بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، عێراق یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتان بۆ ڕۆژنامەنوسان و لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت ڕۆژنامەنووسان لە دۆخێکی سیاسیدا کاربکەن.
ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور لە راپۆرتەکەیدا ڕیزبەندی دۆخ و ئازادی ڕۆژنامەگەری لە جیهاندا بڵاوکردووەتەوە، کە بەوپێیە عێراق لە کۆی ١٨٠ وڵاتی جیهان کە لە ڕیزبەندیەکەدا ناویان هاتووە لە پلەی ١٥٨هەمیندایە.
ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق یەکێکە لە مەترسیدارترین وڵاتان بۆ ڕۆژنامەنوسان و، لەلایەن چەکداران و هێزەکانی نزیک لە حکومەت و گروپە نەیارەکانی حکومەتەوە بە ئامانج دەگیرێن.
ڕێکخراوەکە لە ڕاپۆتەکەیدا راشیگەیاندووە، هەرێمی کوردستان بارگژیەکی زۆری ئابووری و کۆمەڵایەتی بەخۆیەوە دەبینێت و ڕۆژنامەنوسان دەبێت لە دۆخێکی زۆر سیاسیدا کاربکەن کە میدیا وەک ئامرازێکی سیاسی تەماشادەکرێت.
ڕێکخراوەکە دەشڵێت، بکوژرانی ڕۆژنامەنوسان لە عێراق بە بێ سزا دەربازدەبن و ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لەبارەی ئەو کەیسانەوە دەستپێبکات بەبێ ئەنجام کۆتاییان دێت.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیامنێرانی بێسنوور، هەریەکە لە وڵاتانی نەرویج و سوید و دانیمارکیش بە باشترین وڵاتەکان دادەنرێن لە ڕووی ئازادی ڕۆژنامەگەرییەوە و وڵاتی کۆریای باکووریش لە کۆتا پلەدایە.