تهواوی زانیاری لهسهر ژیانی شیرین ،وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی شاری رققە، کە لە چەند رۆژی رابردودا کەوتە بەر زومی کامێراکان و وەک فەرماندەیەکی نوێی یەپەژە و سوریای دیموکرات دەرکەوت، بوە جێی سەرنجی هەمو لایەک و لەبارەیەوە دەپرسن، جیهان کێیە؟
جیهان شێخ ئەحمەد، تەمەن (32) ساڵ، شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) کە وەک وتەبێژی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات دەرکەوت، لەدایکبوی شاری رققەی رۆژهەڵاتی روباری فورات و باکوری سوریایە، هەر لەوێ گەورەبوە و خوێندنی تەواو کردوە، یەکێکە لە دامەزرێنەرانی سوپای سوریای دیموکرات کە زۆربەی پێکهاتەکانی کورد و عەرەب و تورکمان و سریانی لە خۆدەگرێت و چەتری کۆکەرەوە شەڕڤانانە و یەپەگە رابەرایەتی دەکات.
پێش داگیرکردنی شارەکەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە، ئەو کچە لە گەڕەکی ئیبراهیم هەنانۆ لە رۆژئاوای وێستگەی شەمەندەفەری شارەکە ژیاوە و لە عەشیرەتی شەدادییە.
جیهان خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی هەواری بۆمدین خوێندوە و ناوەندی لە ئەبی عەلای مەعەری و دواتری چوەتە ئامادەیی هونەرەجوانەکان و پاشانیش پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەر لە شاری رققە خوێندوە و دواتریش وەک مامۆستا دامەزراوە و لەچەند خوێندنگایەکی شارەکەی وانەی هونەری وتوەتەوە.
بنەماڵەی جیهان شێخ ئەحمەد، زیاتر لە (40) ساڵە لە شاری رققە نیشتەجێ بون و ئەو کچەش ژیانی منداڵی و گەورەیی لەناو گەڕەکێکی عەرەب نشین بەسەر بردوە و تاکە ماڵی کوردی ئەو گەڕەکە بون و هەر لەناو ئەواندا پەروەردە بوە و گەورە بوە و خوێندنی تەواو کردوە.
بەوتەی بنەماڵەکەی؛ ئەو گەڕەکەی ئەوان وەک خێزانێکی گەورە بون کە لەچەند خێزان و یەکەیەکی بچوکتر پێکهاتون و خۆشەویستی و هاوڕێیەتی و یەکسانی و دادپەروەری لەنێوانیاندا هەبوە.
لەسەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی رۆژئاواوە، جیهان پەیوەندی کردوە بە یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنانەوە (یەپەژە) و بەشداری زۆربەی شەڕەکانی روبەڕوبونەوەی داعش و بەرەی نوسرەی کردوە لە کانتۆنەکانی رۆژئاوای کوردستان و لەوانە شەڕەکانی سەرێ کانی کۆتایی ساڵی (2012) لە نێوان شەڕڤانانی یەپەگە و بەرەی نوسرە و سوپای ئازاد و لەو شەڕانەدا بەسەختی بریندار بوە و گواستراوەتەوە بە نەخۆشخانەی سەرێ کانی و بۆ ماوەی یەک مانگ لەوێ لەژێر چاودێری پزیشکدا ماوەتەوە.
بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی رققەی زێدی لە دایک بونی و بۆ ماوەیەک لەوێ لەژێر چارەسەر پزیشکیدا بوە.
لەوکاتەی جیهان گواستراوەتەوە بۆ شارەکەی، رققە لەژێر دەستی رژێمی سوریادا بوە و دواتر چەکدارانی بەرەی نوسرە و ئەحرار شام و چەند گروپێکی دیکە توانیویانە لەژێر دەستی رژێمی سوریای دەربهێنن و لەوکاتەی سوپای ئازاد بە کەمترین شەڕ و بەرگرییەکی کەمی رژێم چوەتە ناو شارەکە، جیهان شێخ ئەحمەد لە رققە بوە.
دواتر جیهان ئەو شارەی بەرەو کانتۆنی جزیرە بەجێهێشتوە و جارێکی تر گەڕاوەتەوە سەرێ کانی بۆ ئەوەی چارەسەری پزیشکی وەربگرێت، بەڵام لەلایەن چەکدارانی سوپای ئازادەوە دەستگیر کراوە و پاشان لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنی سەربازیدا، شەڕڤانانی یەپەگە و یەپەژە ئازادیان کردوە.
دوای رزگار بونی لەدەستی ئەو چەکدارانە، جارێکی تر گەڕاوەتەوە سەنگەرەکانی بەرخۆدان و بەشداری شەڕ و روبەڕوبونەوەکانی کانتۆنی جزیرەی کردوە لەوانە شەڕی کۆنترۆڵ کردنەوەی سەرێ کانی و چل ئاغا و کەرکی لەکی و تەل کۆچەر.
جیهان شێخ ئەحمەد، بە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سوپای سوریای دیموکرات دادەنرێت کە لە تشرینی یەکەمی ساڵی (2015) بە فەرمی راگەیەندرا و سەرەتای ئەم هەفتەیەش لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە شاری حەسەکە رێکخرابو وەک یەکێک لە فەرماندە مەیدانییەکان و وتەبێژی فەرمی ئۆپەراسیۆنی توڕەیی فورات بۆ کۆنترۆڵ کردنەوەی شاری رققەی پایتەختی خەلافەتی داعش کە لەلایەن ژنە فەرماندە (رۆژدا فولات)ەوە سەرکردایەتی دەکرێت و زیاتر لە (30) هەزار شەڕڤان تیایدا بەشدارن دەرکەوت، بۆ دەرهێنانەوەی زێدی لەدایک بونی لەدەست دڕندەترین گروپی دژ بە مرۆڤایەتی و گەڕانەوەی ژیان و ئارامی بۆ ئەو شارەی کە وەک پایتەختی ترس و تۆقاندن ناودەبرێت.
سەرچاوە: هاوارنیوز