رۆژی ٢١\٩، ڕۆژی ئاشتییە و ئەمساڵیش لەکاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە کە شەڕ باڵی بەسەر بەشێکی ئەم جیهانەدا کێشاوە، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زیاتر لە هەر ناوچەیەکی دیکە لە ئاشتی دوورکەوتووەتەوە.
لەسەر ئاستى هەر چوارپارچەى کوردستانیش بەهۆى شەڕ و ئاڵۆزیى و هەروەها خراپى پەیوەندى نێوان لایەنە سیاسییەکان، ئاشتى کۆمەڵایەتى لە دۆخێکى خراپدایە و ناکۆکى و ململانێى حزبایەتى، ئاشتى کۆمەڵایەتی پارچەکانى کوردستانیان خستووەتە مەترسییەوە.
ئاشتی خەونی هاوبەشی هەموو مرۆڤایەتی، ئەو خەونەی زۆر جار دەبێتە قوربانی بەرژوەندییەکانی سیاسەتمەداران و بازرگانانی شەڕ.
کۆترەکانی ئاشتی کوردستانیشیان جێهێشتووە، لە باکوری کوردستان زیاتر لە ساڵێکە شەڕێکی قورس لە ئارادایە، پرۆسەی ئاشتی کە بڕیاربوو هەر دوو گەلی کورد و تورک لە سێبەریدا بحەسێنەوە چیتر کەس باسی لێوەناکات، حکومەتی تورکیا دەڵێت، ئەم شەڕە تا لەناوبردنی یەکجاری پەکەکە بەردەوام دەبێت، پەکەکەش دەڵێت مادام حکومەتی ئاشتی ناوێت تا ئەو کاتەی حکومەت مل بۆ داخوازییەکانیان دەدات، بەردەوام دەبن لە شەڕ.
ڕۆژئاوای کوردستانیش لەلایەکەوە ماوەی چوار ساڵە لە شەڕێکی قورسدایە لەگەڵ گروپە توندڕەوەکانی وەک داعش و بەرەی نوسرە و لەلایەکی دیکەشەوە لەناوخۆیدا لایەنە سیاسییەکانی لە ناکۆکییەکی قوڵدان، هێزەکانی ناو ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی سوریا ناسراو بە ئەنەکەسە پارتی یەکێتی دیموکراتیک پەیەدە بە دیکتاتۆریەت تۆمەتبار دەکەن، لە بەرامبەردا پەیەدەش ئەنەکەسە بە پیلانگێڕی لە دژی ئەزمونی ڕۆژئاوا تۆمەتبار دەکات، هەرچەندە ئەو دوو لایەنە ناکۆکە لە شەڕدانین، بەڵام ئاشتی کۆمەڵایەتی کەوتووەتە مەترسییەوە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش جگە لەوەی لە ئەمساڵدا چەندین شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزە کوردییەکان و سوپای ئێراندا ڕوویداوە، هێزە کوردییەکانیش لەناوخۆیاندا ناکۆک و ناتەبان.
لە هەرێمی کوردستانیش دۆخی ئاشتی ئەگەر لە بەشەکانی دیکەی کوردستان خراپتر نەبێت باشتر نییە، پێدەچێت تەنیا خاڵی هاوبەشی هێزە سیاسییەکان لە ئێستادا شەڕی دژ بە داعش بێت، ناکۆکی و ململانێ سیاسییەکان کۆمەڵگای کوردستانیان کردووە بە دوو بەرەوە و ئاشتی کۆمەڵایەتیان خستووەتە مەترسییەوە.
هێزە سیاسییەکان کە لە ڕابردوودا بەهۆی کۆبوونەوە بەردەوام و بێ ئەنجامەکانیانەوە هاوڵاتیانیان توڕە کردبوو، ئەوا لە ئێستادا ناتوانن بۆ چارەسەری کێشەکان پێکەوە کۆببنەوە، لایەنەکان توانای ئەوەیان نییە بەرامبەر بە یەکتر نەرمی بنوێن، نەرمی نواندن کە کلیلی ئاشتییە.
بەشێک لە بیرمەندان هۆکاری سەرەکی هەموو شەڕ و ئاژاوەکان بۆ زێدەخوازی دەگەڕێننەوە، کۆرت تۆخۆلسکی نوسەری بەناوبانگی ئەڵمانی دەڵێت، ئەگەر مرۆڤەکان واز لە زێدەخوازی بهێنن هیچ جەنگێک ڕوو نادات، پێدەچێت ئەم قسەیە پڕ بە پێستی کێشەکانی هەرێمی کوردستان بێت و تەنیا ڕێگە ئەوەبێت لایەنە ناکۆکەکان واز لە زێدەخوازی بهێنن و بەرامبەر یەکتر نەرمی بنوێنن، بۆئەوەی لەوە زیاتر دۆخی ئاشتی نەکەوێتە مەترسییەوە.
ڕۆژی ١٧ی ئەیلولی ١٩٩٨ دوای چوار ساڵ شەڕی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستاندا دوو لایەنی کێشەکە دواجار ناچاربوون بەرامبەر یەکتر نەرمی بنوێنن، لە ئێستاشدا پرسیار ئەوەیە دوای زیاتر لە ساڵێک قەیران و ناکۆکی سیاسی تا کەی بە نیازن ئەم دۆخە ئاڵۆزە بەردەوام بێت و کەی دەتوانن بەرامبەر بە یەکتر نەرمی بنوێنن.