وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات رایگەیاند هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات بۆ یەكەمجار هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتیان بە چەكی قورس كردوە.
تەڵال سیلۆ، وتەبێژی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە رۆیتەرزی راگەیاندوە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كە ئەمریكا سەركردایەتی دەكات بۆ یەكەمجار هاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكراتیان بە چەكی قورس كردوە.
تەڵال سیلۆ وتویەتی كە هاوكارییە سەربازییەكان بریتین لە چەند زرێپۆش و بارهەلگری سەربازی كە پێش چوار پێنج رۆژ لەمەوبەر گەیشتونەتە دەستیان.
وێڕای ئەوەی ژمارەی تەواوی ئەو زرێپۆش و بارهەڵگرە سەربازیانەی ئاشكرانەكردوە بەڵام وتەبێژەكەی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە رۆیتەرزی وتوە هەرچەندە ژمارەی ئەو زرێپۆشانە كەمە بەڵام ئەمە وەرچەرخانێكی گەورەیە لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكان.
ئاماژەی بەوەشكردوە كە پێشتر هاوكاری و پاڵپشتی لەو جۆرەیان نەكراوە و تەنیا چەكی سوكیان دراوەتێ. وتوشیەتی”ئەمانە ئاماژەن بۆ ئەوەی كە هێزەكانمان پاڵپشتی تەواو دەكرێن لەلایەن فەرماندەیی نوێی ئەمریكاوە”.
وتەبێژەكەی هێزەكانی سوریای دیموكرات باسی لەوەشكردوە كە ئەو زرێپۆش و بارهەڵگرە سەربازییانە لە شەڕی دژی داعش بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە بەكاردێن.
هێزەكانی سوریای دیموكرات كە شەڕڤانانی یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) پێكهێنەری سەرەكینی، لە رۆژی 6ی تشرینی دوەمی ساڵی رابردو بە هاوكاری هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فوراتیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی رەققە راگەیاند.
سەرچاوەیەكی سەربازی لەو هێزانە بە رۆیتەرزی وتوە كە لە قۆناغی داهاتوی ئۆپەراسیۆنەكەدا ئامانجی هێزەكانی سوریای دیموكرات دابڕینی تەواوەتی شاری رەققە و گرتنی رێگای نێوان ئەو شارە و ئەو ناوچانەی ژێر دەستی داعشە كە دەكەونە پارێزگای دەیرەزور لە باشورەوە.
هەروەها تەڵال سیلۆ وتویەتی كە هێزەكانی سوریای دیموكرات ئامادەكاریان كردوە بۆ ئەنجامدانی چالاكی نوێ دژی داعش لە چەند رۆژی داهاتودا بەڵام وردەكاری نەخستۆتەڕو.