بۆ ڕای گشتی عیراق و کوردستان
ھێز و لایەنە کوردستانیەکان
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
حکومەتی عێراق
نوێنەرایەتی دبلۆماسی وڵاتان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان
وەک ھەموو لایەک ئاگادارن و بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ و ئەو جموجۆڵە مەیدانیانەی لە ئارادایە، سەبارەت بە ئۆپراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان، سوپای ئەو وڵاتە دوای ئەنجامدانی چەندین ئۆپراسیۆن لە رابردوودا، وا جارێکی دیکە ئامادەکاری دەکا بۆ ئۆپراسیۆنێکی فراوانتر کە ئامانج لێی داگیرکردنی زیاتری خاکی ھەرێمی کوردستانە، لەوبارەیەوە ھێنانی سەدان تانک و چەکی قورس و دانانی بازگە لە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان بەڕای ئێمە ھەنگاوێکی مەترسیدارە.
بۆیە ئێمە لە لیژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانی، وەک چۆن لە رابردوودا بە ڕاشکاوی دژ بە ھەر جۆرە لەشکرکێشیەک بووین، دژ بە خاکی ھەرێمی کوردستان، وە پێمان وابووە کە کێشە و گرفتەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان بە شەڕ و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن چارەسەر ناکرێت، بە پێچەوانەوە گشت لایەک تێیدا زەرەرمەند دەبێت و کێشەکان قوڵتر و ئاڵۆزتر دەکات.
بۆیە ئێمە جەغت دەکەینەوە کە تاکە ڕێگا بۆ سەقامگیری ناوچەکە بە گشتی و تورکیا و عێراق و کوردستان بە تایبەتی، گەڕانەوەیە بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان .
ئەنجامدانی ئۆپراسیۆن بۆ ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراق پێشێلکاری سەروەری عێراقە بۆیە پێویستە حکومەتی عێراق لە چوارچێوەی پەیوەندیەکانی خۆی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا رێگری لەو ئۆپراسیۆنە سەربازیە بکات.
ھەروەھا لەسەر سەرجەم ھیز و لایەن سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان پێویستە ڕەچاوی ھەڵومەرجی سیاسی ناوچەکە بە گشتی و ھەرێمی کوردستان بە تایبەتی بکەن، چونکە باشوری کوردستان لەھەڵومەرجێکی زۆر دژوارە لەگەڵ کۆمەڵێک کێشەی سیاسی و ئابوری ھەم لە ناوخۆدا و ھەم لەگەڵ عێراق رووبەرووە، بۆیە پێویست دەکات ھەموو لایەک لە چوارچێوەی بەرژەوەندی نیشتمانی و نەتەوەیی، لە ئاستی بەرپرسیارەتی بێت.
ئێمە لە لیژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانی سەرەڕای تێبینی و سەرنج و ناڕەزایی زۆرمان لە بەرامبەر حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەڵام دواجار ئەم ھەرێمە دەستکەوتێکی مێژووی گەلی کوردستانە بۆ ھەر چوار پارچەی کوردستان. بۆیە تەنیا لە رێگەی ھەماھەنگی لایەنەکان و دەستگرتن بە ستراتیژی یەکێتی نەتەوەیی دەتوانین بەرەنگاری پیلانی داگیرکاری ببینەوە کە دژ بە خاکی ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت.
لێژنەی کاری ھاوبەشی چەپی کوردستانی
1ی تەمووزی 2024