“رادیۆی کوبانی”، یەکێک بو لەفیلمە دۆکۆمێنتییەکانی ڤێستیڤاڵی جیهانی دوهه‌زارو شانزه له‌شاری ئه‌مستردامی پایته‌ختی هۆڵه‌ندا، کە به‌باشترین فیلمی دۆکۆمێنتی هۆڵه‌ندی هه‌ڵبژێردراو خه‌ڵاتی پێبه‌خشرا. هەر لەو پەیوەندەدا، ئه‌م فیلمه یانزه جار له‌هۆڵی سینه‌ماکانی ئه‌مستردامدا، نمایش کرا.
بێریڤان جه‌مال حه‌مه سه‌عید: ئەم فیلمە لەدەرهێنانی رێبەر دۆسکییە (٤١ ساڵه)و بابەتەکەی لەسەر هێرشی داعشە بۆ داگیرکردنی کۆبانی‌و بەڕەنگاربونەوەی جەماوەری خەڵکەکەیەتی لەبەرامبەر ئەم هێرشەداو رزگارکردنی. له‌لایه‌ک سیمای دیمه‌نی دڵته‌زێنی شارێکی وێران‌و کاولکراو پیشان دەدات، که چۆن لاشەی شێواو‌و پارچه‌پارچه‌کراو له‌ناو داروپه‌ردوی ئەم شارە وێرانەدا به‌شۆفڵ ده‌رده‌هێنرێن، له‌لایه‌کی تریشەوە، هێزو توانای لەبننەهاتوی دانیشتوانی بەیان دەکات، کە چۆن زاڵ دەبن بەسەر ئه‌م بارودۆخه پڕکارەساتەو چ هەوڵ‌و کۆششێکی پڕزەحمەت دەدەن بۆ دەستپێکردنەوە بەژیان‌و ئاوەدانکردنەوە‌ی شارەکە لەپاش ئەم هێرشە.
لەدیمانەیەکدا بۆ ئاوێنه، رێبه‌ر دۆسکی ئاماژه بەوە دەکات، “که ده‌یه‌وێت لەڕێگای ئەم فیلمەوە، کۆبانی لەدوای کاره‌ساتی جه‌نگ به‌جیهان بناسێنیت، جێگەیەک کە لەکاتی رودانی جەنگەکەدا، تەواوی زومی کامێراکانی جیهان روی تێکردبو، سات بەسات روماڵی روداوە پڕ تراجیدییەکانی دەکرد، کەچی کۆبانی دوای جەنگ، کاتێک کە خەڵکەکەی بۆ ئاوەدانکردنەوە‌ی پێویستی بەوپەڕی هاوکارییە، کامێرەکان باریان کردوەو جیهان لێی بێئاگایە.”
کچێکی گەنجی کوردی تەمەن بیست‌و دو ساڵ، دیڵۆڤان کۆکیی هه‌واڵنێرو بێژه‌ری وێستگه‌ی رادێوی کۆبانی له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کیدا پرۆگرامه‌کانی پێشکه‌ش ده‌کات. “رادیۆی کۆبانی” لەزمانی ئەم بێژەرەوە، هەواڵی روداوەکانی رۆژانەی شەڕ، پێشڕەوی جه‌نگاوه‌رانی کوبانی، هەلومەرجی ژیانی ئاواره‌کان، خەڵک‌و جەنگاوەران دەڵێن چی، بڵاوده‌کاته‌وه‌و جیهانی لێ‌ئاگادار دەکاتەوەو هەروەها لەگەڵ موزیک. لەپاش جەنگیش “رادێو کۆبانی” رۆڵی خۆی دەگێڕێت له‌ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی شاره‌که‌و دەبێتە هۆکارێکی ئەرێنی بۆ یەکڕیزی‌و سەرەتای دەستپێکردنەوەی ژیانێکی نوێ بۆ خەڵكەکەی.
دۆسكی له‌چاوپێکه‌وتنه‌کەیدا ده‌ڵیت:” له‌م فیلمه دکومێنتییەدا، ژن کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کییە، ژن لەناو جه‌نگ، ژن لەسەنگەرەکانی هەرەپێشەوەی بەرگریدایە لەبەرامبەر شاڵاوی سوپایەکی دڕەندە، هەروەها ژن لەڕیزی پێشەوەی خەباتی یەکسانیخوازیدایە لەبەرامبەر کەلتوری پیاوسالاری. بەرگری لەباژێڕی کوبانی، ئیتر به‌ته‌نیا کاری پیاوه جوامێر‌و ئازاکانی گه‌ل نییه. به‌ڵکو هاوکات‌و هاوشان، ئەرکی ژنە دلێرو نه‌به‌ردەکانیشە. ژنانی چەکبەدەستی کوبانی بون بەسیمبوڵ، سیمبوڵێک کە هەمو ژنانی کۆمه‌ڵگایەکی پیاوسالاری لەوڵاتانی خۆرهه‌لاتی ناوه‌ڕاست، چاویان لێیەتی.”
دیڵۆڤانی کۆکیی بێژەر خەیاڵی لەلای منداڵە لەدایکنەبوەکەیەتی، بەو وشانەی کە بون بەوشەی سەردەم، نامەی بۆ دەنوسێت‌و له‌پرۆگرامی ڕادێوکەیدا ده‌یخوێنێته‌وه. چیرۆکی جه‌نگاوه‌ران‌و شەڕی خوێناوی کۆڵان بەکۆڵانی داعشی بۆ باس ده‌کات. لێره‌دا دیڵۆڤان دەبێت بەدیڵۆڤانی تەواو، ده‌رونی پڕ له‌ناسۆرو برینداری خۆی، یاده‌وەرییە پڕئازاراوییەکانی‌و هه‌ستی مرۆڤدۆستی به‌جوانییەکی بێوێنەو زمانپاراوانە ده‌رده‌بڕێت. ده‌نگی هێمن‌و ماتی، گۆمێکه پر له‌ئازارو حه‌سره‌ت، هاوکات هه‌ر هه‌مان ده‌نگه که ئومێدبه‌خش‌و کۆڵنه‌ده‌رە. پێده‌چێت له‌و رێگایەوە بیه‌وێت زاڵ بێت به‌سه‌ر بارودۆخەکەدا، ئەمەش پرۆسه‌ی هێوربونەوەی خۆیه‌تی، له‌یه‌ک کاتدا خۆی تیغه‌و خۆیشی برینه، ده‌رونبرینداره‌و ساڕێژی برینی خۆشی ده‌کات … له‌پرۆگرامه‌که‌یدا رابوردوی خۆی، مێژوی شاره‌که‌ی‌و چیرۆکی رادیۆی کوبانی بۆ رۆڵه له‌دایکنه‌بوه‌که‌ی ده‌گێڕێته‌وه:
“رۆڵه‌ی من! رۆڵە له‌دایکنه‌بوەکەم! له‌پانزه‌ی ئه‌یلولی دو هه‌زارو چوارده‌دا، داعشی چه‌ته، وه‌ک په‌ڵه‌هه‌ورێکی ره‌ش، کەوتنە گیانی شارەکەم، ده‌ستی چه‌په‌ڵیان بۆ درێژکردین، هه‌زارانیان لێئاواره کردین. براکه‌م‌و باوکم له‌گەڵ هەزاران براو باوکی تر له‌به‌ره‌کانی جه‌نگدان.
“ئه‌م چیرۆکه، چیرۆکی من‌و سه‌دانی وه‌کو منه، هاوڕێی منداڵیم شیرین حه‌سه‌ن له‌جه‌نگی بەرگری کوبانیدا، که‌وته ده‌ست تیرۆریسته‌کانی داعش، سه‌ریان په‌ڕاندو له‌مه‌یدانی جرابلس Jarablus هه‌ڵیانواسی، ئیتر له‌و رۆژه‌وه مرۆڤایه‌تی بۆ من مردو نه‌ما، پێکه‌نینی ئه‌و، چاوه‌کانی، قژه جوانه‌که‌ی … من‌و شیرین به‌ڵێنمان به‌یه‌کتری داب‌و، کە کوبانی ئازاد کرا، بۆ چاوبڕكێ له‌گه‌ڵ کوڕان بچین بۆ پارکی شار”.
“رۆڵه‌کەم! گه‌ر بێیته دنیاوه، هه‌نگاو به‌هه‌نگای خاکی من، دڵۆپی خوێنی هاوڕێی منی به‌سه‌ره‌وه‌یه … رۆڵه‌که‌م ئومێد ده‌که‌م ژیانی تۆ له‌م جیهاندا، پڕ خۆشی‌و شادی بێت” .
هه‌ر چه‌نده شاره‌که وێرانه‌و که‌لاوه‌یه، دیڵۆڤان له‌ناو ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌شدا گه‌شبینەو بیر له‌داهاتو ده‌کاته‌وه. له‌گه‌ڵ کچێکی تری هاوڕێی سه‌ردانی پارک ده‌کات، له‌گه‌ڵ ئه‌و کوڕه‌ی که ئاشقی یه‌کتر بون، ژیانی هاوسه‌رگیری پێکدەهێنێت.
هه‌ر وه‌کو ئەوەی رێبەر ده‌ڵێت:” له‌م فیلمە دۆکۆمێنتییه‌دا، دیوێکی تر وێنه‌ی مرۆڤ دەبینین. چاومان بەمرۆڤێک دەکەوێت لەکۆمه‌ڵگا‌یەکدا، که له‌وپه‌ڕی سته‌مدیده‌ییشدا هه‌ستی متمانه‌به‌خۆبونی نه‌دۆڕاندوه‌و بڕوای ته‌واوی به‌خۆی‌و ئیراده‌ی پۆڵایینی خۆی، به‌خه‌ون‌و تواناکانی‌و به‌خه‌بات‌و تێکۆشانی خۆی هه‌یه.”
رێبه‌ر دۆسکی، جیا له‌م به‌رهه‌مه، چه‌ند به‌رهه‌مێکی تری هەیە:
mijn geluk in auschwitz(2012)،
lokroep(2013)
4Ever(2014)
One happy day (2015)
Paardenkracht(2015)
The Sniper of Kobani(2015)
Yezidi Girls(2016)
Meryem de Commmandante (2016)