لاپەڕەی سەرەکی دۆسیەی تایبەت ئێران… ئایا وەرزی پاییزی ڕژێمی تیۆکراسییە؟

ئێران… ئایا وەرزی پاییزی ڕژێمی تیۆکراسییە؟

0 تێبینییەکان 90 بینینەکان

نووسینی: نووسینى: ئەمیل ئەمین (الشرق الأوسط)
وەرگێڕان: د. حلمی رەسوڵ رەزا

لە تشرینی دووەمی ڕابردوودا، کەریم سەجادپوور، شیکەرەوەی سیاسی ئەمریکی (ئێرانی ئەسڵ)، وتارێکی لە گۆڤاری “فۆرین ئەفێرز”دا لەژێر ناونیشانی «پاییزی ئایەتوڵڵاکان» بڵاوکردەوە و پرسیاری کرد: چ جۆرە گۆڕانکارییەک لە ئێراندا ڕوودەدات؟ بنەمای پرسیارەکە ئەوە بوو کە کاتی کۆتاییھاتنی ئەو ڕژێمە ئایینییە ھاتووە کە لە ساڵی ١٩٧٩وە حوکم دەکات، بۆیە پێویستە بزانرێت کەی دەڕووخێت و کێ دەبێتە جێگرەوەی.
ئەمڕۆ، لە سایەی ئۆپەراسیۆنی “توڕەیی داستاناوی” و “نەڕەی شێر”دا، ئەو پرسیارانە کەوتوونەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە. ھەرچەندە ئەنجامی شەڕەکە لەسەر زەوی بە تەواوی ڕوون نییە، بەڵام یەکێک لە دەرەنجامە حەتمییەکان، داڕمانی تەواوەتی ئابووریی ڕژێمە؛ چونکە تاران خاوەنی بنەمایەکی ئابووریی ئەوتۆ نییە و پێشتریش لەسەر لێواری ھەڵدێر بوو، ئێستاش ئەم ھێرشانە بەرەو خوارەوەی پاڵدەنێن.
ئایا داڕمانی ئابووری دەبێتە ڕێگەی سەرەکی بۆ ڕووخانی دەوڵەتی تیۆکراتە ئێرانییەکان؟ بێگومان کوژرانی عەلی خامنەیی و نزیکەی ٤٠ کەس لە سەرکردە باڵا سیاسی و سەربازییەکان کە کۆڵەکەی ڕژێم بوون، کارەساتێکی گەورەیە. ئەم چینە حاکمەی کە ئەزموونی پێنج دەیەیان ھەبوو ئێستا خەریکە دەسڕێنەوە، ئەمەش دەرگای بۆ ململانێ لەسەر پۆستەکان واڵا کردووە، کە ئەمە سەرەتای ھەڵوەشانەوەیە.
لێرەدا پرسیارێک دێتە پێش: کێ ئەم ھەلە دەقۆزێتەوە بۆ یەکخستنی گەل و پێشکەشکردنی جێگرەوەیەک بۆ ئەم ڕژێمە دۆگماییە؟ لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە سەرکردە نوێیەکانی ئێران و ئارەزوویان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ واشنتۆن، نیشانەی ئەوەیە گۆڕانکاریی پێکھاتەیی لە ئارادایە، ھەرچەندە عەلی لاریجانی ڕەتی دەکاتەوە، بەڵام ئەمە دەری دەخات ململانێی دەسەڵات دەستی پێکردووە.
چی وای کرد پیاوانی ئایینی ئێران بگەنە پاییزی تەمەنیان؟ ڕوانینی ڕەھا بۆ شتە نیسبییەکان و حوکمڕانی لەسەر بنەمای تێڕوانینی سەروو سروشت، وای کرد ئێرانییەکان بە گومانەوە سەیری جیھان بکەن؛ بیانییەکان وەک نێچیرگر و ڕۆشنبیرەکانیش وەک خیانەتکار وێنا کران. لە ماوەی پێنج دەیەی ڕابردوودا، دامەزراوەکان کرانە قوربانی چەند کەسێک و پەرستنی کەسایەتییەکان جێگەی لێپرسینەوە و بەڕێوەبردنی دروستی گرتەوە، بۆیە گەندەڵی بڵاوبووەوە و ئەفسانە جێگەی ئەقڵی گرتەوە.
ڕژێم شەرعییەتی خۆی لەدەست دا کاتێک ویستی لە ڕێگەی “شەڕی بریکارەکان” و بەکارھێنانی مەزھەب وەک چەک و ھاوکاریکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان و پڕچەککردنی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا، ھەژموونی خۆی بسەپێنێت. سەجادپوور ئێران بە “یەکێتی سۆڤیەت” لە ڕۆژانی کۆتاییدا دەچوێنێت؛ کە بە زۆر ئایدیۆلۆژیا کۆنەکەی ڕادەگرێت و سەرکردایەتییە ڕەقەکەی ڕێگری لە چاکسازی دەکات.
گەورەترین ھەڵەی تیۆکراتەکان ئەوە بوو کە ویستیان “تۆڵە لە مێژوو” بکەنەوە. مێژوویەک کە تێیدا لە سەدەی نۆزدەھەمدا نیوەی خاکەکەیان لەدەست دا (قەوقاز بۆ ڕووسیا و ھیرات بۆ ئەفغانستان) و لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن بەریتانیا و ڕووسیاوە دابەش کران. ئەم ئارەزووە بۆ تۆڵەکردنەوە نەک ھەر زیانی بە گەلی ئێران گەیاند، بەڵکو زیانی بە وڵاتانی دراوسێش گەیاند و وای لێ کردن پەنا بۆ چەکی ئەتۆمی و موشەکی ببەن. پاییزی تیۆکراتەکان لەو گێڕانەوە وەھمیانەدا کورت دەبێتەوە کە تۆوی لەناوچوونیان تێدا بوو. ئایا پەرەسەندنەکانی دوایی بەرەو “بەھارێکی ئێرانی” ڕاستەقینەمان دەبەن؟

0 FacebookTwitterPinterestEmail

لێدوانێک بەجێ بهێلە