دكتۆر ئیبراهیم سەباح متەر سەیدەلانی، كە پزیشكی دەرمانسازە لە شاری هەولێر، ئاشكراكیكردوە، شەوی رابردو ژمارەیەك چەكداری نەناسراوەوە كە خۆیان وەك هێزی ئەمنی ناساندوە بە زەبری چەك رفاندویانە و دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر بەیانی ئەمڕۆ ئازادیان كردوە”
ئەو پزیشكە راشیگەیاندوە،”لەكاتی رفاندن و لێدانی ئەو ژمارە چەكدارە هەڕەشەی كوشتنیان لێكردوە و داوایانكردوە بەزوترین كات بڕێكی زۆر پارەیان پێ بدات.”
ناوبراو ئاماژەی بەوەشكردوە، كە لەئێستادا لە ترسی ژیانی خۆی هەولێر بەجێهێشتوە و روی لە شاری دیالە كردوە كە خۆی پێشتر لەو پارێزگایە نیشتەجێ بوە و دواتر روی لە شاری بەغدا كردوە.
هەر بەگوێرەی ئەو ڤیدیۆیەی دەست خەندان كەوتوە، دەردەكەوێت كە ژمارەیەك چەكدار لە بەردەم ماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی منارە سیتی پشت ماجدی مۆڵ لە شاری هەولێر بەزەبری چەك روە و شێوێنێكی نادیار ڕفاندویانە.
لەلایەكی دیكەوە، لقی دیالەی سەندیكای دەرمانسازانی عێراق لە راگەیەندراوێكدا رفاندنی ئەو پزیشكە و ئەشكەنجەدانی پشتڕاستكردوەتەوە و بەتوندی ئیدانەی كردوە و داواشیكردوە كە پێویستە هێزە ئەمنییەكان بەزوترین كات ئەو چەكدارانە بدۆزنەوە و رادەستی یاسان بكەن و پارێزگاری لە ژیانی هاوڵاتیان بكەن، بۆ ئەو مەبەستە سكاڵایان لەسەر رفێنەرانی ئەو پزیشكە تۆماركردوە.