لاپەڕەی سەرەکی هەواڵ “میدیای کوردی لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”

“میدیای کوردی لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”

0 تێبینییەکان 11 بینینەکان

لە روداوەکانی چەند رۆژی رابردودا، جارێکی تر روماڵی کەناڵەکانی راگەیاندن لەکوردستاندا بو بەجێگەی مشتومڕ. هەندێک پێیان وایە کێشەکە لە روماڵدا نیە، بەڵکو لەو واقیعە تاڵ‌و قەیراناوییەدایە کە لەکوردستاندا هەیەو میدیاکانیش روماڵی ئەو واقیعە دەکەن. هەندێکی تریش دەڵێن بەوپێیەی زۆربەی هەرە زۆری کەناڵەکان حیزبین یا سێبەری حیزبەکانن، لەبری گواستنەوەی واقیع وەکو خۆی، وەکو مەکینەیەکی راگەیاندنی حیزبی کاردەکەن‌و لەئەنجامیشدا کێشەو قەیرانەکان قوڵتر دەکەنەوە. مامۆستایەکی زانکۆش پێی وایە “میدیای کوردی لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”.

ئا: ئومێد عومەر

رەنج سەنگاوی، میدیاكار لەكەناڵی روداو بە ئاوێنەی وت “ئەم ماوەیە تێبینیم كردوە، هەمو لایەنە سیاسیەكان رەخنە لەئەدای میدایا دەگرن بەوەی وادەزانن ئەو هەلومەرجە ئاڵۆزەی لەهەرێم خوڵقاوە میدیا دروستیكردوە، بەڵام ئەوەیان لەبیرچوە كە میدیا خۆی فیعلی سیاسی نیە بەڵكو نەتیجەی فعلی سیاسیە”.

پێشی وایە ئەمرۆ میدیا لەوە دەرچوە سێبەری تەواوی بیركردنەوەی مەكتەبی سیاسی حزبەكان بێت. هەر ئەمەش وایكردوە كاتێك وەك خۆی مامەڵە لەگەڵ هەواڵێك دەكات، ئیتر دەنگی نارەزایی‌و گلەیی بەرزدەبێتەوەو بەناوی پاراستنی یەكڕیزی نیشتمانیەوە تۆمەتباری دەكەن. بەڵام لەراستیدا بابەتەكە ئەوەیە با ئەوان یەكڕیزبن‌و ئێمەش وێنەی ئەو یەكڕیزیەیان بگرین. ئەو وتیشی “ناكرێت ئەوان خەنجەر لەیەكتر بدەن‌و ئێمەی میدیاكارانیش درۆ بكەین بۆ خەڵك، رۆژنامەنوسی پیشەیی ناتوانێت جوانیەكان ناشیرین بكات‌و بەپێچەوانەشەوە”.

پێشی وایە كاركردن لەگەڵ واقع، دژە واقعەكان نیگەران دەكات بە هەمو حزب‌و لایەنەكانەوە. دواتریش هەوڵ دەدەن دەستی چەوریان بە میدیاكاران بسڕن. ئەو وتی “لەم ماوەیەدا بینیومە چەندین جار میدیاكار لەبەینی حیزبەکاندا شەق‌و زلەی خواردوە. ئەوان فێرن، داخی دڵیان بە رۆژنامەنوسێكی فەقیر دەرێژن، كەچی لەگەڵ بەرپرسی حزبەكە یان بەرپرسی تەلەفزیۆنە ئۆپۆزسیۆنەكە یان دەسەڵاتەكە دەست لەملی یەك دەكەن‌”. جەختیشی کردەوە “ئەگەر سیاسەتمەداران نەبن بەمەترسی، میدیاكاران نابن بە مەترسی”.

عەدنان عوسمان رۆژنامەنوس‌و چاودێری سیاسی پێی وایە وەستانەوەی میدیا لەبەرامبەر یەك شتێكی نامۆ نیە لەكوردستان، بەڵكو میدیا هەمیشە بەشێك بوە لەململانێكان. ئەو وتی “ساڵانێكی دورودرێژ میدیای حزبی زاڵبو لەكوردستان‌و بۆ هەڵمەتی شەركردن لەدژی یەكتر بەكار دەهێنران”. بەوتەی ئەو دوای سەرهەڵدانی میدیای ئازادیش هەر زو هەوڵدرا ئەوانیش گەمارۆ بدرێن بە هەندێ‌ میدیای سێبەر، بەڵام وەك بینیمان ئەو میدیا سێبەرانە وەك مەكینەیەكی راگەیاندنی حزبی كاریان بۆ بەرژەوەندی حزبی كردوە. ئەو پێی وایە میدیای سێبەری حزبەكان “مەترسیدار‌و ژەهراوین”.

عەدنان عوسمان وتی “جگە لەچەند میدیایەكی كەم نەبێت كە لەبازنەیەكی بچوكی سەربەخۆ ماونەتەوە، میدیا گەورە‌و زەبەلاحەكان ئەمرۆ لەكوردستان موڵكی حزبەكانن”. پێشی وایە “ئەگەر حزبەكان توانیان ململانێیەكی تەندروست‌و بەرپرسانە بكەن، ئەو كات وەرن قسەش لەسەر میدیا بكەن”.

ستران عەبدوڵا سەرنوسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ‌ بەنیگەرانیەوە رەخنە لەكاركردنی میدیای كوردی دەگرێت‌و پێی وایە ئێستا لەبری ئەوەی بڵێین میدیا دابەش بوە بەسەر دو بەرەدا، دەبێت بلێین بوەتە چەندین بەرەیی. ئەو وتی” ئازادی لەهەڵسەنگاندن‌و قسەكردن لەسەر بیر‌و بۆچونە جیاوازەكان بابەتێكی ئاساییە، بەڵام نەك ئەوەی ئیستا دەبینرێت هەر میدیایە‌و گوزارشت لەو بەرە سیاسەی خۆی دەكات”. داواش دەكات میدیاكان بەشێوەیەکی هێمنانە بیر‌و بۆچونەكانیان دەرببڕن، ناشبێت پێیان وابێت هەر ئەوەی ئەوان دەیڵێن راستیەكەیە. جەختیشی کردەوە “هەركاتێك روداوێك رو دەدات، هەمومان هەریەكەو لای خۆیەوە دەچێتەەوە كەوڵی راستی حزبی خۆیەوە”.

لەلای خۆیەوە كاروان ئەنوە سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان، بەئاوێنەی وت “چەندین ساڵە لەمیدیای كوردیدا ئەو كێشەیەمان هەیە، كاتێك روداوێك رو دەدات میدیاكاران دەبن بەچەند گروپ‌و بەشێكەوە. میدیای كوردی پەرت‌و بڵاوە، بەداخەوە كە خاوەنی یەك میدیای نیشتمانی نین”.

كاروان ئەنوەر شكاندنی حەرەمی پەرلەمانی كوردستان بەنزیكترین نمونە دەهێنێتەوە بۆ قسەكانی‌و دەڵێت “لەكاتی روماڵكردنی روداوەكاندا مافی هیچ كەسێك نیە بە تەورێكەوە حەرەمی پەرلەمان بشكێنێت‌و پەلاماری چەند میدیاكاریك بدات. كە ئەمەش رودەدات، جێگەی پرسیارە سەندیكای رۆژنامەنوسانی كوردستان كە بارەگاكەی لە هەولێرە بەیاننامەیەكیش بۆ ئیدانەكردنی دەرناكات، بەڵام كاتێك حكومەتی بەغدا داوای داخستنی دو كەناڵ دەكات كە نزیكن لە پارتییەوە، بەزمانی كوردی‌و عەرەبی شەش بەیاننامە دەردەكات .

ئەو وتی “هەرێمی كوردستان كەوتۆتە قەیرانێكەوە بەڵام بەداخەوە میدیا بەهەمو بەشەكانیەوە حاڵەتێكی سایكۆلۆجی خرابی لەسەر هاوڵاتیان دروستكردوە. بانگەوازم لەهەندێ‌ كەسەوە بینیوە دەڵێت تكاتان لێدەكەین، هەر كەس لای خۆیەوە كەناڵەكانی ماڵی خۆی بكوژێنێتەوە، تا زیاتر ترس‌و دڵەراوكێ‌‌و ئازاری دەرونی دروست نەكرێت”.

د. هەژار مەجید مامۆستای بەشی راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی بەنیگەرانیەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ململانێ‌ میدیاییەی ئەمرۆی هەرێم دەكات. ئەو وتی “بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت، هیچ شتێك نیە تەنها ئەو مێژوە خراپەی رابردوی میدیای كوردیە كە لەچەند ساڵی رابردودا تۆماری كردوە. من وەك ئەكادیمیستێك بە میدیایەكی هەژاری شەرمن‌و ترسنۆك ناوی دەهێنم. لەروداوەكانی ئەم چەند رۆژەی رابردودا میدیا لەدوژمنەكانمان زیاتر زیانی پێگەیاندوین”.

د. هەژار بەشێکی گەورەی بەرپرسیارێتی ئاوارەبونی خەڵک لە ناوچە دابڕێنراوەکان دەخاتە ئەستۆی چەند میدیایەک کە باری دەرونی خەڵک تێکدەدەن‌و ترس‌و تۆقاندن بڵاودەکەنەوە. وتیشی” ئەگەر سیستم‌و لەم هەرێمەدا هەبوایە‌و ئیتیك پێوەر بوایە، دەبو بەشێك لەو میدیایانە داخرێن یان غەرامەیەكی وەها بکرێن جارێكی تر نەتوانن نا بەرپرسانە كار بکەن”.

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە