ئازاد ئارمان :
سەد و نۆزدە سال لەمەوبەر لە ١٤ی ئازاری ساڵی ١٨٨٣ کارل مارکس یەکێک لە هەڵکەوتووترین ڕابەرانی بزووتنەوەی کرێکاری و کۆمۆنیستی جیهانی، هەروەها دامەزرێنەری سۆسیالیزمی زانستی بۆ هەتا هەتایە گیانی لە دەست دا. ئەو ئینسانەی سەدەیەک زیاترە کۆچی دوایی کردووە. بەڵام لە هەڵبژاردنێکی ئەنتەرنێتی لە ساڵی ٢٠٠٠دا بە بەناوبانگترین کەسایەتی هەزارەی سێیەم دەردەچێت.
کارل مارکس لە ٥ی ئایاری ساڵی ١٨١٨ لە شاری “تیر” لە پروسیا دایک بووە. باوکی پارێزەر بووە و لە ئاینی جولەکەیی یەوە بووە بە پرۆتستانی، دایکیشی هەر وابووە. ژیانی خێزانی خۆشگوزەران و بە شێوەیەکی لیبرالی پەروەردە بووە. مارکس لە ساڵی ١٨٣٠ گەیشتۆتە قۆناغی دواناوەندی کە بە قۆناغێکی تازە دادەنێرت لە ژیانیدا. هەروەها لە ساڵی ١٨٣٥دا لە کۆلیژی یاسا قەبوول کراوە و دواتریش لە ساڵی ١٨٤١ دا خوێندنی دکتۆرای تەواو کردووە.
مارکس پێش ئەوەی بە فەیلەسوفێکی مەزن یان ئابووریناسێکی دیار دابنرێت (کە ئەمانە هەمووی بووە) بەر لە هەموو ئەمانەیش مارکس تێکۆشەرێکی شۆڕشگێر بووە و هەموو ژیانی خۆی تەرخان کردووە لە پێناوی رزگاری چینی کرێکارانی جیهان. جیاوازی بنەرەتی ئایدیاکانی مارکس لە گەل باقی فەیلەسوف و سیاسەتمەدار و ئابوورناسەکانی تر ئەوە بووە، ئەوان تەنها شرۆڤی جیهانیان لە ئەستۆ گرتووە. بەڵام مارکس هەم شرۆڤە و لێکدانەوەی جیهانی کردووە هەم تیۆریی گۆرینی کۆمەڵگای سەرمایەداری دەست نیشان کردووە، ئەمەش بە رۆشنترین شێوە لە گەل ئەنگلسی هاورێی لە مانیفێستی کۆمۆنیست لە ساڵێ ١٨٤٨ دا بەیانیان کردووە.
لە کاتێکدا یادی مەرگی مارکس دەکەینەوە، پێداگرتن لە سەر بنەما بنچینەییەکانی بیری مارکس کارێکی زەروری و پێویستە و دەبێت سۆسیالیستەکان وەکو پرەنسیپێک پەیرەوی لێ بکەن و لە شێواندن بی پارێزین. بەڵام لە هەمان کاتیشدا نابێ وەکو دۆگم سەیری ئایدیاکانی مارکس بکرێت و بپەرسترێت. ئەمە پێچەوانەی گیانی زیندووی مارکسیزمە. پێداگرتنی مارکس لە سەر دەورونەخشی چینی کرێکاران وەکو چینێکی شۆڕشگێڕ و گۆرهەڵکەنی سیستەمی سەرمایەداری یەو تاکە چینە قازانجی لە نەمانی “مولکداریەتی تایبەتی”دایە، بەکورتی بۆ نەمانی چەوساندنەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە.
پێداگرتنی مارکس لە سەر خەباتی نێونەتەوەیی چینی کرێکاران لە بەرامبەر نێونەتەوەیی بوونی چینی بۆرژوازی. کورت کردنەوەی ئەم ئامانجەی مارکس لە ژێر دروشمی ” کرێکارانی جیهان یەکگرن”، هەروەها پێداگری مارکس لە سەر پێویست بوونی ” حیزبی کۆمۆنیست” ئەم ئایدیانەی لە دوای ئەزموونی شکستی کۆمۆنەی پارس بوو وای لە مارکس کرد زیاتر پێی لە سەر دابگرێت. یەکێکی تر لە بنەما بنەرەتییەکانی ئایدیای مارکس ئەوە بوو دەبێت چینی کرێکاران بۆ رزگاربوونیان لە ژێر دەستەیی چینی سەرمایەداران. دەبێ لە بیری گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی خۆی دا بێت. بۆ گەیشتن و هێنانەدی ئەم ئامانجەش پێویستە چینی کرێکاران لە خوارەوەرا خۆیان رێکخراوە بکەن لە کارگە و کارخانەکانەوە بگرە هەتا گەرەکەکان و تەواوی وڵات هەر وەکو مارکس خۆی دەڵێت: ” رزگاری چینی کرێکاران، بەندە بە خەباتی خودی چینی کرێکاران خۆیانەوە”. مارکس ئەو کاتە ئەم قسەیەی کرد کاتێ “بلانکییەکان” بانگێشەی ئەوەیان دەکرد بە گرووپێک بە بێ چینی کرێکاران دەتوانن رزگاری بۆ چینی کرێکاران بە دەست بهێنن و سۆسیالیزم بنیات بنێن. ئەمەش بۆ خۆی لە کردەوەدا بێجگە لە خەون و خەیالاتی وردە بۆرژوازی هیچی تر نییە.
کاتێ مارکس باس و بابەتە تیۆریی یەکانی خۆی دەنووسی و بڵاویدەکردەوە لە ناوەراستی سەدەی نۆزدەهەم ئەو کات سەرمایەداری تەنها لە بەشێک لە ئەوروپا خەریکی گەشەی خۆی بوو و چینی کرێکاران لەوێدا دەبینرا، بەڵام ئەمرۆ سەرمایەداری گەیشتۆتە هەر پێنج قارەی جیهان و هیچ شارو گوندێک نەماوە سەرمایەداری دەستی پێ رانەگەیشتبێت. هەروەها لە رووی چەندایەتی و چۆنایەتیشەوە دەورونەخشی چینی کرێکاران بەراورد ناکرێت بەو دەورانەی کە مارکسی تیایدا ژیاوە. لە لایەکی ترەوە مارکس کەمترین ئەزموونەکانی خەباتی چینایەتی بینیوە لە ژیانی دا. تەنیا شۆڕشێک لە دەورانی ژیانی مارکس دا رووی دابێت کۆمۆنەی پاریس بوو، هەموو شۆرش و راپەرینەکانی تر دوای مەرگی مارکس روویان داوە. بە تایبەتی دەورونەخش و جێگای گرنگی شۆڕشی ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩١٧ی روسیا، شۆڕشی ئەلمانیای ساڵی ١٩١٨ – ١٩٢٣، شۆڕشی ئیسپانیای ساڵی ١٩٣٦ …. هتد.
هەروەها مارکس لە سەردەمانێک ژیاوە و خەباتی کردووە سەرمایەداری تازە وەکو چینێک لە چەند وڵاتێک دەسەلاتی بەدەستەوە گرتبوو. هێشتا ئەم هەموو درندەیی و جەنگ و قەسابییە بە سەر مرۆڤایەتییەوە نەهاتبوو. بەڵام دوای تێپەرینی ١١٩ ساڵ بە سەر مەرگی کارل مارکس دا. ئەمرۆ سیستەمی سەرمایەداری و دەسەڵاتی بۆرژوازی لێوان لێو پڕە لە تاوانکاری و دڕندەیی و کوشت و کوشتاری ئینسانەکان، جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانی لە سەدەی بیستەمدا و چەندین شەری ناوچەیی وەکو شەری ڤێتنام و عێراق و ئێران و جەنگی خەلیج و و یوگسلافیای پێش و ئەفگانستان …هتد. هەروەها نوێترینیشیان شەری ئیمپریالیستی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئەفگانستان و لە داهاتووشدا لە عێراق و ئێران و کۆریای باکوور … هتد.
سیستەمی سەرمایەداری ئەمرۆ گەیشتۆتە قۆناغێک بێجگە لە برسیەتی و هەژاری و بێکاری ملیۆنی و بەربەریەت هیچی تری لە هەگبەدا نییە. چاوگێرانێک بە سەر کارو کردەوەکانی ئەم سیستەمە نیشانی دەدات کە چەندە نەک هەر دژی ئینسانییە، بەڵکو دژی گیانەوەر و سروشت و ژینگەشە. بە تایبەتیش دەوری دڕندەیی دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان و ڕێکراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو سندوقی دراوی جیهانی، بانکی جهیانی و سەنتەری بازرگانی جیهانی لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیمپریالیزمی ئەمریکی.
تەنیا دوو رێگە لە بەردەم مرۆڤایەتی دا بوونی هەیە، یان ئەوەیە دەبێت بەربەریەتی ئەم نیزامە قەبوول بکەین و بەربەریانە بژین، یاخود تێبکۆشین و خەبات بکەین بۆ دونیایەکی باشتر بۆ سۆسیالیزم. کۆمەڵگای مرۆڤایەتی ئەمرۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستی بە دونیایەکی ترە، ئەم دونیایەش هەر ئەمرۆ ئیمکانی هەیە و مرۆڤایەتی پێویستی پێیەتی.