رۆژ له‌دوای رۆژ گرفتی كه‌مبونه‌وه‌ی پێدانی كاره‌بای نیشتیمانی زیاترده‌بێت، فه‌رمانگه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمیش یه‌كتری به‌سه‌رچاوه‌ی گرفته‌كه تۆمه‌تبارده‌كه‌ن.
له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا رۆژی دووشەممە (١٢-١)وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی گرفتی سوته‌مه‌نیه‌وه كه دابینكردنی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كان وه‌زاره‌تی كاره‌با چه‌ند رۆژێكه دوو یه‌كه‌ی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌هه‌ردو وێستگه‌كانی هه‌ولێرو سلێمانی له‌كار راوه‌ستاندوه، به‌مه‌ش بڕی 250 مێگاوات له‌كۆی تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی كوردستان كه‌مبوه‌ته‌وه.
ئاماژه‌شده‌دات، گه‌ر گرفتی دابینكردنی سوته‌مه‌نی به‌رده‌وامبێت وه‌زاره‌ت ناچار ده‌بێت یه‌ك یه‌كه‌ی تر له‌وێستگه‌ی غازی سلێمانی‌و دوو یه‌كه‌ی تر له‌وێستگه‌ی غازی هه‌ولێر رابگرێت، به‌مه‌ش 375 مێگاوات كاره‌بای تر له‌تۆڕی كاره‌بای نیشتمانی كوردستان كه‌مده‌بێته‌وه‌و كاریگه‌ری خراپی له‌سه‌ر ماوه‌كانی پێدانی كاره‌با ده‌بێت.
وه‌زاره‌ته‌كه رونیشیده‌كاته‌وه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ئاماژه‌ی به‌و سوته‌مه‌نییه كردوه كه له‌ئه‌مباره‌كانی سوته‌مه‌نی وێستگه غازییه‌كان هه‌یه كه به‌مشێوه‌یه‌یه:
-له‌وێستگه‌ی غازی هه‌ولێر بڕی یه‌ك ملیۆن‌و 300 هه‌زار لیتر گازوایل هه‌یه كه به‌شی ته‌نیا 16 كاتژمێر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ده‌كات.
-له‌وێستگه‌ی غازی سلێمانی یه‌ك ملیۆن‌و 453 هه‌زار لیتر گازوایل هه‌یه كه به‌شی 45 كاتژمێر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ده‌كات.
-له‌وێستگه‌ی غازی دهۆك بڕی 5 ملیۆن‌و 770 هه‌زار لیتر هه‌یه كه به‌شی 25 كاتژمێر به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با ده‌كات.
به‌پێی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، نه‌بونی سوته‌مه‌نی بۆ ئیشپێكردنی ته‌واوی یه‌كه‌كانی وێستگه‌كانی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با له‌كاتێكدایه كه وه‌زیری كاره‌با له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌م گرفته كرد‌و باسی له‌نه‌بونی سوته‌مه‌نی بۆ ئیشپێكردنی وێستگه نوێیه‌كان كرد وه‌ك وێستگه‌ی خۆرمه‌ڵه كه ته‌واو بوه‌و توانای 640 مێگاوات كاره‌بای هه‌یه، چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م گرفته‌ش له‌ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی سامانه سرووشتییه‌كانه، چونكه به‌پێی ئه‌و گرێبه‌ست‌و رێكه‌وتنانه‌ی پێشتر له‌گه‌ڵ كۆمپانیا وه‌به‌رهێنه‌ره‌كان كراوه دابینكردنی سوته‌مه‌نی له‌ئه‌ستۆی ئه‌و وه‌زاره‌ته‌یه.
هه‌ر ئه‌مڕۆ به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی كاره‌بای سلێمانی، به‌كر ئه‌حمه‌د له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند “به‌نوسراوێكی فه‌رمی له‌مانگی مایۆی رابردو كه ئاراسته‌ی پارێزگاری سلێمانیمان كردوه‌و وێنه‌یه‌كیشمان ناردووه بۆ وه‌زاره‌تی كاره‌با، داوامانكردوه بۆ چاكردن‌و نه‌هێشتنی باجزۆری فیده‌ره‌كان‌و محاویله‌كان، كاری له‌سه‌ر بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌زستانی داهاتو كێشه‌مان كه‌متر ببێته‌وه، به‌ڵام له‌به‌رنه‌بونی بودجه كه پێویسته بۆ كڕینی كه‌ره‌سته‌و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كانمان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان به‌رپرس نییه له‌هه‌ركێشه‌یه‌ك له‌داهاتودا ڕوبدات”.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا له‌ئێستادا له‌ناو كۆگاكانماندا یه‌ك محاویله‌مان نییه ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڕه‌كێكدا بسوتێت‌و بۆی دابنێینه‌وه.