فەرماندەی گشتی هێزەکانی هەپەگە لە شنگال ڕایگەیاند، ئامادەن بۆ وەڵامدانەوەی هەر جۆرە هێرشێکی سوپای تورکیا، داواشی لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، خۆیان بەدوور بگرن لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا.
عەگید جڤیان فەرماندەی گشتی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، کە باڵی سەربازی پەکەکەیە، ٦ ی نیسانی ٢٠١٧ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی حکومەتی تورکیا، هێرشکردنە سەر پەکەکە لە شنگال بۆ بانگەشەی ڕیفراندۆمی دەستووری تورکیا بەکاردەهێنن، وتیشی ئەگەری ئەوە هەیە تورکیا ئۆپراسیۆنێک دژی پەکەکە ئەنجام بدات.
داواشی لە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە کرد، خۆیان نەخەنە شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیاوە.
عەگید جڤیان وتیشی، هەرچەندە حکومەتی عێراق و هێزەکانی دیکەی باشووری کوردستان دژایەتی خۆیان بۆ هاتنی هێزی تورکیا بۆ عێراق دەربڕیوە، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە سوپای تورکیا بەهاوکاری و پشتگیری لایەنێکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆن دژی پەکەکە لە شنگال ئەنجام بدات.
پێشتریش ڕۆژنامەى یەنى شەفەقى نزیک لە حکومەتى تورکیا بڵاویکردەوە، تورکیا پلانى ئۆپراسیۆنێکى نوێى هەیە دژ بە پارتى کرێکارانى کوردستان لە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان.
بەپێى ڕاپۆرتى ڕۆژنامەکە، ئۆپەراسیۆنەکەى تورکیا لە کۆتایى مانگى نیسان و سەرەتاى ئایاردا بەڕێوەدەچێت و ئۆپەراسیۆنەکەش پەکەکە لە شنگال بە ئامانج دەگرێت.
هەرچەندە بەرپرسانى تورکیا زانیارییەکانى ئەو ڕۆژنامەیان پشتڕاست نەکردووەتەوە، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا لەماوەى چەند ڕۆژى ڕابردوودا ئاماژەى بەوەداوە کە ئەنجامدانى ئۆپەراسیۆن لە باکوورى عێراق یەکێکە لەو بژاردانەى لەبەردەمیاندایە.
سەرچاوە : NRT