رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ رایگەیاند كە حكومەتی توركیا دەزگاكانی راگەیاندنی سەربەخۆی لەو وڵاتە بێدەنگ و سەركوتكردوە ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە بەدواداچونی ئەو سەركوتكردنە بێ بەزەییانەی كە دژی “دوژمنە وێناكراوەكان”ی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت.
رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، رۆژی (پێنجشەممە)، رایگەیاند كە حكومەتی توركیا دەزگاكانی راگەیاندنی سەربەخۆی لەو وڵاتە بێدەنگ و سەركوتكردوە ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ رێگریكردن لە بەدواداچونی ئەو سەركوتكردنە بێ بەزەییانەی كە دژی “دوژمنە وێناكراوەكان”ی دەوڵەت بەڕێوەدەچێت. رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ، راپۆرتێكی لە ژێر ناوی “بێدەنگكردنی میدیاكان: چڕبونەوەی هەڵمەتەكانی حكومەت بۆ سەر میدیای رەخنەگر، لە 69 لاپەڕەدا دەربارەی هەڵمەتەكانی حكومەتی توركیا بۆ بێدەنگكردنی دەزگاكانی راگەیاندنی سەربەخۆ بڵاوكردەوە.
هیومان رایتس ۆچ لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەوە كردوە كە هێرشەكانی حكومەت بۆ سەر دەزگاكانی راگەیاند لە ساڵی 2014ەوە توندبونەوە و پاش كودەتا سەرنەكەوتوەكەی ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵیش ئەو هێرشانە بۆ سەر میدیا خێراكراون.
لە راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆچدا رۆژنامەنوسە توركەكان كە چاوپێكەوتنیان لەگەڵ كراوە بارودۆخی رۆژنامەوانی و میدیایان لەو وڵاتە بە “كەشێكی خنكێنەر” وەسف كردوە.
رێكخراوەكە ئاشكراشیكردوە كە بەهۆی كاركردن بە یاساكانی باری نائاسایی لەو وڵاتە پاش كودەتا سەرنەكەوتوەكەی ناوەڕاستی مانگی تەموزی ئەمساڵ، 140 دەزگای راگەیاندن و 29 ناوەندی بڵاوكردنەوە داخراون و بەوهۆیەشەوە تاوەكو ئێستا زیاد لە 2 هەزار 500 رۆژنامەنوس كارەكانیان لەدەستداوە.
هیو ولیەمسن، بەڕێوەبەری ئەوروپا و ئاسیای ناوەندی لە رێكخراوی هیومان رایتس ۆچ وتویەتی”حكومەتی توركیا و هەوڵە سیستماتیكییەكانی سەرۆكی ئەو وڵاتە بۆ بێدەنگكردنی میدیا هەموی لەپێناوی رێگریكردنە لە چاودێریكردنی گشتی”.
هەورەها ئاشكراشیكردوە”هێشتنەوەی 148 رۆژنامەنوس و میدیاكار لە زینداندا و داخستنی 169 دەزگای راگەیاندن و ناوەندی بڵاوكردنەوە لەسایەی باری نائاساییدا، بەڵگەن لەسەر ئەوەی كە توركیا چەند نیەتی هەیە بۆ پێشێلكردنی بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤ و سەروەری یاسا”.
راپۆرتەكەی هیومان رایتس ۆچ باسی لەوەشكردوە كە دەسەڵاتدارانی توركیان لە هەڵمەتەكانیان دژی میدیا تەنیا ئەو كەسانەیان نەكردۆتەوە ئامانج كە تۆمەتی ئەندامێتیان لە رێكخراوی فەتحوڵا گولەندا دراوەتە پاڵ بەڵكو ئەو دەزگا و ناوەندە راگەیاندنانەشی گرتۆتەوە كە رەخنە دەگرن یاخود كوردەكان بەڕێوەیان دەبەن.
راپۆرتەكە نمونەی رۆژنامەی جمهوریەتی توركی هێناوەتەوە كە تا ئێستا 12 رۆژنامەنوسی ئەو رۆژنامەیە و سەرنوسەرەكەی دەستگیركراون.