فاروق ره‌فیق له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و ته‌شهیرانه‌ی پێیكراوه رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م هێرشه كه‌سانی عه‌وام هه‌ڕه‌مه‌كییانه پێی هه‌ڵنه‌ستاون، به‌ڵكو هێرشه‌كه رێكخراوه و هێزێك یا چه‌ند هێزێكی ئیسلامی سیاسی و داموده‌زگای ته‌قلیدیی ئایینی له پشتی ئه‌م هێرشه‌وه‌ن، ده‌شڵێت، له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سوكایه‌تییان پێكردووم، وه‌زیر و په‌رله‌مانتار و پیاوی ئایینی و كادیری پێشكه‌وتووی حزبه ئیسلامییه‌كان هه‌ن.
فاروق ره‌فیق كه یه‌كێكه له توێژه‌ر و نووسه‌ر دیاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان له په‌یجی تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك رونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاو كردووه‌ته‌وه به ناونیشانی (روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌كییه‌ی ئیسلامییه‌كان ) و تێیدا هاتووه: “وه‌ك زۆربه‌تان ده‌زانن، له ماوه‌ی بیستوچوار كاتژمێری رابردوودا رووبه‌ڕووی هێرشێكی ناڕه‌وا، پڕ له سووكایه‌تی و بگره شاڵاوی جوێن و ناوزڕاندن بوومه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانی كوردستانه‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادانه رای خۆم ده‌رباره‌ی ماده‌ی شه‌شی پرۆژه ده‌ستووری هه‌رێم ده‌ربڕیوه كه باس له دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی ئایینی ده‌كات”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه: “ئه‌م هێرشه كه‌سانی عه‌وام هه‌ڕه‌مه‌كییانه پێی هه‌ڵنه‌ستاون، به‌ڵكو له لایه‌كه‌وه هێرشه‌كه رێكخراوه و هێزێك یا چه‌ند هێزێكی ئیسلامی سیاسی و داموده‌زگای ته‌قلیدیی ئایینی له پشتی ئه‌م هێرشه‌وه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌وه، له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سووكایه‌تییان پێكردووم، وه‌زیر هه‌یه، چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ن، پیاوی ئایینی هه‌ن، چه‌ندین مامۆستای زانكۆ و ئینجا ده‌یه‌ها كادری (پێشكه‌وتووی) حیزبه ئیسلامییه‌كان هه‌ن، قوتابیی زانكۆ و چالاكوانی مه‌ده‌نی و به‌ناو رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس هه‌ن”.
له روونكردنه‌وه‌كه‌دا ئه‌وه‌شی وتووه كه دوعای لێخۆشبون بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌كات كه سوكایه‌تی پێده‌كه‌ن و ده‌ڵێت: “بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سووكایه‌تیم پێبكه‌ن، له ته‌ك حه‌زره‌تی مه‌سیحدا ده‌ڵێم (خودایه، خودایه بیانبه‌خشه، چونكه نازانن)”.
ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه
روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌كۆمه‌كییه‌ی ئیسلامییه‌كان
وه‌ك زۆربه‌تان ده‌زانن، له ماوه‌ی بیستوچوار كاتژمێری رابردوودا رووبه‌ڕووی هێرشێكی ناڕه‌وا، پڕ له سوكایه‌تی و بگره شاڵاوی جوێن و ناوزڕاندن بوومه‌ته‌وه له‌لایه‌ن ئیسلامییه‌كانی كوردستانه‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئازادانه رای خۆم ده‌رباره‌ی ماده‌ی شه‌شی پرۆژه ده‌ستووری هه‌رێم ده‌ربڕیوه، كه باس له دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی ئایینی ده‌كات.
ئه‌م هێرشه كه‌سانی عه‌وام هه‌ڕه‌مه‌كییانه پێی هه‌ڵنه‌ستاون، به‌ڵكو له لایه‌كه‌وه هێرشه‌كه رێكخراوه و هێزێك یا چه‌ند هێزێكی ئیسلامی سیاسی و داموده‌زگای ته‌قلیدیی ئایینی له پشتی ئه‌م هێرشه‌وه‌ن. له لایه‌كی دیكه‌وه، له‌ناو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سووكایه‌تییان پێكردووم، وه‌زیر هه‌یه، چه‌ندین ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ن، پیاوی ئایینی هه‌ن، چه‌ندین مامۆستای زانكۆ و ئینجا ده‌یه‌ها كادری پێشكه‌وتووی حزبه ئیسلامییه‌كان هه‌ن، قوتابیی زانكۆ و چالاكوانی مه‌ده‌نی و به‌ناو رۆشنبیر و رۆژنامه‌نووس هه‌ن.
وا دیاره قه‌ده‌ری من بێت یا ئه‌ركی ئه‌خلاقی من بێت كه له‌ڕێگه‌ی پراكتیزه‌كردنی ئازادی و سه‌ر رێگه‌خستنی فیكری ئازادم ببمه مایه‌ی كه‌شفكردنی ماهیه‌تی هێزه‌كان، كه‌شفكردنی ئه‌و راستییه‌ی كه لێره شتێك نییه به‌ناوی ئازادی و كه‌رامه‌تی مرۆڤه‌وه. یه‌كێك له ره‌هه‌نده‌كانی ئه‌م هێرشه رێكخراو و پڕ له سووكایه‌تییه به منی توێژه‌ر و نووسه‌ر كه خۆم به ویژدانی نه‌ته‌وه‌یه‌ك ده‌زانم، خۆم به به‌رجه‌سته‌بووی كۆمه‌ڵێك به‌ها و پره‌نسیپی گه‌وره‌ی گه‌ردوونییانه ده‌زانم، بریتییه له كه‌شفبوونی ماهیه‌تی ئیسلامگه‌رایی و ئیسلامگه‌راكان، ئه‌وانێك كه گفتوگۆی مه‌ده‌نی و عه‌قڵییانه له‌ته‌كیاندا مه‌حاڵه، ئه‌وان سه‌ره‌تا كاره‌كته‌ری كه‌سی بیركه‌ره‌وه و سه‌ربه‌خۆ و ئازاد تیرۆر ده‌كه‌ن و دواجار كه هه‌لیان بۆ ره‌خسا، شمشێر له ملی ده‌ده‌ن.
به تكا سه‌رنجی ئه‌م خاڵه بنه‌ڕه‌تییه بده‌ن، ئێمه له حاڵی حازردا ده‌ستوورمان نییه، پرۆژه‌یه‌كی ده‌ستوورمان هه‌یه كه ماده‌یه‌ك له‌خۆ ده‌گرێت و ده‌ڵێت (شه‌ریعه‌ت سه‌رچاوه‌ی سه‌ره‌كیی یاسادانان ده‌بێت) و (هیچ یاسایه‌ك ده‌رناكرێت پێچه‌وانه‌ی نه‌گۆڕه‌كانی ئیسلام). واته دامه‌زراندنی حوكمڕانیی ئایینی.
ئه‌وان له‌ئێستادا كه حوكمڕانییه‌كه ئایینی نییه، به‌م شێوه‌یه هێرش ده‌كه‌ن و له كه‌رامه‌تی ئینسانیی توێژه‌رێكی سه‌ربه‌خۆ ده‌ده‌ن، ئه‌ی ده‌بێت چی بكه‌ن ئه‌و كاته‌ی ئه‌و مادده‌یه له ده‌ستووردا ده‌چه‌سپێت، واتا حوكمڕانی ئایینی؟ بێ شه‌ك و گومان دادگاكانی پشكنین داده‌مه‌زرێنن بۆ نووسه‌ر و ئازادیخواز و هه‌ر كه‌سێك بیر بكاته‌وه، وه‌ك رایف به‌ده‌ویی سعودی هه‌زار شه‌للاقی لێده‌ده‌ن و گه‌ر نه‌یكوژن، بۆ ساڵانێكی زۆر له زیندانی توند ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و شته ده‌ڵێت كه خۆی باوه‌ڕی پێیه‌تی و كۆیله‌یه‌كی گوێڕایه‌ڵ نییه. ئه‌مه‌یه ماهیه‌تی سه‌ره‌كیی ئیسلامگه‌راكانی كوردستان.
من به سنگی رووته‌وه رووبه‌ڕووی رم و تیره ژه‌هراوییه‌كانیان بوومه‌ته‌وه و به‌م كاره‌شم هه‌م ماهیه‌تی ئه‌و هێزه‌م كه‌شف كرد، هه‌م نیشاندانی ئه‌و ئایینده‌یه‌ی چاوه‌ڕوانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و ئه‌م وڵاته‌یه، سه‌ره‌تاكانی ئه‌و ئایینده‌یه بۆ كه‌سێك خاوه‌نی چاو بێت و بارته‌قای گه‌ردێك عه‌قڵ له سه‌ریدا بێت، وا خۆیمان نیشان ده‌دا ئایینده‌یه‌كی تاریك، ئایینده‌یه‌كی لێوان‌لێو له جه‌ور و سته‌م و نادادپه‌روه‌ری، ئایینده‌ی مه‌رگی مرۆڤی كورد بێت.
حه‌ق ده‌بێت بوترێت، رسته‌یه‌كی ئه‌م چاوپێكه‌وتنه له سیاق ده‌رهێنراوه و زوومی خراوه‌ته سه‌ر، گوایه من باسم له باڵاپۆشی كردووه، نه‌و، من ئاماژه‌م به نیقابی ئافره‌تان كردووه، كه نیقاب هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی نه به كولتووری كوردی و نه به كولتووری ئیسلامییه‌وه هه‌یه، به‌ڵكو زاده‌ی كولتووری عه‌ره‌بییه. ئه‌مه مه‌به‌سته‌كه‌ی من بووه له خێو، ئافره‌تێك كه له ئینسانیه‌تی خۆی داده‌ماڵرێت و له ئازادییه‌كانی و له مرۆڤبوون ده‌خرێت، دیاره كه ده‌بێت به خێو، من نه‌موتووه كه كه‌سێك كه باڵاپۆش بێت خێوه، ئه‌مه شێواندنی قسه‌كانی منه.
من ده‌زانم كه ئه‌م قسه‌یه‌ی من ئیستفزازییه، بگره ناباوه، وتنی شتی ناباو، له هه‌لومه‌رجی سه‌ره‌ولێژبوونه‌وه‌ی كولتووری و هه‌لومه‌رجی له‌ده‌ستدانی توانای هه‌ڵكردن مه‌سه‌له‌یه‌كی ستراتیژییه بۆ شۆككردن و بۆ راچڵه‌كاندنی خودی كۆمه‌ڵگه، بێگومان وتنی ناباو بۆ كه‌سێك كه جورئه‌ت بكات و بیڵێت، سه‌رئێشه دروستده‌كات، به‌ڵام ئه‌گه‌ری زۆره گفتوگۆیه‌ك سه‌ر رێگه بخات، ره‌نگه بشبێته مایه‌ی سه‌رهه‌ڵدانی هوشیارییه‌كی نوێ.
كه‌واته من به مه‌به‌ست باس له بورقه و قیناع ده‌كه‌م وه‌ك داكۆكیكردن له ئینسانیه‌تی ئافره‌ت و له كه‌رامه‌تی، نه‌ك بێڕێزیكردن پێی. هیوادارم هه‌ندێك (رۆشنبیر) كه له فیكر و مه‌عریفه خاڵی بوونه‌ته‌وه و هیچی تریان بۆ وتن نه‌ماوه، خراپ سود له‌م دیبه‌یته وه‌رنه‌گرن و موجامه‌له‌ی ئیسلامییه‌كان و گاڕان نه‌كه‌ن له‌سه‌ر حیسابی عه‌قڵ و له‌سه‌ر حیسابی ئێمه‌ی ئازدیخواز، گه‌ر خۆیان بیر ناكه‌نه‌وه، با نه‌بنه قامچیی ده‌ستی جه‌للاده‌كان.
به‌و كه‌سانه‌ی كه هێرشیان كردووه‌ته سه‌رم، ده‌ڵێم ئه‌خلاق و غرور و كه‌سایه‌تیم رێگه‌م پێناده‌ن دابه‌زمه ئه‌و ئاسته نزمه‌ی ئێوه، من له لوتكه‌وه بۆ خواره‌وه لێتان ده‌ڕوانم و هه‌ر له‌و به‌رزاییه‌شه‌وه درێژه به خه‌باته فیكری و مه‌عریفی و مه‌ده‌نییه‌كه‌ی خۆم ده‌ده‌م دژ به خۆتان و دونیابینییه‌كه‌تان، كه تاریكیی به دیاری پێیه بۆ جیهان، له‌و سه‌ره‌وه له‌گه‌ڵ ولیام رایش پێتان ده‌ڵێم گوێ بگرن ئه‌ی پیاوه گرگنه‌كان.
دوا وته‌شم بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سووكایه‌تیم پێبكه‌ن، ئه‌مه‌یه، له ته‌ك حه‌زره‌تی مه‌سیحدا ده‌ڵێم “خودایه، خودایه بیانبه‌خشه چونكه نازانن”.