جەلال دەباغ کردوویە بە کوردی
سوپاس بۆ ئێوە..
سوپاس بۆ ئێوە..
خۆشەویستەکەم کوژرا.. ئێستا دەتوانن
لەسەر گۆڕی شەهید بادەیەک نۆشکەن
شیعرەکەی منیش ڕەشەکوژکرا..
جگە لە ئێمە – نەتەوەیەک هەیە لەسەر زەوی
شیعر ڕەشەکوژ بکا؟-
بەڵقیس..
جوانترین پاشابوو لە مێژوی بابلدا
بەڵقیس..
بەرزترین دارخورمابوو لە خاکی ئێراقدا
ئەگەر بڕۆیشتایە..
تاووسەکان یاوەری دەبوون..
ئاسکەکان لەدووی دەچوون..
بەڵقیس..ئەی ئازارەکەم..
ئەی ئازاری شیعرەکەم،
کاتێک پەنجەی بۆ دەبەم..
ئاخۆ دەبێ
دوای پرچی تۆ
گوڵە گەنمەکان بەرزببنەوە؟
ئەی نەینەوا سەوزەکەم..
ئەی قەرەجە قژزەردەکەم
پێست کاڵەکەم..
ئەی شەپۆلەکانی دەجلە..
بەهاران جوانترین پاوانە لەپێ دەکات..
ئەی بەڵقیس تۆیان کوشت..
ئەوە کام نەتەوەی عەرەبە..
دەنگی بولبولەکان تێرۆردەکات؟
کوان خاوەن شکۆکان؟
کۆنە شڕوشیتاڵەکان؟
گەورەپیاوەکانی پێشین؟
خێڵەکانبوون..خێڵەکانیان دەکرۆشت..
رێویەکان..ڕێویەکانیان دەکوشت..
جاڵجاڵۆکەکان..جاڵجاڵۆکەکانیان دەکوشت..
سوێندبێ بەدووچاوانت کە ملیۆنان ئەستێرە داڵدەدەدەن
ئەی مانگەکەم، لەسەر عەرەبی سەیروسەمەرە دەڵێم
ئایا قارەمانێتی درۆیەکی عەرەبییە؟
یا نمونەی مێژووەکەمان درۆیە؟
بەڵقیس
لێم ونمەبە
لەدوای تۆ خۆر
بەندەرەکان ڕۆشن ناکات..
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
وایلێهاتووە دز..بەرگی جەنگاوەر لەبەردەکات.
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
رابەری بەهرەدار وەک بەڵێندەری لێهاتووە..
دەڵێم:
داستانی تیشکدان، مەسخەرەترین نوکتەیە گوترابێ..
ئێمەش خێڵێکین لەناو خێڵاندا
ئا ئەوەتە مێژو.. ئەی بەڵقیس..
چۆن مرۆڤ
باخەکان و سەرەنوێلکەکان لێکجودا دەکاتەوە..
بەڵقیس..
ئەی شەهید..ئەی هۆنراوە..
پاکژو خاوێن..
(سەبەء) بەدوای پادشاکەیدا دەگەڕێت (١)
سڵاوی جەماوەربسێنەرەوە..
ئەی مەزنترین پادشا..
ئەی ئەو ئافرەتەی هەموو شانازیی
سەدەکانی سۆمەری بەرجەستەدەکەیت
بەڵقیس..
ئەی جوانترین چۆلەکەم
بەهادارترین نیگارم(٢)
فرمێسکی پەخشی سەر روومەتی مەجدەلیە (٣)
وادەبینی ستەمم لێکردوویت کە رۆژێکیان..
لە کەنارەکانی ئەعزەمیەوە..
تۆم گواستەوە.
بەیروت..هەر رۆژەی یەکێکمان لێدەکوژی
هەموو رۆژێک بەدوای قوربانییەکدا دەگەڕێیت..
مردن.. لە فنجانی قاوەکانماندا..
لە کلیلی ئاپارتومانەکەماندا..(٤)
لە گوڵەکانی باڵکۆنەکەماندا..
لە کاخەزی رۆژنامەکاندا..
لە پیتەکانی ئەلفوبێدا..
ئەوەتا ئێمە..ئەی بەڵقیس..
جارێکیتر دەچینەوە سەردەمی نەزانین..
ئەوەتا دەچینەوە ناو دڕندەیی..
دواکەوتن..ناشرینی..زەبوونی..
کە نووسین کۆچێکە
لە نێوان پارچەیەک و..پارچەیەکدا
ڕەشەکوژیی پەپولەیەک لە کێڵگەکەیدا..
بۆتە مەسەلەیەک..
بەڵقیسی خۆشەویستی من دەناسن؟
ئەو گرنگترینە کە لە پەڕتوکی دڵداریدا نووسرابێت
تێکەڵێکی یەکجار جوانبوو
لەنێوان ئەرخەوان و مەڕمەڕدا
وەنەوشە لەنێوان هەردوو چاویدا
دەنوێت و نانوێت..
بەڵقیس..
ئەی بۆنە خۆشەکەی یادگارم..
ئەی ئەو گۆڕەی لە هەوردا کۆچدەکات..
لەبیروت، تۆیان وەک هەر مامزێک، کوشت
دوای ئەوەی..وشەشیان کوشت..
بەڵقیس..
ئەمە شیوەن نییە
بەڵام..با بڵێین
سڵاو لە عەرەب..!
بەڵقیس..
تامەزرۆین..تامەزرۆین..تامەزرۆین..
ماڵە گچکەکەش..
دەیەوێ هەواڵی شازادە پرچ بەستراوە بۆنخۆشەکەی بزانێت،
گوێ لە هەواڵەکان دەگرین..
هەواڵەکان رووننین..
بۆ ئەوانەی ناگێڕێتەوە کە حەزدەکەن بزانن..
بەڵقیس..
تا سەرئێسقان سەربڕدراوین..
منداڵەکان نازانن چی روویداوە..
منیش نازانم..چی بڵێم؟
پاش چەند خولەکێک لەدەرگادەدەیت؟
پاڵتۆیە زستانییەکەت دادەکەنیت؟
ئایا زەردەخەنە لەسەر لێوان..
ناسک و ڕۆشنن..
وەک گوڵی باخان..
دێیتەوە؟
بەڵقیس..
هێشتا ڕووەکە سەوزەکانت..
لەسەر دیوارەکانن و دەگرین..
روخساریشت هێشتا..
لەنێوان ئاوێنەو پەردەکاندا..
دێت و دەچێت
تەنانەت ئەو جگەرەیەی داتگیرسان
نەکوژاوەتەوە..
دوکەڵەکەشی هێشتا
ناخوازێت کۆچبکات
بەڵقیس..
لێدراوین..لەناخەوە لێدراوین..
چاوەکانیش سەرسامییان تێدا.. نیشتەجێیە
بەڵقیس..
چۆنبوو رۆژەکانم و..خەونەکانمت لێبردم..
باخچەو وەرزەکانت نەهێشت..
هاوسەرەکەم..خۆشەویستم..هۆنراوەکەم..
رۆشنایی چاوەکانم..
تۆ کێشکە جوانەکەی من بوویت..(٥)
چون لەدەستم ڕاتکرد، ئەی بەڵقیس..؟
بەڵقیس..
ئەمە کاتی خواردنەوەی چای ئێراقیی بۆنخۆشە..
کۆنە وەک کویلە
جا لەمەولا کێ پەرداغ دابەشدەکات..ئەی زەرافە؟
کێ بوو فوراتی بۆ ماڵمان گواستەوە..
لەگەڵ هێنانی دەجلەو رەسافە؟
بەڵقیس..
خەم ئەنجن ئەنجنم دەکات..
بەیروت کە تۆی کوشت..بەتاوانەکەی نازانێت
بەیروت کە ئاشقتبوو..
نازانێ کە ئاشقەکەی خۆی کوشت..
مانگی کوژاندەوە..
بەڵقیس..
ئەی بەلقیس..
ئەی بەڵقیس
هەموو هەورێک بۆتۆ دەگری..
ئاخۆ کێبێ بۆ من بگری..
بەڵقیس..چۆن بەبێ دەنگی کۆچتکرد
دەستت نەخستە.. سەر دەستم؟
بەڵقیس..
چۆن ئێمەت لەبەر بادا بەجێهێشت
وەک گەڵای دار هەڵدەلەرزین؟
– ئێمەت هەرسێک – لە ونبووندا بەجێهێشت
وەک پەڕێکی ژێر باران..
ئاخۆ دەبێ بیرت لەمن نەکردبێتەوە؟
( کەمنم).. وەکو( زەینەب)یان(عومەر)..(٦)
پێویستم بە خۆشەویستیتە
بەڵقیس..
ئەی گەنجینە خەیالییەکەم..
ئەی ڕمە ئێراقیەکەم..
ئەی دارستانی حەیزەران..
ئەی ئەوەی لەبەرزیدا بەرەنگاریی ئەستێرەتکرد..
ئەم هەموو چالاکیی گەنجیەت لەکوێ هێنا؟
بەڵقیس..
ئەی دۆست و.. هاوڕێ..
ناسک، وەک گوڵە داودی..
بەیروت بۆمان تەنگە..دەریا تەنگە..
شوێن بۆمان تەنگە..
بەڵقیس: تۆ نەبوویت دووبارەبوویتەوە..
بەڵقیس دووانی نییە..
بەڵقیس..
درێژەی شتە گچکەکان لە پەیوەندیماندا سەرمدەبڕێ..
خولەک و چرکەکان جەڵدەم لێدەدەن..
هەر دەرزییەکی گچکە..چیرۆکێکە
هەر دەیەیەک لە دەیەکانت دوو چیرۆکی هەیە
تەنانەت قژگرە زێڕینەکەت
وەک نەریتی خۆی، بارانی سۆزم بەسەردا دەبارێنێ
تەختی پاشایی جوانی ئێراقی..
دەکێشێ بەسەر پەردەکاندا..
جێگەکاندا..
بەسەر قاپ و قاچاخەکاندا..
لە ئاوێنەکانەوە دەردەچیت..
لە ئوموستیلەکانەوە دەردەجیت..
لە شیعرەکانەوە دەردەچیت..
لە مۆمەکانەوە..
لە پەرداخەکانەوە..
لە شەرابی ئەرخەوانییەوە..
بەڵقیس..
ئەی بەڵقیس.. ئەی بەڵقیس..
ئەگەر دەزانیت ئازاری شوێنەکە چییە..
لە هەر گۆشەیەک..تۆ وەک چێشکەیەک..
هەڵدەفڕیت و بەم ناوەدا دێیت و دەچیت..
بۆنتخۆشە وەک دارستانی بەیلەسان..(٧)
لەوێدا..جگەرەت دەکێشا..
لەوێدا.. دەتخوێندەوە..
لەوێدا..وەک دارخورمایەک شانەتدەکرد..
دەهاتیتەلای میوانەکان..
وەک شمشێرێکی یەمەنیبوویت..
بەڵقیس..
کوا شوشەی گەیرەلان؟(٨)
کوا چەرخە شینەکە..
کوا جگەرەی(کەنت)
کە لێوەکانتی جێنەدەهێشت؟
کوا هاشمیی گۆرانیبێژ..
لە سەرو پێکهاتەی فێستیڤاڵەوە..
شانەکان رابوردوی خۆیان بیردێتەوە..
وردە فرمێسکیان دەرژێتەوە..
ئاخۆ شانەیەکانیش لە تاسەیان ئازاردەچێژن؟
بەڵقیس: گرانە لە خوێنی خۆم کۆچ بکەم..
لەکاتێکدا لەنێوان کڵپەی ئاگرو..
کڵپەی دوکەڵدا گەمارۆ دراوم..
بەڵقیس: شازادەکەم
ئەوەتا تۆ.. لەجەنگی خێڵ وخێڵدا..
دەسوتێیت
لەسەر کۆچی پاشایەکەم چی بنووسم؟
قسەکردن ریسواییمە..
ئەوەتا ئێمە لەناو کەڵەکەی قوربانییەکاندا..
بەدوای ئەستێرەیەکدا دەگەڕێین کە کشاوە..
بەدوای لەشێکدا وەک ئاوێنە شکاوە..
پەرشوبڵاوە..
ئەوەتا ئەی خۆشەویست ئێمە دەپرسین..
ئاخۆ ئەمە گۆڕەکەی تۆیە
یان گۆڕەکەی عروبەیە..
بەڵقیس:
ئەی ئەو لاولاوەی پرچەکانی بەسەرمندا شۆڕکردونەوە..
ئەی زەرافەی سەربڵندیی
بەڵقیس:
دادوەریی عەرەبیمان وایە عەرەب تێرۆرمان بکات..
عەرەب گۆشتمان بخوات..
عەرەب ورگمان هەڵدرێت..
عەرەب گۆڕمان هەڵکۆڵێت..
جا چۆن لەم دادوەرییە ڕاکەین؟
خەنجەری عەرەبی..هیچ جیاوازییەک ناکات
لەنێوان گەردنی پیاوان و..
گەردنی ژناندا..
بەڵقیس:
ئەگەر ئەوان هاتن تۆیان تەقاندەوە..لەلای ئێمە
گشت جەنازەکان لە کەربەلا دەستپێدەکەن..
لە کەربەلا کۆتاییاندێ..
لەمڕۆ بەدواوە مێژو ناخوێندمەوە
پەنجەکانم گڕیانگرتووە..
جلەکانم بەخوێن داپۆشراون..
ئەوەتا ئێمە دەچینە ناو چەرخی بەردینمان
رۆژانە هەزار ساڵ..دەگەڕێینەوە بۆ دواوە..
دوای کۆچی چاوانی تۆ..
دەریا لە بەیروت خۆیکشانەوە..
شیعر..پرسیاری هۆنراوەکەی دەکات
کە هێشتا وشەکانی تەواونەبوون..
کەسیش.. وەڵامی پرسیارەکە ناداتەوە
خەم ئەی بەڵقیس..
وەک پرتەقاڵ شادیم دەگوشێت..
ئێستاکە..تەنگوچەڵەمەی وشەکان دەزانم
گرفتی زمانی هەڵپێچراو دەزانم
من خۆم نامەکان دادەهێنم..
نازانم.. چۆن نامەکە دەستپێبکەم..
شمشێر بەناو گۆشتی کەمەرمدا رۆدەچێت
بەناو سێبەنگەی بڕگەشدا
تۆ هەموو شارستانییەکی، ئەی بەڵقیس،
مێینە خۆی شارستانییە..
بەڵقیس: تۆ گەورەترین مژدەی منی
کێبوو مژدەکەی دزی؟
تۆ نووسینیت پێشئەوەی نووسین هەبێت..
تۆ دوورگەو منارەیت..
بەڵقیس:
ئەی ئەو مانگەم کەلەناو بەردەکاندا دایانپۆشی
ئێستا پەردە لادەدرێ..
ئێستا پەردە لادەدرێ..
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم..
من ناوەکان دەزانم..شتەکان..بەندییەکان..
شەهیدەکان..هەژارەکان..لاوازەکان..
دەشڵێم من شمشێروەشێنەکەی
بکوژی هاوسەرەکەم دەناسم..
ڕوخساری هەموو سیخۆڕەکان دەناسم..
دەشڵێم: پاکژیمان جندەییە..
خواپەرستیمان پۆخڵییە..
دەڵێم: خەباتمان درۆیە
هیچ جیاوازیش نییە..
لەنێوان سیاسەت و لەشفرۆشیدا!!
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
من بکوژەکانم ناسیوە
دەڵێم:
لە سەربڕینی یاسەمیندا
ئەم زەمانەی عەرەبیمان پسپۆڕە
لەکوشتنی هەموو پەیامبەراندا..
لە کوشتنی هەموو نێردراواندا..
تەنانەت چاوە سەوزەکان..
عەرەب دەیانخۆن
تەنانەت پرچە هۆنراوەکان.. ئوموستیلەکان..
بازنەکان..ئاوێنەکان..یارییەکان..
تەنانەت ئەستێرەکان لە نیشتیمانی من دەترسێن..
هۆیەکەشی نازانم..
تەنانەت باڵندەکان لەنیشتیمانی من هەڵدێن..
هۆیەکەشی نازانم..
تەنانەت ئەستێرەکان..پاپۆڕەکان.. هەورەکان
پەڕاوەکان..پەرتوکەکان
هەموو شتەکانی جوانی..
گشتیان.. لەدژی عەرەبن..
کاتێک لاشەی روناکت پرژا
ئەی بەڵقیس،
مروارییەکی گرانبەهای لێکەوتەوە
بیرمکردەوە: ئایا کوشتنی ئافرەتان حەزێکی عەرەبییە
یان ئێمە لە بنەچەدا، تاوانکاریی پیشەمانە؟
بەڵقیس..
ئەی ماینە جوانەکەم.. من
لە هەموو مێژودا شەرمەزارم
ئەمە وڵاتێکە تێیدا وڵاخ دەکوژن..
ئەمە وڵاتێکە تێیدا وڵاخ دەکوژن..
لەو رۆژەوە سەریانبڕیت..
ئەی بەڵقیس..
ئەی جوانترین نیشتیمان..
مرۆڤ نازانێت لەم نیشتیمانەدا چۆن دەژی..
مرۆڤ نازانێت لەم نیشتیمانەدا چۆن دەمرێ..
هێشتا بەخوێنم..
بەرزترین سزادەدەم..
تا دنیا بەختەوەرکەم..بەڵام ئاسمان
ویستی بەتەنیا بمێنمەوە..
وەک گەڵای زستان
ئایا شاعیران لە منداڵدانی دەردەسەریدا لە دایکدەبن؟
ئایا هۆنراوە لێدانە لە دڵ..
کەهیچ چارەسەری نییە؟
یان بەتەنیا هەرمنم
چاوەکانی مێژوی گریان کورتدەکاتەوە؟
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
مامزەکەم چۆن بە شمشێری ئەبولەهەب مرد
هەموو دزەکان لە بەندەرەوە تا ئۆقیانوس
وێراندەکەن..دەسوتێنن..
تاڵاندەکەن..بەرتیلدەخۆن..
دەستدرێژی دەکەنە سەر ئافرەت..
بەوجۆرەی ئەبولەهەب دەیەوێ..
هەموو سەگەکان فەرمانبەرن..
دەخۆن..
سەرخۆشدەبن..
لەسەر وێری ئەبولەهەب..
هیچ دەنکە گەنمێک لە زەویدا ناڕوێ..
بەبێ بیروڕای ئەبولەهەب
لای ئێمە هیچ منداڵێک لەدایکنابێت
ئەگەر رۆژێک دایکی..
سەردانی نوێنی ئەبولەهەبی نەکردبێت!!
هیچ بەندیخانەیەک ناکرێتەوە..
بەبێ بیروڕای ئەبولەهەب..
هیچ سەرێک نابڕدرێت
بەبێ فەرمانی ئەبولەهەب..
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
چۆن دەستدرێژی کرایەسەر شازادەکەم
چۆن پیرۆزەی چاوەکانی و
ئوموستیلەی بوکێنییان دابەشکرد..
هەروا دەڵێم چۆن قژەکەیان دابەشکرد..
کەوەک روباری زێڕ دەڕۆیشت..
لە لێکۆڵینەوەدا دەڵێم:
چۆن دەستیانگرت بەسەر ئایەتەکانی
قورئانە پیرۆزەکەیداو گڕیانتێبەردا..
دەڵێم چۆن خوێنیان ڕشت..
چۆن بوون بە خاوەنی دەمی..
لە وێدا هیچ گوڵێکیان جێنەهێشت..ترێشیان جێنەهێشت
ئایا مردنی بەڵقیس..
تاقە سەرکەوتنە
لە هەموو مێژوی عەرەبدا؟؟..
بەڵقیس..
ئەی ماشوقەکەی من تا بێهۆشبوون..
پەیامبەرە درۆزنەکان..
چوارمشقی دادەنیشن..
سواری گەلان دەبن
بێ پەیامیش..
ئەگەر ئەوان لە فەلەستینی خەمبارەوە..
ئەستێرەیەک..
یان پرتەقاڵێکیان..
بۆ هەڵگرتینایە
یاخود لە کەنارەکانی غەزەوە
بەردێکی گچکە
یان سەدەفێکیان بۆ هەڵگرتینایە
ئەگەر لەماوەی چارەکە سەدەیەکدا..
زەیتونێکیان ئازادکردایە..
یان لیمۆیەکیان بگەڕاندایەوە
شەرمەزاریی مێژویان بسریبایەوە
سوپاسی ئەوانەم دەکرد کە تۆیانکوشت.. ئەی بەڵقیس
ئەی مەعشوقەکەم تا بێهۆشبوون..
بەڵام فەلەستینێکیان فەرامۆشکرد
تا مامزێک تێرۆربکەن!!
ئەی شیعر چی دەڵێت، ئەی بەڵقیس..
لەم زەمانەدا؟
شیعر چی دەڵێت؟
لەسەردەمی شعوبی..
مەجوسیی..
ترسنۆکدا
جیهانی عەرەبی
هاڕدراوە..ڕیشەکێشکراوە..
زمانی بڕدراوە..
ئێمە تاوانین لە زاڵبوونیدا
(العقد الفرید) چییەو (گۆرانیەکان) چین؟؟(٩)
تۆیان لەدەستی من فڕاند ئەی خۆشەویستەکەم..
هۆنراوەیان لە دەمم فڕاند..
نووسین و.. خوێندنەوەیان فڕاند..
منداڵی و..ئاواتەکانیان فڕاند
بەڵقیس.. ئەی بەڵقیس..
ئەی ئەو فرمێسکەی دەڕژێتە
سەر برژانگەکانی کەمان..
بکوژەکانتم فێری نهێنییەکانی خۆشەویستیکرد
بەڵام ئەوان..پێش کۆتایی یەکەم بەشی یاریەکە
ئەسپەکەی منیانکوشت
بەڵقیس:
داوای بوردنت لێدەکەم، لەوانەیە ژیانی تۆ
قوربانیبێ بۆ ژیانم..
من زۆرچاک دەزانم..
ئەوانەی بەکوشتنەکەوە لکان، مەبەستیان
کوشتنی وشەکانمبوو!!!
ئەی جوانکیلە..بنو خوابتپارێزێ
لەدوای تۆ شیعر مەحاڵە..
مێیەتی مەحاڵە
چەندان نەوەی منداڵان هەروا دەمێننەوە..
پرسیاری پرچە درێژەکانت دەکەن..
چەندان نەوەی ئاشقان
لەبارەی تۆوە دەخوێننەوە..ئەی مامۆستای راستەقینە..
رۆژێک دەبێ عەرەبەکان بزانن..
ئەوان پەیامبەرێکیان کوشتووە..
پەیامبەرێکیان کوشتووە..
پ..ە..ی..ا..م..ب..ە..ر..ێ..ک..ی..ا..ن..
ک..و..ش..ت..و..و..ە
———————-
پەڕاوێزەکان:
لەلایەن وەرگێری کوردیی شیعرەکەوە نووسراوە.
(١) سەبەء: دەوڵەتێکبوو لە خۆرهەڵاتی یەمەن، لە سەدەی دەیەمدا، بە ژنە شایەکەی(بەڵقیس)و بە (بەربەستی مەئرەب) لە مێژودا بەناوبانگە.
(٢) ئایکۆن: الأیقونة، وشەکە لەگرێکەوە وەرگیراوە، بە مانای نەخش و نیگار، وێنەی ئاینی لەئۆرتۆدۆکسی گرێکدا. ئەو وێنانە هێماو سومبولن.
(٣) مەبستی مریەم مەگدالینە.
(٤)ئاپارتومان: شقة.
(٥)کێشکە: چۆلەکە.
(٦)زەینەب وعومەردوو منداڵەکەی بەڵقیس ونەزارن.
(٧)بەیلەسان: جۆرێکە لە رووەک کە عەترو بۆنیخۆشی لێدەردەهێندرێت، گوڵێکی سپیشی هەیە، چڵەکانیشی لە کۆندا وەک”سیواک” بۆ پاککردنەوەی ددان بەکاردەهێندرا.
(٨) شوشەی گەیرەلان: باشترین بۆنیخۆشە لە دنیادا.
(٩)العقدالفرید: پەڕتوکێکە لەنووسینی ع.ر.ئەندەلوسی
کتاب الأغاني: پەرتوکێکە لە نووسینی أبو الفرج الأصفهاني.
(*) بەڵقیس ئەلڕاوی(١٩٣٩- ١٩٨١) دیبلۆماسییەکی عێڕاقی بوو، ساڵی ١٩٦٩هاوسەرگیری لەگەڵ شاعری سوری نەزار قەبانیداکرد. لە تەقاندنەوەی باڵوێزخانەی عیراقدا لە بەیروت شەهیدبوو.