ڵێت “پرسی سه‌رۆكایه‌تی له‌كاتێكی ناهه‌مواردا هاتۆته پێش، كاتێك مه‌سعود بارزانی هه‌وڵده‌دات قه‌ناعه‌ت به‌په‌كه‌كه بكات له‌ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی كوردستان بكشێنه‌وه سه‌ره‌ڕای رۆڵی ئه‌رێنی په‌كه‌كه له‌شه‌ڕی داعشدا، ئێستا توركیا پێكه‌وه له‌وان‌و له‌داعشیش بێ جیاوازی هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه”.
له‌به‌شێكی تری راپۆرته‌كه‌دا ئاماژه به‌وه‌كراوه “بارزانی له‌ژێر فشاردایه، چونكه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه كورده‌كانی عێراق ڕاپێچی ئه‌م كێشه‌یه‌ی نێوان په‌كه‌كه‌و توركیا بكرێن. هه‌رێم سۆزداریی به‌رانبه‌ر شه‌ڕڤانانی په‌كه‌كه هه‌یه به‌ڵام گه‌ر له‌هه‌مان به‌ره‌ی ئه‌وانبن ئه‌وا توركیا ڕه‌نگه دژی كوردانی عێراقیش هه‌ڵبگه‌ڕێته‌وه، ئه‌مه‌ش واده‌كات له‌دوو به‌ره‌وه هه‌رێمی كوردستان جه‌نگی بۆ دروستببێت كه شتێك نیه پێی ته‌حه‌مول بكرێت”.
جگه له‌مه‌ش، له‌به‌رنامه‌ی “نیوز نایت”ی ده‌زگای میدیایی BBC به‌ریتانی، باسی كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و قه‌یرانی ئابوری‌و دۆخی په‌كه‌كه‌ی كرا كه پارتی داوای لێكردوه چیای قه‌ندیل چۆڵبكات.
كه‌ناڵه‌كه راپۆرتێكی له‌وباره‌یه‌وه بڵاوكرده‌وه‌و دواتریش به‌فۆتۆ ستۆریه‌ك له‌ماڵپه‌ڕ‌و رۆژنامه‌كه‌یان دابه‌زی، كه تیایدا په‌یامنێرێكیان له‌چیای قه‌ندیله‌وه له‌گه‌ڵ چه‌ند شه‌ڕڤانێكی كچ چاوپێكه‌وتن ده‌كات، له‌راپۆرتێكدا باس له‌رۆڵی په‌كه‌كه له‌شه‌ڕی داعش‌و مێژوی ئه‌و ڕێكخراوه ده‌كات.
به‌ڵام هه‌موو راپۆرته‌كانی ده‌زگای BBC له‌سه‌ر كورد ته‌نیا باسی په‌كه‌كه نیه، به‌ڵكو له‌راپۆرتێكی شیكاریی ده‌زگاكه‌دا كه ٢٠ی ئه‌م مانگه‌و رۆژێك دوای به‌رنامه‌كه‌ی سه‌ر په‌كه‌كه بڵاوبۆته‌وه، هاتوه كه دیموكراسی له‌هه‌رێمی كوردستان به‌پرسی سه‌رۆكایه‌تی تاقیده‌كرێته‌وه، قه‌یران‌و ناكۆكیه سیاسیه‌كانی ئێستای هه‌رێمیش خراونه‌ته‌ڕوو.
له‌ڕاپۆرته شیكاریه‌كه‌دا هاتوه، كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم‌و درێژكردنه‌وه یاخود درێژنه‌كردنه‌وه‌ی واده‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بۆ بارزانی به‌دڵنیاییه‌وه كارده‌كاته سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌و شه‌ڕی داعش كه له‌لایه‌ن هه‌مان ئه‌و لایه‌نه سیاسیه ناكۆكانه‌وه فه‌رمانداری ده‌كرێن.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ش باسكراوه كه هه‌فته‌ی پێشوو، له‌گه‌ڵ زیادبونی ناكۆكیه‌كان له‌سه‌ر سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، له‌هه‌ولێری پایته‌خت‌و له‌هه‌ڵوێستێكی چاوه‌ڕوان نه‌كراودا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌شه‌قامه‌كانی هه‌ولێردا هێز‌و سه‌نگی سه‌ربازی خۆی نمایشكردوه، ئه‌وه‌ش نائارامی‌و پشێوی له‌دڵی هاوڵاتیاندا دروستكردوه.
له‌شیكارییه‌كه‌ی BBCدا هاتوه “هه‌رچه‌نده دواتر بارزانی ئیدانه‌ی ئه‌م نمایشه سه‌ربازیه‌ی كردوه به‌ڵام په‌یامه‌كه ڕونه. نمایشه سه‌ربازیه‌كه‌ی هه‌ولێر به‌یه‌كێك له‌به‌ڵگه‌كان خراوه‌ته‌ڕوو كه پشێوی دوای شه‌ڕی ناوخۆ له‌هه‌رێم هێشتا به‌ئاشكرا دیاره، هه‌ر بۆیه پرسی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم وا به‌پرسێكی یه‌كلاكه‌ره‌وه ته‌ماشا ده‌كرێت”.
به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه جه‌ختیكردۆته‌وه كه “ئه‌مه بارودۆخێكی ناسه‌قامگیره بۆ هه‌رێمی كوردستان كه ئابوریه ناجێگیره‌كه‌ی به‌ڕێژه‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر فرۆشی نه‌وت‌و بودجه‌ی به‌غداد به‌نده، له‌ئێستاشدا‌و له‌گه‌ڵ دابه‌زینی نرخی نه‌وت‌و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدادێكی بێ پاره پێشكه‌وتنی ئابوری هه‌رێمی په‌كخستوه”.
راپۆرته‌كه شیكاریه‌كه زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ی نوسیوه‌و تێیدا هاتوه “كێشه‌ی سه‌رۆكایه‌تی رۆحێكی دیموكراسی تیا ده‌بینرێت كاتێك ده‌بینین حزبه‌كان ڕای دژیه‌كیان هه‌یه‌و به‌وزه‌یه‌كی زۆره‌وه به‌شدارن، به‌ڵام كێشه‌و ته‌نگه‌شه‌ی سیاسیش له‌سه‌ر بابه‌ته‌كه پێده‌چێت به‌رده‌وامبێت. زۆرێك به‌ئاواته‌وه‌ن كه هیچ زه‌ره‌رێك به‌سومعه‌و بارودۆخی ئێستای هه‌رێمی كوردستان نه‌گات‌و وه‌ك ناوچه‌یه‌كی به‌رهه‌مهێنی نه‌وت به‌بارودۆخێكی سیاسی سه‌قامگیره‌وه به‌رده‌وامبێت‌و ئه‌م ته‌نگ‌وچه‌ڵه‌مانه تێبپه‌ڕێنێت”