ئاڵا له‌تیف:
فشاره‌کان له‌سه‌ر ئه‌و لیژنه 21 که‌سییه چڕترده‌بێته‌وه که‌ئاماده‌کاری ده‌که‌ن بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ستوری هه‌رێم بخرێته راپرسیه‌وه، گروپێکی فراوان له‌ڕێگه‌ی که‌مپینێکه‌وه ده‌یانه‌وێت 50 هه‌زار واژۆ کۆبکه‌نه‌وه بۆ پشتیوانیکردن له‌داڕشتنی ده‌ستورێکی سیکۆلارو پشتبه‌ستوو به‌جاڕنامه گه‌ردونیه‌کانی مافی مرۆڤ.
ئه‌و هه‌وڵه نوێیه بۆ کۆکردنه‌وه‌ى ئیمزا که‌ئه‌مڕۆ ده‌ستپێده‌کات، وه‌ک وه‌ڵامێک ده‌بینرێت بۆ هه‌وڵ‌و داواکاریه‌کی پێچه‌وانه، که‌یه‌کێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان پێی هه‌ستاوه.
ئه‌و یه‌کێتیه له 24/6 نامه‌یه‌کی ئاراسته‌ی لیژنه‌ی ئاماده‌کاری ده‌ستور له‌په‌رله‌مانی کوردستان کرد‌و تێیدا جه‌خت له‌وه‌ده‌که‌نه‌وه، «ده‌ستور گوزارشت له‌ناسنامه‌ی مسوڵمانێتی هاوڵاتیانی کوردستان بکات».
یه‌کێتی زانایان به‌ده‌نگێکی توندتر داوا ده‌کات شه‌ریعه‌تی ئیسلام رۆڵێکی سه‌ره‌کی پێبدرێت له‌یاساداناندا، ئه‌وه‌ش له‌ده‌ستوردا بچه‌سپێت «که‌نابێت هیچ یاسایه‌ک پێچه‌وانه‌ی نه‌گۆڕه‌کانی ئیسلام ده‌ربچێت».
به‌ڵام گروپێک که‌چالاکوانانی کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و ئه‌کادیمی و رۆشنبیران‌و داکۆکیکارانی مافه‌کانی ژنانن، له‌چوارچێوه‌ی ناوه‌ندی سیکۆلاردا ده‌ستوبرد ده‌که‌ن بۆ به‌ڕێوه‌بردنی که‌مپینێکی سه‌رانسه‌ری بۆ داڕشتنی ده‌ستورێکی سیکۆلار.
کۆکردنه‌وه‌ی ٥٠ هه‌زار واژۆ ته‌حه‌دایه‌که که‌ئه‌وان ده‌ڵێن «ده‌بێت بیکه‌ین».
له‌ڕێگه‌ی ئه‌و که‌مپینه‌وه گروپه‌که ده‌یه‌وێت کۆده‌نگیه‌کی جیاواز له‌سه‌ر سیمای نوێی ده‌ستوری هه‌رێم پیشانبدات، به‌وه‌ی «به‌ره‌یه‌کی فراوانی کوردستان له‌گه‌ڵ بونی ده‌ستورێکی سیکۆلاردایه نه‌ک ده‌ستورێکی ئاینی»، وه‌ک ئه‌وان جه‌ختی لێده‌که‌نه‌وه.
فوئاد مه‌جید میسری، نوسه‌رو روناکبیر که‌یه‌کێکه له‌به‌شداربوانی که‌مپینه‌که، به‌هاوڵاتی وت «ئێمه ده‌مانه‌وێت فشارێک دروستبکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی چاوخشاندنه‌وه‌یه‌کی جددی بکرێت به‌ده‌ستوری هه‌رێمی کوردستان».
که‌مپینه‌که له‌ئه‌مڕۆوه 30/6 ده‌ستپێده‌کات، لیژنه لۆکاڵیه‌کان له‌پارێزگاو قه‌زاو ناحیه‌کاندا ده‌ستبه‌کارده‌بن بۆ دابه‌شکردنی فۆڕمی کۆکردنه‌وه‌ی واژۆکان، هاوکات له‌ڕێگه‌ی ئینته‌رنێتیشه‌وه ده‌نگدان بۆ ده‌ستورێکی سیکۆلار کۆده‌کرێته‌وه.
«ده‌مانه‌وێت سیستمێکی سیکۆلار بنیاتبنێین له‌ڕێگه‌ی ده‌ستورێکی سیکۆلاره‌وه، ئاواش کار بۆ بنیاتنانی کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی ده‌که‌ین»، فوئاد وای وت.
به‌لای ئه‌وه‌وه، ئه‌مه سه‌ره‌تای هه‌نگاوێکه که‌ده‌بوو راسته‌وخۆ له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه کاری بۆ بکرایه، ئه‌وکاته‌ی خه‌ڵک تینوی ئازادی بوو، ئێستاش خۆیان له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کدا ده‌بیننه‌وه که بۆ بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کانی بسه‌لمێنن، «خه‌ڵکێکی زۆر» ده‌ستورێکی ئیسلامی ره‌تده‌کاته‌وه.
فوئاد مه‌جید میسری وتی «به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بیروڕایانه‌وه بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌که‌ن، که ئه‌وان نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵک ده‌که‌ن، له‌کاتێکدا هه‌موو بزوتنه‌وه ئیسلامیه‌کان له‌سه‌دا 15ی ده‌نگی خه‌ڵکی کوردستانیان هه‌یه، که‌واته سه‌دا 85ى پێی باشه‌و به‌لایه‌وه په‌سه‌نده که‌ده‌ستورێکی سیکۆلارو کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی مه‌ده‌نی بێته‌کایه‌وه«.
به‌ڵام پاساوی یه‌کێتی زانایان بۆ داواکه‌یان ئه‌وه‌یه «زۆرینه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵکی کوردستان مسوڵمانن».
به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵمه‌ته‌که ده‌ستپێبکات، ئه‌ندامانی ناوه‌ندی سیکۆلار به‌پڕۆژه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌و لیژنه ٢١ که‌سیه کۆبونه‌وه که راسپێردراون بۆ ئاماده‌کردنى ده‌ستوری هه‌رێم، لابردنی ماده‌ی شه‌شه‌می ره‌شنوسی ده‌ستوریش خاڵی یه‌که‌می داواکاریه‌کانیانه که شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌کاته سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌کی یاسادانان.
فوئاد ده‌ڵێت «لیژنه‌که لێیان وه‌رگرتوین، تاچه‌ند پشتیوانی ده‌بن نازانین، ئه‌مه‌ش هه‌ر هه‌نگاوێکی تره، بۆ فشارخستنه‌سه‌ر لیژنه‌که.»
به‌ڕێوه‌به‌رانی که‌مپینه‌که ده‌یانه‌وێت به‌کۆکردنه‌وه‌ی ٥٠ هه‌زار ئیمزا «شه‌رعیه‌تی یاسایی» بۆ هه‌موارکردنه‌وه‌ی ده‌ستور به‌ده‌ستبهێنن.
به‌ڵام حاکم له‌تیف ئه‌مین، پسپۆڕی بواری ده‌ستور، ده‌ڵێت «ئه‌و 50 هه‌زار ئیمزایه هیچ شه‌رعیه‌تێکی یاسایی نابێت، ته‌نیا ئه‌وه‌یه که‌ده‌کرێت وه‌ک فشارێک بۆ سه‌ر لیژنه‌که‌و په‌رله‌مان به‌کاربهێنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رای ئه‌و زۆرینه‌یه له‌به‌رچاوبگرن که‌ده‌ستورێکی ئیسلامی‌یان ناوێت».
حاکم له‌تیف ده‌شڵێت که‌خۆی له‌گه‌ڵ ده‌ستورێکی عیلمانیه، «ئه‌زمونی وڵاتانی دیموکرات‌و ده‌ستوریش پێمانده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت ده‌وڵه‌تێکی ده‌ستوری دابمه‌زرێنین که‌هی هه‌موو ئاین‌و نه‌ته‌وه‌کان بێت، ده‌بێت هیچ ئاین‌و مه‌زهه‌ب‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ک ره‌سمی نه‌بن».
د. سالار باسیره، پسپۆڕی بواری زانستی سیاسی که‌هاوکات یه‌کێکه له‌دامه‌زرێنه‌رانی ناوه‌ندی سیکۆلار، که‌مپینه‌که به‌گرنگ داده‌نێت بۆ فشار دروستکردن به‌وپێیه‌ی لیژنه 21 که‌سیه‌که‌ی داڕشتنه‌وه‌ی ده‌ستور له‌حزبه‌کانه‌وه پێکهاتون، ده‌ڵێت «لیژنه‌یه‌کی حزبیه‌و رای ئه‌کادیمیست‌و سیکولاریسته‌کان‌و لایه‌نه بێلایه‌نه‌کانی هه‌رێمی به‌هه‌ند وه‌رنه‌گرتوه، هه‌ربۆیه گه‌ل بێبه‌شه له‌داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌ستوره‌دا».
باسیره پێشیوایه ده‌بێت کاردانه‌وه‌ی توند نیشانبدرێت‌و فشاریش بۆ فه‌شه‌لپێهێنانی ئه‌و پڕۆژانه بکرێت که‌کار بۆ به‌ئیسلامیکردنی ده‌ستور ده‌که‌ن.
هه‌روه‌ها به‌پێویستی ده‌زانێت مه‌وقیفی راسته‌قینه‌ی حزبه کوردیه‌کانیش له‌به‌رامبه‌ر به‌ده‌ستوردا ئاشکرابکرێت، ده‌ڵێت «گرنگه ئه‌و دوڕوییه‌ی حزبه‌کان بۆ خه‌ڵک به‌رچاوبخه‌ین که له‌ده‌ره‌وه لایه‌نگری عه‌لمانیه‌تن‌و له‌ناو لیژنه‌که‌دا پێش ئیسلامیه‌کان ده‌که‌ون‌و ده‌ڵێن ده‌بێت ئیسلام شوێنێکی تایبه‌تی هه‌بێت».