كریس هارمەن
و. پێشڕەو محەمەد
خراپەی ئینسانەكان، دوای مردنیشیان هەر دەمێنێتەوە. وەهایە میراتی ئابووریناسێك بەناوی میڵتۆن فریدمەن كە حەفتەى پێشوو [ئەم وتارە 2006 نووسراوە] لە تەمەنی 94 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد.
ئەگەر بڕیار بێت باوەڕ بە قسەى بەرگریكارانی بەكرێگیراوی سەرمایەداریی بكەن (ئینجا چ پارتی موحافەزەكار و لیبڕاڵ و چ پارتی كاری نوێ بێت)، ئەوا فریدمەن پیاوێكی گەورە بوو.
ڕۆژنامەى “گاردیان” بە بڵاوكردنەوەی وەفاتنامەیەك بەم بۆنەیەوە، ئەوی وەك “یەكێك لە گەورەترین ئابووریناسانی هەموو سەردەمەكان” ناساند كە “هەر لەو ڕیزەدا كەسانی دیاری وەك ئادەم سمیس، دەیڤد ڕیكاردۆ، كاڕڵ ماركس و جۆن ماینارد كینز دەوەستن”.
دیارە هیچ كەس جورئەتی ئەوە ناكات بیر لەوە بكاتەوە فریدمەن لەتەنیشتی ئەم شەخسییەتانە دابنێت. نووسینەكانی ئادەم سمیس هەوڵێكی پێشەنگانە بوو بۆ دەرككردنی خەسڵەتەكانی سیستەمێكی نوێی ئابووریی كە نزیكەى 230 ساڵ پێش ئێستا لە بریتانیا دەستی بە پەیدابوون كرد: سەرمایەداریی پیشەسازی.
سمیس دەیبینی كاری ئەو كەسانەى كار دەكەن سامانی كۆمەڵگا زیاد دەكەن و قازانج “دەركێشان و هەڵێنجان”ـە لەو كارە.
ڕیكاردۆ هەنگاوێك شیكارییەكەى سمیسی بردە پێشەوە. ئەویش ئەوەی دەستنیشان كرد كە سیستەمی بازاڕ دەبێتە هۆی هەڵكشانی سامانی سەرمایەداریی لەلایەك، بەڵام دەبێتە هۆی هەڵكشانی بێكاریی و هەژاریی بۆ كرێكاران لەلایەكی دیكەوە.
كینز لە سەروبەندی قەیرانی گەورەى ئابووریی دەیەى 1930 هاتە مەیدانەكەوە. ئەویش دەیبینی كە سەرمایەداریی دەتوانێت ئەمجۆرە قەیرانانە بخوڵقێنێت كە خەڵك لەگەڵ خاك و خۆڵدا یەكسان دەكات.
بەڵام فریدمەن بەپێچەوانەوە لایەنگری دەست لەسەر سینە و بێ كۆت و بەندی ترس و تۆقاندنەكانی سەرمایەداریی بوو. ئەو لە بەرانبەردا پشتیوانیی لە تیۆریی ئابووریی “نیۆكلاسیك” كرد؛ ئەو تیۆرییەى دووردەكەوتەوە لە زۆربەى تێگەیشتن و دەرككردنەكانی سمیس و ڕیكاردۆ.
تیۆریی نیۆكلاسیك پێیوابوو ئابووریی هەمیشە جوڵەیەكی یونیفۆرم و یەكپارچە دەكات، بەمەرجی ئەوەى سەرمایەداران لە شەڕ و خراپەى “دەستێوەردانی دەوڵەت” و “مۆنۆپۆلە ناسروشتییەكان” (بۆ نموونە یەكێتییە كرێكارییەكان) ڕزگاریان بێت.
ئەم تیۆرییە كاراییەكی زۆری بۆ ئەو ئەكادیمییانە هەبوو كە قسەكانیان وابەستە بوو بە ماستاوكردن بۆ دەسەڵاتداران و ئەم تیۆرییە زیاتر لەنیو سەدە لە زانكۆكاندا ملهوڕی كرد.
بەڵام پاشان قەیرانی دەیەى 1930 هات، بە كێوێكی كاڵای بەسەرچووەوە، سەدان بانك ئیفلاسیان كرد و بێكاریی یەك لەسەر سێی دانیشتووانی ئەمریكا و ئەڵمانیای گرتەوە.
ناواقیعیبوونی پێرفێكتی نەریتی ئەرسەدۆكسی ڕابردوو دەركەوت، ئەویش نەك تەنها بۆ ئەو كەسانەى كەوتبوونە بەردەم مەترسیی زیانەكانی قەیرانەكەوە، بەڵكو هەروەها بۆ ئەو سەرمایەدارانەى بۆ پارێزگاریكردن لەخۆیان لە بەرانبەر ئیفلاسبووندا چاویان لەدەوڵەت بڕیبوو.
كینز دەیگوت دەوڵەت دەبێت تەداخول بكات بۆ ئەوەى نەهێڵێت سەرمایەداریی خۆى لەناوبەرێت. ئەم ئاراستەیە گۆڕا بۆ نەریتێكی ئەرسەدۆكسی تازە كە ڕابەرانی پارتی موحافەزەكار و پارتی كاری بریتانیا بۆ ماوەى سێ دەیە دوای جەنگی دووەمی جیهان، ئەمەیان قبوڵكرد.
ئابووریناسانی وەك فریدمەن كە خۆیان بە دیدگا كۆنەكانەوە لكاندووە، هێشتا كەسانێكی پەراوێزیی بوون و لەوانەیە بووبێتنە مایەى گاڵتەجاڕیی زۆرێك لە هاوكارەكانیان.
بەڵام قەیران، لەناكاو جیهانی سەرمایەداریی دووبارە لە ساڵانی نێوان 1973 و 1976 و 1980 و 1982 تووشی شۆك كرد. حكومەتەكان هەوڵیاندا هەمان ڕەچەتە و دەرمانە پێشنیازكراوەكانی كینز بەكاربهێنن – بەڵام بینییان ئەم ڕەچەتانە چیتر وەڵامی قەیرانەكە نادەنەوە.
فیردمەن لەناكاو بوو بە دەموچاوێكی دیار و بانگەشەى ئەوەی كرد سەرمایەداریی دەبێت لە دەستی تەداخولی دەوڵەت “ڕزگار” بكرێت؛ دەبێت دەوڵەمەندان ئازاد بن كە دەوڵەمەندتر بن؛ و دەبێت كۆتایی بە هەرجۆرە هەوڵێك بۆ نەهێشتنی بێكاریی بهێنرێت.
بۆ ئابووریناسان، ئەمە پەیامێكی مەحبوب بوو. ئەوان دەیانگوت قەیرانی دەیەى 1930 بەهۆی تەداخولنەكردنی دەوڵەتەوەیە كەچی ئێستا تەداخولی دەوڵەت بە بەرپرسی قەیرانە تازەكان دەبینن.
بیروباوەڕەكانی فریدمەن سەرەتا لە شیلی 1973 پیادە كرا. پاش كودەتای میلیتاریی وەحشیگەرایانە بە سەركردایەتیی ژەنەڕاڵ پینۆشە كە بووە هۆى مردنی هەزاران كەس و لەناوچوونی بزووتنەوەى كرێكاریی.
پارە
تاقیكردنەوەى شیلی بە كارەسات كۆتایی هات، بەجۆرێك هەشت ساڵ دواتر بانكە گرنگەكانی وڵات ئیفلاسیان كرد. بەڵام ئەم ڕووداوانە نەبووە ئاستەنگ لەبەردەم ئەوەدا كە مارگارێت تاتچەر ئایدیا و بیروباوەڕەكانی فریدمەن لە بریتانیای دەیەى 1980 پیادە بكات.
فریدمەن باسی لە دروستبوونی دوو تیۆریی ئابووریی نوێ دەكرد. یەكەم ئەگەر سەرمایەداریی ڕووبەڕووی كێشە دەبێتەوە، بەهۆى ئەوەیە حكومەت نازانێت چۆن كۆنتڕۆڵی خستنەڕووی پارە بكات.
بەڵام ئەم تیۆرییە “پارەگەراییە” نە تازە بوو (كاڕڵ ماركس سەدەیەك پێشتر لە بەرگی سێیەمی سەرمایەدا شیتەڵ و شیكاریی كردبوو) و نە دەیتوانی لە پراكتیكیشدا پیادە بكرێت. حكومەتەكان بینیان ناتوانن كۆنتڕۆڵی خستنەڕووی پارە بكەن و ئابووریناسان هاتنە ناو مشتومڕێكی زۆرەوە لەم بارەیەوە كە چۆن كەسێك دەتوانێت تەنانەت ئەندازەگیریی بۆ بكات.
دووەمین “داهێنان”ی فریدمەن ئەوە بوو هەوڵەكانی حكومەت بۆ كەمكردنەوەى بێكاریی وەڵام نییە بۆ قەیران، چونكە “ئاستێكی سروشتیی بێكاریی” هەر بوونی هەیە.
فریدمەن بێ ئەوەى بزانێت تەنها مەشغوڵی دووبارەكردنەوەى حەقیقەتێكی كۆن بوو دەربارەى سەرمایەداریی. ئەویش سەرمایەداریی پێویستیی بەو شتەیە كە ماركس پێیدەگوت “سوپای یەدەگ”ی بێكاران بۆ هێشتنەوەى كرێ بەنزمی.
بەڵام ناڕوونی و ناڕەوانیی تیۆرییەكەى فریدمەن هیچ گرنگییەكی نەبوو. ئەو پاساوێكی ئایدیۆلۆژیانەى بۆ هێرشكردنە سەر كرێكاران داتاشیبوو. بەم هۆیەوەیە سەرمایەداریی فریدمەن دەپەرستێت. بەڵام دەبێت ئێمە تف لە گۆڕەكەى بكەین.
25ی نۆڤەمبەری 2006