لە شەڕی مردن نامەوێ دەرکەوم
لەبەر ئاوێنە قژم بۆ سەرەوە دەبەم و بە خۆم دەڵێم
چیت دەوێ
لە شەڕی ئەو چێژەی کە کۆنترۆڵ ناکرێ
ئەو خەیاڵەی کە ژیان دەیەوێ
ئەو ئارەزووە نامۆیەی کە مردنە و
مرۆڤ لە چاوەڕوانی پیر دەبێ
چیت دەوێ
من لە ئاوێنە داوا دەکەم
لە شەڕ داوا ناکەم
ئەوە ئارەزووی راستەقینەیە
ژیان دەیەوێ
من نامەوێ
لە شەڕی مردن خۆم بە دوور دەگرم
رزگاربوون لەو بازنە داخراوەی ئارەزوو
کە لە نیگای یەکەمەوە وا دەردەکەوێ ژیان دەیەوێ
من نامەوێ
داوا لە زمان دەکەم لە شەڕی مردن بمپارێزێ
داوا لە مردن دەکەم لە شەڕی زمان بمپارێزێ
داوا لە شەڕ دەکەم لە مردنی زمان بمپارێزێ
ھەموو ئەو خۆوێرانکردنە
ئەو ئارەزووکردنانە
بۆشاییەکی بەتاڵە
خەیاڵ دەیەوێ
مرۆڤ چاوەڕوانی دەکات
لەبەر ئاوێنە قژم بۆ سەرەوە دەبەم و بە خۆم دەڵێم
چیت دەوێ
لەبەر ئاوێنە چاوم دەنوقێنم و دەڵێم
من کێم کە مردن دەیەوێ.
٢٧\١٠\٢٠١٦