
د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی كوردستان، لەمیانی پرێس كۆنفرانسێكدا لەپاش سەردانیكردنی زانكۆی هەڵەبجە وتی “ئێستا لە زانكۆ حكومییەكاندا هەشت هەزار مامۆستامان هەیە، لەكاتێكدا لە زانكۆ ئەهلییەكاندا دوو هەزار مامۆستامان هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ژمارەی زانكۆ حكومی و ئەهلییەكانمان وەك یەكە، بۆیە ژمارەی مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكان چوار هێندەی ژمارەی مامۆستایانی زانكۆ ئەهلییەكانە، گەورەترین وزە و توانامان لە زانكۆ حكومییەكاندایە، بۆئەوەی بتوانین پرۆسەی خوێندن لە زانكۆ ئەهلییەكان بەردەوامیی پێبدەین، پێویستە مامۆستایانمان پشتگیری زانكۆ ئەهلییەكان بكەن و ئەوەش هاوكارییەكی گەورەیە بۆ ئەو زانكۆیانە”.
وتیشی “زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی چوونەتە زانكۆ ئەهلییەكان بەشێوەی وانەبێژ دەوام دەكەن. لەم دۆخە داراییە خراپەشدا كە مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكانی تێكەوتوە و حكومەت ناتوانێت شایستە داراییەكانیان پێبدات، ئێمە رێنماییمان دەركردووە، تا هەلیان بۆ بڕەخسێنین بتوانن لە شوێنی تردا كار بكەن تا كەمێك لەو بارە قورسەی بەهۆی پاشەكەوتی موچەوە لەسەر مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكانە، كەمكەینەوە، بۆیە دەتوانم بڵێم 95%ی مامۆستایانی زانكۆ حكومییەكان بەشێوەی وانەبێژ چونەتە زانكۆ ئەهلییەكانەوە، ئەوەی تر كە رۆیشتوون بەشێوەی ئیعارە چوون كە لە یاسای وەزارەتی خوێندنی باڵادا هەیە وەزارەت دەتوانێت سێ ساڵ بەلانیكەمەوە بوار بداتە ئەو مامۆستایانەی دەیانەوێت بچنە زانكۆ ئەهلییەكانەوە، بەجۆرێك موچە و ئیمتیازاتی مامۆستاكە دەچێتە سەر زانكۆ ئەهلییەكە، بەڵام خزمەتەكەی لە زانكۆ حكومییەكەدا بۆ هەژمار دەكرێت، ئەم بابەتە لە یاسای عیراقیشدا هاتووە و كاری پێدەكرێت و لە سوودی مامۆستایانیشدایە”.