نوام چۆمسكی، فەیلەسوفی دیاری ئەمریكی، هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ-ی بە سەرۆكی ئەمریكا وەك مەترسییەكی گەورە لەسەر مانەوەی جۆری مرۆڤ ناوبرد.
قسەكانی نوام چۆمسكی، فەیلەسوفی دیاری ئەمریكی، لەمیانی بیستەمین ساڵیادی دامەزراندنی كەناڵی (دیموكراسی ناو)ی هەواڵیدا هاتن كە لە كڵێسای مێژویی (ریڤەرساید) لە مانهاتن بەڕێوەچو.
لە وتەكەیدا بە لاوانی ئامادەبوی بۆنەكەی وت”ئێوە روبەڕوی كۆمەڵێك كێشە دەبنەوە كە لە 200 هەزار ساڵی رابردوی مرۆڤایەتیدا هەرگیز پێشینەیان نەبوە”.
چۆمسكی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكاوە وتوشیەتی كە لە 8ی تشرینی دوەمی 2016دا كاتێك ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمریكا راگەیەنراوە لەگەڵ هاوسەرەكەیدا لە بەرشەلۆنای ئیسپانیا بوە و كاردانەوەكانی ئەوروپای بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان بە “كفر، شۆك و ترس” ناوبرد.
چۆمسكی ئاماژەی بەوەشداوە كە گۆشەگیربونی ئەمریكا لەچەند رێگەیەكی دیارەوە لە بەرزبونەوەدایە. یەكێك لەو رێگەیانەش بە بڕوای ئەو كە دەكرێ ببێتە هۆی گۆشەگیركردنی ئەمریكا رەتكردنەوەی رێككەوتنی ئەتۆمییە لەگەڵ ئێران لەكاتێكدا ئەو وڵاتانەی دی كە لەگەڵ ئێراندا رێككەوتنی ئەتۆمیان ئیمزاكردوە بە تایبەت وڵاتە ئەوروپییەكان لەو رێككەوتنەدا دەمێننەوە. ئەمەش بەو واتایەیە كە ئەو وڵاتانە سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لەبەرچاوناگرن و بەم پێیەش ئەمریكا زیاتر لەپێشو گۆشەگیر دەبێت تەنانەت لەلایەن ئەوروپاشەوە. لە دۆخێكی ئاوادا تەنانەت دەكرێ ئەوروپا دەست لە دژایەتیكردنی روسیا هەڵگرێت، چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكرێ هاوكاری ئەم رەوشە بكات.
چۆمسكی لەبارەی هۆكارەكانی دیكەی گۆشەگیربونی ئەمریكاوە پێی وایە ئەوەی كە نیوەگۆی رۆژئاوای زەوی شوێنێك بوە ئەمریكییەكانی تیا نەڕەنجێنراوە بۆ ئێستا راست نییە و دەڵێت”لەم سەدەیەدا ئەمریكای لاتین بۆ یەكەم جار بەدرێژایی 500 ساڵی دوایی، خۆی لە ئیمپریالیزمی رۆژئاوا رزگاركردوە. سندوقی نێودەوڵەتی دراو كە لەبنەڕەتدا دەزگایەكی سەر بە وەزارەتی دارایی ئەمریكایە بەگشتی لە ئەمریكای باشور وەدەنراوە و ئیدی هیچ بنكەیەكی سەربازی ئەمریكا لە ئەمریكای لاتین نەماوە”.
چۆمسكی لەدرێژەدا وتویەتی كە لە ساڵی 2015دا ئەمریكا لە دانیشتنە ئیقلیمییەكاندا لە بارەی پرسی كوباوە وەلانرا. ئەمەش پرسێكی زۆر گرنگ بو و لەمبارەیەشەوە هەم نیوەگۆی رۆژئاوا و هەمیش جیهان دژی ئەمریكا بون. لەبەرئەمەش ئۆباما دەستی كرد بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ كوبادا. ئەمەش لانیكەم چەند هەنگاوێكبون بۆ پێشەوە، ئەگەرچی رەنگە ترامپ ئەوەش لەنێو بەرێت.
لە ئاسیاش بە وتەی چۆمسكی دۆخێكی هاوشێوە خەریكە دروست دەبێت، یەكێك لە سیاسەتەكانی ئۆباما روكردن بو لە ئاسیا كە لەراستیدا بە هەنگاوێك بۆ روبەڕوبونەوەی چین دەژمێردرا. یەكێك لە خاڵە پێكهێنەرانەی روكردنە ئاسیا رێككەوتنی بازرگانی شەراكەتی هەردو بەری ئۆقیانوسی ئارام بو كە هەوڵی دەدا جگە لە چین وڵاتانی ئاسیا-ئۆقیانوسی ئارام لەدەوری خۆی كۆبكاتەوە.
نوام چۆمسكی وتویەتی كە بونی چەند بەڵگەیەك وا دەكات بڵێین كە روكردنە ئاسیاش خەریكە پاشەكشێ دەكات، چونكە لەبری ئەوە ئێستا رێككەوتنێكی بازرگانی بە ناوی “شەراكەتی ئابوری گشتگیری ناوچەكە” كە چین پێشنیاری كردوە خەریكە هاوپەیمانەكانی ئەمریكاش لەو ناوچەیە بەلای خۆیدا رابكێشێت لە پیرۆوە بیگرە تا ئوسترالیا و ژاپۆن.
كاردانەوەی ئەوروپا بە وتەی چۆمسكی دەكرا لەسەر بەرگی هەفتەنامەی شپیگل-ی ئەڵمانی ببینرایە: لە كاریكاتێرەكەی شپیگل-دا سەری ترامپ وەك نەیزەكێك وێنەكێشرابو كە بەرەو روی گۆی زەوی دێت، بە دەمێكی كراوەوە بۆ قوتدانی. لەژێر كاریكاتێرەكەدا نوسرابو: كۆتایی دنیا.
چۆمسكی ئەگەری پابەندنەبونی ئەمریكا بە پەیمانەكانی پاراستنی ژینگەوە بە یەكێكی تر لە هۆكارەكانی گۆشەگیری ئەو وڵاتە دەزانێت لە دنیادا.