سەرچاوە هەواڵییە تورکیییەکان بڵاویانکردووە، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، نووسینگەی داواکاری گشتی ئامەد ، شرناخ، ھەکاری، وان و بینگۆل بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ هاوسەرۆکانی گشتی ھەدەپە و ژمارەیەک پەرلەمانتاری ھەدەپە دەرکردووە و دەستگیرکراون.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویکردەوە، ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە فیگەن یوکسەکداغ کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە لایەن نووسینگەی داواکاری گشتی دیاربەکر داواکراوبوو، ئەمشەو بە ھۆکاری ئامادەنەبوونی بۆ وەرگرتنی ئیفادەى سەرەڕای ئاگادار کردنەوەی، ناوبراو لە ماڵەکەی لە ئەنقەرە دەستگیر کراوە.
ئاماژە بەوەشکراوە ، ھاوکات دادگای پێنجی سزای قورسی ئورفا بە تۆمەتی “بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆر و ئەندامبوونی لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکداری” بڕیاری بە زۆر بردنی فیگەنی بۆ دادگا دەرکردووە.
ئاژانسەکە ئەوەشی بڵاوکردووەتەوە، ” هەر ئەمشەو لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا لە لایەن نووسینگەی داواکاری گشتی دیاربەکر، ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لە ماڵەکەی لە دیاربەکر دەستگیر کراوە”.
ئاژانسەکە باسیلەوەشکردووە، ئەمەش لە دواى ئەو هاتووە، نووسینگەی داواکاری گشتی مەرسین و میدیەت بە تۆمەتی “سوکایەتیکردن” و “بانگەشەکردن بۆ رێکخراوی تیرۆریستی”، دەربارەی دەمیرتاش نووسراوێکی فەرمی بۆ وەرگرتنی ئیفادە لە ناوبراو بۆ نووسینگەی داواکاری گشتی ئەنقەرە ناردبوو.
جگە لە دەستگیرکردنى هاوسەرۆکانى هەدەپە ، پۆلیسی تورکیا حەوت پەرلەمانتارى ترى هەدەپەى دەستگیرکردووە کە بریتین لە ” زیا بیر، سەلمان ئیرماک، نورساڵ ئایدۆغان ، لیلا بیرلەک ، فەرحات ئینجو، سەیرى سورەیا ، عەلى ئەسڵان”
ئاماژەى بەوەشکردووە ، نووسینگەی داواکاری گشتی ئەنقەرە بە مەبەستی وەرگرتنی ئیفادە، نووسراوێکی ئاراستەی دەمیرتاش و یوکسەکداغ کردبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوە دەمیرتاش بانگھێشتکردنی پشتڕاستکردبووەوە، کەچی نەچوونی بۆ ئیفادەدان راگەیاندبوو.
پەرلەمانتارانی ھەدەپە بە تۆمەتی “بانگەشەکردن بۆ پەکەکە” و “پێدا ھەڵگووتنی تاوانبار و تاوان” و “ھاندانی خەڵک بۆ دووبەرەکی و دوژمنایەتی” و “ئەندامبوون لە رێکخراوی تیرۆریستی چەکداری” و “ھەوڵدان بۆ تێکدانی شیرازە و یەکڕیزی وڵات” دۆسیە لەبارەیان لە دادگا کرابووەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێشتر ھاوسەرۆکی گشتی ھەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش لەکاتی گۆڕانکاری لە بەشێک لە دەستوور، بە رۆژنامەوانانی گوتبوو “ھیچ کام لە ھاوڕێکانمان وەک خۆبەخش بۆ داوەتی دادگا و داواکارانی گشتی ناچێت. ئەوانەی دەیانەوێت ئیفادەمان وەربگرن، خۆیان بە زۆرەملێ بمانبەن. ئێستا بە دادوەر و داواکارانی گشتی دەڵێم کە ئامادەکاریی بکەن. ئێمە ئامادەین. ئیتر ئەمانە قەیرانی سیاسییە. بەپێی خۆمان ناچین. یان دەستبەسەرکردن یان دەستگیرکردن یاخود بردنمان بە زۆرەملێ”.