رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لە بنەڕەتەوە دادگاییكردنەكەی گۆهدار زێباری نادادپەروەرانە بووە، لە كۆتا دادگاییشی تۆمەتی ساختەی بۆ هەڵبەستراوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، “رۆژنامەنووس گۆهدار زێباری بۆ جاری سێیەم لە دادگای تاوانی هەولێر دادگایی كرایەوە، شەش مانگی دیكەش خرایە سەر سێ ساڵ زیندانیبوونەكەی، کە لە بنەڕەتەوە دادگاییەکە نادادپەروەرانە بووە و تۆمەتی هەڵبەستراوی ئاڕاستە کراوە بەپێی بڕیارە نوێیەكە، پێشبینی دەكرێت لە 16ی شوباتی 2024 ئازاد بكرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “بە وتەی پارێزەرەکانی زێباری، نوێنەرانی چەندین كونسوڵخانە و رێكخراو، رێگەیان پێنەدراوە بەشداری دادگایییەكە بكەن”.
داوایشیکردووە، گۆهدار زێباری بە زووترین کات ئازادبکرێت و حکومەت کۆتایی بە دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان و رەخنەگران بهێنێت.
لەلایەکیتر دایکی گوهدار زێباری دەڵێت، کوڕەکەی بەتۆمەتى بوونى تاپڕێک لە ماڵەکەیاندا سزاى شەش مانگ زیندانى بەسەردا سەپێنراوە و باوکیشی دەڵێت، تاپڕەکە هى سەردەمى ئینگلیزە و هێندە کۆنە تەقەش ناکات و ئەوە هیچ پەیوەندییەکى بە گوهدارەوە نەبووە کە بەهۆیەوە سزا دراوە.
بڕیار بوو گوهدار رۆژی ١٦ـی ئاداری ئەم ساڵ ئازاد بكرێت، بەڵام بەگوێرەی مادەی ٢٧٩ لە یاسای سزادانی عێراقی بۆ ماوەی حەوت مانگ حوكم درا، دوای ئەوەی دادگا بە بڕیارەکەدا هەڵچوویەوە و حوكمەكەی بۆ پێنج مانگ كەم كرایەوە، بەڵام دواتر شەش مانگی دیکە سزای بۆ درێژ كرایەوە.