
كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی كوردستان لەكۆڕێكدا لەشاری سلێمانی رایگەیاند:” دوو ساڵە قەیرانی سیاسی لەهەرێمی كوردستان بەردەوامە و تێكڕای دامەزراوەكانی گرتووەتەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بونی قەیرانی ئابووری كە كاری كردووەتە سەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان”، ئەو قەیرانانەشی بە مەترسی بۆ داهاتوی هەرێمی كوردستان وەسفكردووە و ئاماژەی راگەیاندنی پرۆژەیەكیش كرد لەلایەن حزبەكەی لەپێناو دەربازبون لەم قەیرانانەی رووی لەهەرێمی كوردستان كردووە.
بە وتەی كاوە مەحمود: “ئێمە لەگەڵ بەردەوامبونی حكومەتی هەرێمی كوردستانداین وەك حكومەتێكی ئینتیقالی كە كار بكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا”، داواشیكرد حكومەتی هەرێم واز لەو سیاسەتەی ئێستای بهێنێت كە لەڕووی ئابوورییەوە گرتویەتیەبەرو بەپێویستیشی زانی پاشەكەوتی موچە نەهێڵدرێت و بڕیار لەسەر بودجەی 2017 و حساباتی كۆتایی ساڵ بدرێت.
سكرتێری كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعی كوردستان وتیشی: حكومەتی فیدراڵ وەك حكومەتێكی رەها مامەڵە دەكات و ئامادەنییە تێكڕای كێشەكان لەسەر بنەمای دەستور چارەسەر بكات، بۆیە حزبی شیوعی داوا دەكات بەبۆچونی سەرجەم لایەنەكان، دانوستان لەگەڵ ناوەند بكرێت، داواشدەكات كێشەی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان بەڕێگەی ئاشتیانە چارەسەر بكرێت.