سەر لە بەیانی رۆژی دوو شەممە رێکەوتی ٢١\١١\٢٠١٦ ، شاندێکی نوێنەرایەتی پارتی دیموکراتی گەلان ( هەدەپە )لە باشوری کوردستان سەردانی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانیان لە شاری هەولێر کرد و لەلایەن هاوڕێ مام خدر سکرتێری گشتی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان و هاوڕێیان خلیل محموود و نەهرۆ جلال ئەندامانی مەکتەبی سیاسی بە گەرمی پێشوازییان لێکرا ..
لەم سەردانەدا کە هەڤاڵ شیلان و هەڤاڵ عابد نوێنەرانی هەدەپە لە باشوری کوردستان سەرکردایەتیان دەکرد رەوشی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی باکوری کوردستان باسی لێوەکرا و ئیدانە و پرۆتستۆی هەوڵەکانی دەولەتی تورکیان کرد کە لەماوەی یەک مانگی رابردوو بە گرتن و سەرکوتکردنی سەرکردە و ئەندامانی هەدەپە لە باکوری کوردستان دەستی بۆ بردوە ..
لای خۆیانەوە وەفدی هەدەپە هەڵویستی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستانیان بەرز نرخاند لە پرسە نەتەوەیی و نیشتیمانیەکان و بۆپشتگیری دۆزی رەوایی گەلی کوردستان و ئامادەکاری کرا کە لەماوەی رابردوو کار بکرێت بۆ کۆبوونەوەی فراوانی حزب و لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستان بۆ فشاری زیاتر لەسەر دەوڵەتی تورکیا تا دەست لەم سەرکوت و ئیستبداد هەڵگرێت ، لە کۆتاییدا وەفدی میوان بە گەرمی بەڕێکران .