حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژە بەفرۆشتنی راستەخۆی نەوت دەدات بۆ قەرەبووكردنەوەی كورتهێنانی بودجەكەی.
بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم لەمانگی شەشەوە دراوە، كە مەت راستەوخۆ بفرۆشێت، بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداو بەپێی زانیارییەكان ئەو فرۆشتنەش بەردەوامدەبێت.
هەر بەپێی زانیارییەكان ئێستا رۆژانە بەپێی رێژەی جیاواز نەوت رەوانەی بەندەری جەیهانی توركی دەكرێتو دواتر لەرێگەی گەشتییەوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێتو دەفرۆشرێت، كە حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە لەسەر فرۆشتنی نەوت بەردەوامبێت.
سەرەرای ئەوەی رێككەوتنێك هەیە لەنێوان بەغداو هەولێر بۆ فرۆشتنی نەوت، بەڵام ئێستا بەشێوەیەكی رانەگەیەنراو ئەو رێككەوتنە هەڵوەشاوەتەوەو حكومەتی عێراقیش تائێستا بێدەنگی هەڵبژاردووە لەراستەوخۆ فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە.
هاوكات بەپێی راپۆرتی هەناردەكردنی نەوتی مانگی تەمووزی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، ئاستی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ بەندەری جەیهان لەتوركیا دابەزیووە.
بەپێی راپۆرتی مانگانەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمانگی تەمووزدا 16,019,090 (رۆژانە 516,745) بەرمیلی هەناردەكردووە لەڕێی بۆری نەوتی كوردستان جەیهان، بەوپێیەش بەراورد بەمانگی حوزەیران بەرێژەی سەدا 6.5 دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە، كە لەمانگی حوزەیراندا، حكومەتی هەرێمی كوردستان 17,130,639 (رۆژانە 571,021) بەرمیلی هەناردەكردبوو.
لەبەیاننامەیەكی پێشووتریدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندبوو “بۆری گواستنەوەی نەوتی هەریمی كوردستان بۆ بەندەری جیهان لەتوركیا لەبەرواری 27ی تەموزەوە ڕووبەڕووی چەندین دزیو هێرشی یەك لەدوای یەك بووتەوە، ئەم هێرشانە بوونە هۆی وەستاندی هەناردەكردنی نەوت بۆ بەندەری جەیهان.
لەكۆی ئەو نەوتەی، كە لەلایەن هەرێمی كوردستان لەمانگی تەمووزدا هەناردەكراوە، بڕی 12,020,683 ( رۆژانە 387,764) بەرمیل لەو كێڵگانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێوەدەبرێن هەناردەكراوە، لەكاتێكدا بڕی 3,998,407 ( رۆژانە 128,981) لەو كێڵگانەی، كە لەلایەن كۆمپانیای نەوتی باكوور بەرێوەدەبرێن هەناردەكراوە.
راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەدا كە لە مانگی تەمووز، حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی 2,201,540 ( رۆژانە 71,017) بەرمیلی رادەستی كۆمپانیای بەبازاركردنی نەوتی عێراق، سۆمۆ، كردووەو مەبەستی بووە لەكۆتایی تەمووزدا، دوو ملیۆن بەرمیلی دیكە بداتە سۆمۆ، بەڵام بەهۆی تەقاندنەوەكەی بۆری نەوت، كە بووە هۆی راوەستانی ناردنی نەوت، نەیتوانیووە ئەوە ئەنجامبدات.
بەپێی راپۆرتەكە، حكومەتی هەرێمی كوردستان درێژەی بەفرۆشتنی راستەوخۆی نەوت داوە بۆ قەرەبووكردنەوەی كورتكردنەوەی بودجەكەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵی عێراق.
لەگەڵ ئەوەشدا، حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند كە كاردەكات لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عێراقدا بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێك بۆ هەموو كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوانیان، كە پەیوەستن بەنەوتو گاز هەروەك لەبەیاننامە هاوبەشەكەی 17ی ئەیاری 2015 ی ئەنجوومەنی هەرێمی بۆ نەوتو گازو پێنج پارتە سەرەكییەكەی بەشدار لەناو حكومەتی هەرێمی كوردستان راگەیەندراوە.
پێشتر لەسەرەتای هەفتەی رابردوودا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان رایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدەسپێكی مانگی ئەیلولی 2015 بەدواوە هەڵدەستێت بەتەرخانكردنی بەشێك لەداهاتی فرۆشتنی ئەو نەوتەی كە ڕاستەوخۆ دەیفرۆشێت، بۆ كۆمپانیاكانی نێودەوڵەتی نەوت، كە لەهەرێمی كوردستان نەوت بەرهەمدەهێنن، هەروەها بڕیارە كە دوا بەدوای زیادبوونی هەناردەی نەوت كە لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٦ پێشبینیدەكرێت، بەشێكی تری داهاتی نەوت دابینبكرێت بۆ كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان، ئەوەش پێویستە بۆ ئەوەی كۆمپانیاكانی نەوت كاربكەن بۆ جێگیركردنو بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لەهەرێمی كوردستاندا.