
ئەوەی ئەمڕۆ لە کەرکوکدا دەگوزەرێت، هیچ پەیوەندی بە پرسی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە نییە، ئەوەی دەگوزەرێت کۆمەڵە بەرژەوەندیەکی حیزبی و بەرپرسانی حیزبن لەو شارەدا و هەموویان مشەخۆرانە بەربوونەتە جەستەی ئەو شارە، ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێت دەرئەنجامی پیادەکردنی سیاسەتێکی شکستخواردووی هەردوو حیزبی کوردستانە کە بەدرێژایی ١٤ ساڵی رابردوو کە ئەو شارە ڕزگاربووە، ئەو دوو هێزە نەیانتوانیەوە، لەسەر سەرەتاییترین کاری هاوبەشی نێوانیان رێکبکەون.
ئەوەی لەو شارە هەستیارە، سیاسی و ئابوری و دیموگرافییەدا روودەدات، کە دەبوایە کورد نموونەی سەرکەوتووترین حوکمڕانی و ئیدارەو لێبووردەیی و پێکەوەژیانی پێشکەش بکردایە، هیچ نییە و ناکرێت هیچ ناوێکی بۆ بدۆزینەوە، تەنها ئەوە نەبێت کە ئەم رەفتارانە کاری حوکمێکی مافیاویە بەرپرسانی کورد لەو شارەدا ئەنجامی دەدەن، رەفتاری حیزب و بەرپرسانی حیزب و حکومەت لەو شارەدا گەیشتۆتە ئاستێکی ئەوەندە نزم، کە مرۆڤ بێز لە کوردبوونی خۆشی دەکاتەوە.
لە هاتنی چەکدارانی داعشەوە بۆ موسڵ و دواتر گەیشتنی بە سنورەکانی کەرکوک، بەسەدان پێشمەرگەو ئاسایش و پۆلیسی ئەو شارە لەشەڕی ئەو رێکخراوە تیرۆریستیەدا شەهیدبوون، بەڵام بەرپرسانی کورد چ لە ناو خودی شارەکەوە تا درێژدەبێتەوە بۆ سەرکردەی هەردوو حیزب لە هەولێر و سلێمانی لە چاوبرسێتی خۆیان نەکەوتوون و هەمیشە تەماشای کەرکوکیان وەک هەریسەیەکی ئابوری کردووە بۆ دەوڵەمەندکردنی ناشەرعیانەی خۆیان و حیزبەکانیان، کەرکوک لەلای دەسەڵاتدارانی کورد پرسی مرۆڤ و نیشتمان و خاک و زووڵمی سەدان ساڵەی بەعس وحوکمەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق نی یە، کەرکوک لای دەسەڵاتدارانی کورد، تەنها و تەنها پارویەکی چەوری ئابورییە، کار گیشتۆتە ئەوەی ئەگەر بێت و لە دادگایەکی عادیلانەدا دادگای بەرپرسانی هەردوو حیزب و حکومەت لەو شارەدا بکرێت، تا دەگات بە بەرپرسەکانیان لە سلێمانی و هەلێر رەنگە تاک و تەرایان بە پاکێتی لێی دەربچن.
کەرکوک ” نە قودسی” کوردستانە و ” نە دڵی کوردستانە ” کەرکوک شوێنی یەکلاییکردنەوەی دەسەڵاتی نا دیموکراتیانەی پارتی و یەکێتی یە لەو شارەدا، کەرکوک گومێکی لێڵی بێ ساحێبە بۆ یاریکردنی مافیاکانی هەردوو حیزب.
بە درێژایی مێژووی سیاسی کوردستان کەرکوک خاڵی گرنگ و هەستیاری نێوان حکومەتی ناوەندی و کورد بووە، کەرکوک چەندان گفتوگۆ و رێکەوتنی هەڵوەشاندۆتەوە، دنیایەک خەبات و خوێن لە پێناوی ئەو شارەدا بەختکراوە، بەڵام پارتی و یەکێتی، بە ئەندازەی خوێنی شەهیدکێیش رێزیان لەو دەریایە لەشەهید و قوربانی و ماڵوێرانییە نەگرت کە لەپێناو ئەو شارەدا دراوە، جاران لەشەڕدا کەرکوکمان دەدۆڕان، لەم هەلە مێژوویەدا پارتی و یەکێتی لە سیاسەتدا دەیدۆڕێنن.
ئێمە لە سەرەتایەکداین دۆڕاندنی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانی تر لەو بەری رێگاکەوە دیارە، با چاوەڕوانی رۆژانی ئایندە بکەین لەژێر دەستی مافیاکانی حیزبدا زۆر رووداوی تراژیدی تر چاوەڕوانمانە!.
شوان محهمهد: