”شیعر تاکە چەکی منە”. (پابلۆ نیرۆدا).
پابلۆ نیرۆدا شاعیری بەڕەگەز شیلی یەکێک بووە لە ناودارترین و پڕ کاریگەرترین شاعیری سەردەمەکەی خۆی. یەکێک بوو لە ناسراوترین سیاسییەکانی شیلی کە هەڵگری بیروباوەڕی کۆمۆنیزم بووە و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی شیلی بووە و کاندیدی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بووە.
پابلۆ نیرۆدا ناوی شاعیر و دیپلۆماتکار و سیاسەتمەدار نێفتالی ڕیکاردۆ ڕەیس باسۆواڵتۆیە کەلە دوانزەی تەمموزی ساڵی ١٩٠٤ لە شاری پاڕاڵ لە وڵاتی شیلی لە دایک بووە. باوکی کرێکاری هێڵی شەمەندەفەر و دایکیشی مامۆستای قوتابخانە بووە و مانگێک دوای لە دایکبوونی پابلۆ نیرۆدا کۆچی دوایی دەکات. باوکی هەر زوو دوای مردنی دایکی لە ساڵی ١٩٠٦ دا دەگوێزێتەوە بۆ شاری تێموکۆ و لەگەڵ خانمێکی تر هاوسەرگیری دەکات کە کوڕێکی هەبووە و پابلۆ لەگەڵ ئەو کوڕە و خوشکەکەی لە باوەژنەکەی ژیان بەسەر دەبات. باوکی دژ بە خولیای کوڕەکەی بۆ ئەدەب و نووسین وەستایەوە، بەڵام خەڵکانی تر هانیان دەدا، لەوانە براوەی خەڵاتی نۆبڵ خانمەشاعیر گابرێڵڵا میستراڵ. نیرۆدا یەکەمین شیعری خۆی لە ڕۆژنامەی بەیانی لە ساڵی ١٩١٧ دا بڵاو کردۆتەوە. لە ساڵی ١٩١٩ دا خەڵاتی شیعر لە ڤێستیڤاڵی گوڵان دەدرێتێ. تا لە ساڵی ١٩٢٠ پابلۆ نیرۆدا ناوبانگ دەردەکا و خەڵاتی یەکەمی فیستیڤاڵی بەهاری تێموکۆی پێدەدرێت.
لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٢١ دا دەچێتە سانتیاگۆی پایتەخت بۆ خوێندنی زانستی پەروەردە بە زمانی فەرەنسی تا ببێتە مامۆستا. لە مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ بە شیعری (شیعری فیستیڤاڵ)خەڵاتی یەکەم لە فێستیڤاڵی بەهار کە یەکێتیی قوتابیانی شیلیی سازیدابوو، وەردەگرێ. پاشان لە دەرکردنی گۆڤاری تیشک کە یەکێتیی قوتابیان دەری دەکرد، بەشداری دەکات.
یەکەمین کۆشیعری (کتێبی زەردەپەڕ) لە ساڵی ١٩٢٣ دا بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٢٤ چاپی یەکەمی کۆشیعری (بیست شیعری خۆشەویستی و سروودە بێهیواکان) بڵاو دەکاتەوە. هەروەها کتێبێک لە ژێر تایتڵی ( چەند لاپەڕەیەکی هەڵبژاردە لە ئاناتۆل فرانس) لە ساڵی ١٩٢٤ دا کە هەر خۆشی پێشەکی بۆ نووسیبوو، بڵاو دەکاتەوە. ساڵی ١٩٢٥ بەڕێوەبەرایەتی گۆڤاری (ئەسپی پاستۆس) دەگرێتە ئەستۆ. لە ساڵی ١٩٢٦ دا سێ کۆشیعر بە ناوەکانی ( هەوڵی مرۆڤە بێئەوپەڕەکان) و (کۆتاییەکان) و (خاوەن ماڵ و هیواکەی) بڵاو دەکاتەوە.
ساڵی ١٩٢٧ یا ساڵی ١٩٣٢ بوو بە باڵیۆزی شیللی لە چەندین وڵاتی جۆراوجۆر. ساڵی ١٩٣٣ چاپی یەکەمی دیوانی (نیشانچی چالاک) و پاشتریش چاپی دووەمی هەمان کۆشیعر بڵاو دەکاتەوە. هەروەها کۆشیعری ( نشینگەی سەر زەوی) بەشی یەکەمی لە هەمان ساڵ بڵاو دەکاتەوە کە سەرجەم بەرهەمەکانی هەشت ساڵی ژیانی ١٩٢٥ تا ١٩٣٣ لە خۆ دەگرێ، بڵاو دەکاتەوە. ژیاننامەکەی لەژیر ناوی “دانی پیا دەنێم کە ژیام”.
خۆشەویستیم
کە بینیمان هەردوو تینووین
خوێن و ئاومان خواردەوە
کە زانیمان هەردوو برسین
کەوتینە قەپگرتن لە یەکتر
وەکو قەپاڵی گڕی ئاگر
زامەکان جێمان دێڵن
بەڵام چاوەڕێم بە
ڕووخۆشییەکەتم بۆ هەڵگرە
منیش گوڵێکت دەدەمێ.
پاشان بە شاعیری ئیسپانی فریدریکۆ گارسیا لۆرکا ئاشنا دەبێت ، کاتیک پابلۆ نیرۆدا لە شەشی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٣٦ دەچێتە شاری بەرشلۆنەی وڵاتی ئیسپانیا و ئێوارە کۆڕیکی شیعریی لەزانکۆی مەدرید ساز دەکا و لۆرکای شاعیر بەڕێوەبەری کۆڕەکە بوو. لە ساڵی ١٩٣٥ دەگوازرێتەوە بۆ باڵیۆزخانەی شیلی لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیا.
لە مانگی نیسانی ١٩٣٥ شاعیرانی ئیسپانیا ئاهەنگیکی پێشوازی بۆ ساز دەکەن، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی( کرۆزاریا) بەشی دووەمی کۆشیعری( نشینگەی سەر زاوی) لە مەدرید بڵاو دەکاتەوە. وە لە مانگی تشرینی دووەمی ١٩٣٥ لەژێر چاودێری پابلۆ نیرۆدا گۆڤاری (ئەسپی سەوزی شیعر) لە مەدرید بۆ بڵاو دەکەنەوە.
ڕۆماننووسی کۆڵۆمبی گابرێل گارسیا مارکیز لە بارەی پابلۆ نیرۆداوە دەڵێ ” مەزنترین شاعیرە لە سەدەی بیستەم جا بە هەر زمانێک بێت” لە گۆڕەپانی پەکەمبیو لە ساوباڵوی پایتەختی وڵاتی بەڕازیڵ لە ساڵی ١٩٤٥ پابلۆ نیرۆدا لە سەر شەرەفی سەرۆکی کۆمۆنیستی شۆڕشگێڕ ( لویس کارلۆس پرێستێس) دا شیعری بۆ زیاتر لە سەد هەزار کەس خوێندەوە.
پابلۆ نیرۆدا لە ماوەی ژیانیدا چەندین بەرپرسیارەتی دیبلۆماتیکی لە ئەستۆ گرتووە و خولێکیش ئەندام پەرلەمان بووە لەسەر لیستی حیزبی کۆمۆنیستی شیلی. ساڵی ١٩٢٧ یا ساڵی ١٩٣٢ بوو بە باڵیۆزی شیللی لە چەندین وڵاتی جۆراوجۆر. کاتێک لە ساڵی ١٩٤٨ حیزبی کۆمۆنیستی شیڵی لەلایەن سەرۆکی ئەوکاتی شیللیەوە قەدەغە دەکڕێ بڕیاری دەستگیرکردنی پابلۆ نیرۆدا دەردەچێ و هاوڕێیەکی بۆ ماوەی سیانزە مانگ لە ژێرخانی خانوویەکدا دەیشارێتەوە و هاوسەرەکەشی بەنهێنی لەلایەن پشتیوانکەران و دڵسۆزانییان نە گیرا و ئەو ماڵ و ئەو ماڵی پێکرا تا نەکەوێتە دەست هێزەکانی دەوڵەتی شیلی. . ساڵانی دواتریش نیرۆدا دەبێتە ڕاوێژکاری سەرۆک سەلڤادۆر ئالێندای سۆشیالیست. دوای گەڕانەوەی پابلۆ نیرۆدا لە وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ لە ساڵی ١٩٧١، سەلڤادۆر ئالێندا بانگهیشتی دەکات تا لەبەردەم حەفتا هەزار کەس شیعر بخوێنێتەوە. نیرۆدا بڕوانامەی دکتۆرای فەخری لە زانکۆی ئۆکسفۆرد پێبەخشراوە. ڕەخنەگری ئەدەبی هارۆڵد بروم دەڵێ ” ناکرێ هیچ شاعیرێکی ڕۆژئاوا بە نیرۆدا بەراورد بکرێ کە کەوتبووە پێش سەردەمەکەی خۆیەوە” . شایانی باسە سەلڤادۆر ئالێندا کە بەدەستی هێزەکانی بینوشیە تیرۆر دەکرێ، ئەو هێزە سەرکوتگەرانە دەدەنە سەر ماڵی پابلۆ نیرۆدا. نیرۆدا لێیان دەپرسێ چیتان دەوێ؟ دەڵێن هاتووین لە ماڵەکەت بە دوای چەکدا دەگەڕێین. نیرۆداش دەڵێ شیعر تاکە چەکی منە.
نیرۆدا لە ماوەی شەڕی ئەهلی ئیسپانیا کە ئەوکات باڵوێزی وڵاتەکەی بوو لە مەدرید، لەگەڵ لۆرکای شاعیر و ڕەفائیل ئەلبیرتی و شاعیری پیرۆیی سیزەر ڤەلێژۆ حەلقەیەکی ئەدەبی پێک دەهێنن. ساڵی ١٩٣٤ کچەکەی لە شاری مەدرید لە دایک بوو. نیرۆدا پەیوەندی هاوسەرگیرییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی بەرەو هەڵوەشانەوە دەچێت و پەیوەندی لەگەڵ خانمە ئەرجەنتینی دالیا دێل کاریل دادەنێت کە بیست ساڵ لە خۆی بەتەمەنتر بوو. کە شەڕی ئەهلی بەرپا بوو نیرۆدا ڕۆڵی خۆی وەک کۆمۆنیستێکی پڕ جۆش بینی و هەر بەو باوەڕە مایەوە تا مرد. یەکێک لە کاریگەرترین کارەسات کوشتنی لۆرکای شاعیر بوو بەدەستی هێزەکانی فرانکۆی دیکتاتۆر لەسەر وتار و نووسینەکانی. نیرۆدا هاوسەری پێشووی و کچەکەی جێی دەهێڵن بەرەو شاری مۆنتیکارلۆ و لەوێشەوە بۆ هۆڵەندا. کاتێکیش لە نێوان ساڵانی ١٩٤٠-١٩٤٣ لە مەکسیک باڵیۆز دەبێ هاوسەرگیری لەگەڵ دالیا دەکات و کچەکەشی ماڵڤا لە هۆلەندە لە کەمپی نازییەکان لە تەمەنی هەشت ساڵان دەمرێت.
چاوەکانت پڕ لە نیشتمان و ڕووبارن
چاوەکانت نیشتمانی منن
بە نێویاندا پیاسە دەکەم
لەگەڵ پیاسەکردنمدا جیهان ڕووناک دەکەنەوە
ئەی قەشەنگەکەم
ساڵی ١٩٤٠ کاتێ هەوڵی تیرۆرکردنی لیۆن ترۆتسکی شکستی هێنا، نیرۆدا ڤیزەی بۆ هونەرمەندی شێوەکاری مەکسیکی دەیڤد ئەلفرێدۆ سکویرۆس وەردەگرێت، کە یەکێک بوو لە پێلانگێڕانی ئەو تیرۆرە. دواتر نیرۆدا وتی ئەو کارەم لەسەر داوای سەرۆکی مەکسیک مانوێل ئەڤیلا کاماچۆ کردووە. ئەمەش سکویرۆس دووچاری زیندان و پاشان دەرکردنی لە مەکسیکەوە بۆ شیلل لێکەوتەوە و سکویرۆس لە خانووەکەی نیرۆدا لە شیلی دەگیرسێتەوە. ئەم پەیوەندییەی نیرۆدا سکویۆرس دەبێتە جێی سەرنجی ڕەخنەگران. ئەمەش وا لێکدرایەوە کە نیرۆدا تۆمەتبار کرا بەوەی یارمەتی ئەو تیرۆرەی کردووە.
ساڵی ١٩٥٣ نیرۆدا خەڵاتی ستالین بۆ ئاشتی پێدەدرێت. نیرۆدا باوەڕی بە ستالینیزم هەبووە و ئەمەش قڵشت دەخاتە پەیوەندی نیوان نیرۆدا و ئۆکتاڤیۆپاز، تا ئۆکتاڤیۆپاز لە کۆمێنتێکدا دەڵێ ” نیرۆدا تا دێت زۆرتر و زۆرتر بە ستالینیەتدا ڕۆ دەچێ و منیش تا دێت دڵخۆشییەکەم بە ستالین کاڵتر و کاڵتر دەبێتەوە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئۆکتاڤیۆپاز پێیوا بوو کە ” نیرۆدا گەورەترین شاعیری نەوەکەی خۆیەتی”. نیرۆدا سێ خانووی هەیە لە شیلی و ئێستا وەک مۆزەخانە بەڕووی خەڵکدا کراوەن. نیرۆدا لە ژیانیدا سی و هەشت کتێبی بەچاپ گەیاندووە و شانزە کتێب بە زمانی ئینگلیزی لەسەر نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە و دوو فلیمی لەسەر دەرهێنراوە و دوو کتێبی ئەدەبی لە ساڵەکانی ١٩٥٢ و ٢٠٠٨ لەسەر نووسراوە، ئەمە جگە لە نزیک بە بیست پارچە شیعری کراوەتە گۆرانی.
ئەی خۆشەویستم تێمبگە
من تۆم سەرتاپا خۆش دەوێ
لە تەوقی سەر تا نووکی پێ
لەناوەوە کە ڕووناکییەکانت تیادا حەشارداوە.
پابلۆ نیرۆدا لە بیست و سێی ئەیلوولی ساڵی ١٩٧٣ بە شێرپەنجەی پرۆستاست ماڵئاوایی لە ژیان دەکات و شیعر و کۆمۆنیزم و خەبات لە پێناو ڕزگاری مرۆڤایەتی بە یەکجاری جێدەهێلێت. هێزەکانی بینوشیە مۆڵەتیان نەدا پرسەی گشتی بۆ دابنێن ، بەڵام بە هەزاران کەس ئەو بڕیارەیان ڕەت کردەوە و ڕژانە سەر شەقامەکانی شیلی.
______________________________
سەرچاوەکان:
١– www.poemhunter.com/i/ebooks/pdf/pablo_neruda_2011_3.pdf
٢– www.en.wikipedia.org/wiki/Pablo_Neruda
٣– www.newyorker.com/magazine/2003/09/08/the-ecstasist
٤– www.theparisreview.org/interviews/4091/the-art-of-poetry-no-14-pablo-neruda