21مین کۆنگرەی، کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە دووەم ڕۆژیدا بەردەوامە و بەیاننامەیەک سەبارەت بە هێرشەکانی تورکیا و ئێران لەسەر گەلی کورد و گۆشەگیریی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە لە ئەنجومەنی گشتی کەنەکەدا بە کۆی دەنگ پەسەند کرا.
نوێنەری دەیان حیزب و ڕێکخراوەکانی کوردستانی، کەسایەتی سەربەخۆ و ئەندامانی کەنەکە، لە چوارچێوەی ٢١مین کۆنگرەی کەنەکەدا لە شاری ڤێنلوی هۆڵەندا کۆبوونەوە و کۆبونەوەکە لە دووەمین رۆژدا بەردەوامە.
لە دووەم رۆژی کۆنگرەکەدا راگەیەندراوێکی هاوبەشی حزبە کوردستانی و رێکخراوە کوردستانیەکان لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتانی ئێران و تورکیا و گۆشەگیری سەر عەبدوڵلا ئۆجالان رێبەری پەکەکە و بە تایبەتی دۆخی رۆژئاوای کوردستان بڵاوکرایەوە.
بەشێک لە راگەیەندراوی کەنەکە لەبارەی دۆخی کورد لە ناوچەکە و مەترسیەکانی سەر کوردستان بەم شێوەیەیە:
“دەوڵەتی تورکیا بە دەستی چەکدارە تاریکەکانی، بۆمبێکی لە ئەستەنبوڵ تەقاندەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی پلانی هێرشکردنە سەر رۆژئاوای کوردستان و لە ئەنجامدا چەندین کەسی بێتاوان گیانیان لەدەستدا. هەموو جیهان زۆر باش دەزانێت کە تەقینەوەکە هیچ پەیوەندییەکی بە هێزەکانی کوردستانەوە نییە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا، لە یەکەم ساتەوەختەوە، خۆبەڕێوەبەری باکور و رۆژهەڵاتی سوریای تاوانبار کرد و هێرشەکانی دەست پێکرد. دەوڵەتی تورکیا بە جەرابلوس، عەزاز، عەفرین، گرێ سپی، سەرێکانی رازی نەبووە، ئێستا دەیەوێت کۆبانێ و هەموو ناوچەکانی دیکە داگیر بکات. دەوڵەتی تورکیا کە ماوەی دوو هەفتەیە لە ئاسمان و زەویەوە گەلانی کوردستان بۆردومان دەکات، چاوی بڕیوەتە تەواوی رۆژئاوای کوردستان.
دەوڵەتی تورکیا لە ژێر دەسەڵاتی ئەردۆغان و بەرەی فاشیستی/رەگەزپەرستی ئاکەپە-مەهەپە، سیاسەتێکی سەربازی و داگیرکەری لە ناوەوە و دەرەوە بەڕێوە دەبات. ئەردۆغان و دارودەستەکەی تورکیایان کردووەتە زیندان. دەوڵەتی تورکیا بەهۆی خەرجی جەنگ و گەندەڵی رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری گەورە بووەتەوە. چارەسەری کێشەکان لە شەڕدا دەبینن. هەموو راپرسیەکان ئەوە نیشان دەدەن کە ئەردۆغان و هاوبەشەکانی لە هەڵبژاردنەکاندا دەدۆڕێن، ئەگەر هەڵبژاردن بە شێوەیەکی شەفاف بەڕێوە بچێت.
‘سیاسەتەکانی ئێران قبوڵ ناکرێن’
رژێمی ئێران لەگەڵ ئەوەی لە قەیرانێکی گەورەی سیاسی، ئابوری و کۆمەڵایەتیدایە، بەڵام سەرقاڵی ململانێیە. حکومەتی ئێران کە وڵاتی کردووە بە زیندان بۆ هەموو گەلان و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان و ژنان، بە سەرکوتکردنی گەلان هەوڵی مانەوە دەدات. زوڵم و گۆشەگیری بە تایبەت لە دژی ژنان قورستر بووە. دوای کوشتنی ژینا ئەمینی، راپەرینی گەلان کە لە هەموو ئێران بە سەرکردایەتی گەلەکەمان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێکرد، ماوەی دوو مانگ و نیوە بەردەوامە. رژیم بە هەموو دەرفەت و دەسەڵاتیەوە، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرش دەکاتە سەر خۆپیشاندەران و تا ئێستا بە سەدان کەس کوژراون، بە هەزاران کەس بریندار بوون و دەیان هەزار کەسیش دەستگیر کراون. بەڵام دەسەڵات هەرچییەک بکات، ناتوانێت رێگری لە گەلان بکات. ئاشکرایە کە رژێم ناتوانێت بەم شێوەیە درێژە بە هەبوونی خۆی بدات و گۆڕانکاری و شۆڕش لە ئێراندا ئەنجام دەدرێت.
‘ئەگەر گۆڕانکاریەکان سەرکەوتووبن، دەرفەتی نوێ و ئەرێنی دەخوڵقێن’
نائارامی و قەیرانەکان لە کوردستان و ناوچەکەدا بەردەوامن. جگە لەوەی مەترسی هەیە، ئەگەر کورد سەرکەوتوو بێت، دەرفەتی نوێ و ئەرێنی دەخوڵقێن. ئایندەی عێراق نادیارە و ناسەقامگیری زاڵە. دۆخی سوریا لە ئێستاوە روونە و پێدەچێت بۆ ماوەیەکی زۆر ئاسایی نەبێتەوە. وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا، ئێران بەرەو گۆڕانکارییەکی نوێ دەڕوات. تورکیاش هەرچەندە خۆی بەهێز دەکات و رووداوەکانی وەک جەنگی روسیا و ئۆکراین لە بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت، بەڵام لە قەیرانێکی قوڵدایە و ئایندەی نادیارە.
‘کاردانەوە بەرامبەر بە بێدەنگی ئەوروپا’
ئێمە بە توندی ئیدانەی ئەو هێرشانە دەکەین کە دەوڵەتی تورکیا بە چەکی کیمیایی و چەکی قەدەغەکراو لە دژی هێزەکانی گەریلا ئەنجام دەدات. بێدەنگی نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی، یەکێتی ئەوروپا، کۆنسەی ئەوروپا و زلهێزەکانی جیهان لە بەرامبەر بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو، جێگەی قبوڵکردن نییە. بە بەکارهێنانی ئەو چەکانە تاوانی دژی مرۆڤایەتی ئەنجام دەدرێت. ئێمە ئەو ڕێکخراو و هێزانە بە بەرپرسیار دەزانین و داوایان لێدەکەین بە زوترین کات ئەرک و بەرپرسیاری خۆیان جێبەجێ بکەن.
‘هەڵمەتی ئازادی بۆ ئۆجالان فراوان بکەین’
ئێمە ئەو گۆشەگیرییە قورسەی سەر عەبدوڵلا ئۆجالان قبوڵ ناکەین و دەوڵەتی تورکیا ئیدانە دەکەین. بە هەمان شێوە بێدەنگی کۆمیتەی بەرەنگاربوونەوەی ئەشکەنجەی سەر بە یەکێتی ئەوروپا (سی پی تی) و کۆنسەی ئەوروپا قبوڵکراو نییە و داوا لەو دامەزراوانە دەکەین، بەرپرسیارێتی خۆیان بە زووترین کات جێبەجێ بکەن. هاوکات پشتیوانی لەو هەڵمەتە دەکەین کە بۆ ئازادی بەڕێز ئۆجەلان دەستی پێکردووە و داوا لە هەموو کورد و دۆستانی گەلی کوردستان دەکەین بەشداری ئەم هەڵمەتە بکەن.”