وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی رایگەیاند، هەموو كۆمپانیا و دەزگایەكی كەرتی تایبەت دەبێت گرەنتی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ تەواوی كارمەندەكانی خۆیان بكەن.
محەمەد هاودیانی، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی، رایگەیاند، وەزارەتی كار سندوقی دەستەبەری كۆمەڵایەتی هەیە، هەر كرێكارێك خۆی گرەنتی كردبێت، دەبێت كۆمپانیاكە لەسەدا 12ی موچەی مانگانەی كرێكارەكە، هەروەها كرێكارەكەش لەسەدا پێنجی موچەكەی بدات.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕی پێدانی مانگانەی گرەنتی لەكوردستاندا لە هەموو وڵاتانی دیكە كەمترە، وڵاتان لەسەدا 30 یان دیاریكردووە، بەڵام لەهەرێم لەسەدا 17 ەیە، هەر كرێكارێك خۆی گرەنتی كردبێت و كاری لەدەستدابێت و دەتوانێت پاداشتی كۆتایی وەربگرێتەوە.
هاودیانی رونیشیكردەوە، لەساڵی 2016 دا هەشت ملیار و 250 ملیۆن دیناریان وەكو پاداشتی كۆتایی داوەتەوە بەو كرێكارانەی كاریان لەدەستداوە.
راشیگەیاند، هەر فەرمانبەرێك لە كەرتی تایبەتدا بێت، دەبێت كەرتی تایبەت گرەنتی فەرمانبەرەكەی كردبێت، “لەئێستادا یەكێك لە گرفتەكان ئەوەیە زۆربەی كۆمپانیاكان دەچن فشار دەخەنە سەر كرێكارەكە یان كارمەندەكە، دەڵێن ئەگەر خۆ گرەنتی بكات لە وەزارەتی كار، ئەوا لەكارەكەی دووری دەخرێتەوە، كە ئەوە ستەمێكی گەورەیەو ئەوان چەندین لیژنەیان هەیە و بەدواداچوون بۆ دەكەن”.
وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی وتیشی، كرێكاران دەتوانن لە رێگەی دادگای كارەوە داوای مافی خۆیان بكەن ئەگەر كارەكانیان لەدەستدا، “ئەگەر لەكەرتی تایبەت كاریان كردبێت و گرنتیان نەكردبێت ئەوا دەتوانن پەنا بۆ دادگا ببەن، وەزارەتیش پشتگیری دەكات، چەندین كەسیش مافی خۆیان بەو رێگایە وەرگرتووەتەوە”.