بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی دهۆك، ئەنجامی لێكۆڵینەوەی لە دۆسیەی رەشبونەوەی دەستی منداڵەكەی ئاكرێ كە دواتر لەلایەن لیژنەیەكی پزیشكییەوە بڕیاری بڕینەوەی دەستی درا راگەیاند.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نزار عیسمەت، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك رایگەیاند كە رەشبونەوەی دەستی منداڵەكەی ئاكرێ بەهۆی كەمتەرخەمی دو پەرستار و پزیشكێكەوە بوە.
نزار عیسمەت ئاماژەی بەوەدا كە سەرەتا ئەو منداڵە بەهۆی نەخۆشی سكچونەوە رەوانەی نەخۆشخانەی هەوار كراوە لە ئاكرێ و لەوێ كانیۆلای بۆ دانراوە و بەهۆی بەردەوامی دۆخی سكچونەكەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی گوڵان لە ئاكرێ كراوە و پاشان بۆ جارێكی دیكە رەوانەی نەخۆشخانەی هەوار كراوەتەوە و رۆژی پاش ئەوە پزیشكی پسپۆڕ بینیویەتی و جارێكی دیكە رەوانەی نەخۆشخانەی گوڵان كراوەتەوە.
ئاشكراشیكرد كە ئەو كانیولایەی بۆ منداڵەكە دانرابو تێكچوە بۆیە دواتر كانیولایەكی دیكەی بۆ دادەنرێت و چارەسەری پێدەدرێت. پاش ئەوە دایكی منداڵەكە دو پەرستار ئاگاداردەكاتەوە لە تێكچونی دۆخی منداڵەكەی بەڵام دو پەرستارەكە پێی دەڵێن كە هیچ نییە و حاڵەتی لەو جۆرە هەر رودەدات.
بەوتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك پاش ئەو دو پەرستارە پزیشكێكیش لە حاڵەتی منداڵەكە ئاگاداردەكرێتەوە بەڵام ئەویش بە ئاسایی ناوی بردوە و وتیشی كە پاش ئەوەش بۆ جارێكی تر پەرستارەكان لە تێكچونی دۆخی منداڵەكە ئاگاداردەكرێنەوە و پاشان پزیشكەكە دەبینێت كە دەستی منداڵەكە زیانی پێگەیشتوە.
هێمای بۆ ئەوەشكرد كە پاش ئەوە ئەو منداڵە رەوانەی نەخۆشخانەیەك دەكرێت لە دهۆك و پزیشكانی پسپۆڕ بڕیاری بڕینەوەی دەستی دەدەن.
نزار عیسمەت پەرستارەكانی بە كەمتەرخەم و پزیشكەكەشی بەوە ناوبرد كە گرنگی بە تێكچونی دۆخی منداڵەكە نەداوە كاتێك ئاگاداركراوەتەوە بۆیە دەستی منداڵەكە بەهۆی نەچونی خوێنەوە رەشبۆتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا كە دەكرێت ئەو حاڵەتە بەهۆی چەند هۆكارێكەوە بۆ بێت كە یەكێك لەوانە خراپ دانانی كانیولاكەیە.
وتیشی”بڕینەوەی دەشتی ئەو منداڵە ناچاری بوە، ئەگەرنا بەمەترسی بۆ سەر ژیانی دادەنرا”.