حكومەتی توركیا بە گلدانەوەی ئاو لە بەنداوی ئلیسۆ مەترسی لەسەر ئاسایشی ئاوی عیراق و هەرێمی كوردستان دروستدەكات و هۆشداریش دەدرێت لە كەمبونەوەی ئاوی روباری دیجلە بەڕێژەی 70%.
عەبدولڕەحمان عەلی ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری و بەنداوەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە رادیۆ نەوای راگەیاند، بەنداوی ئلیسۆ كێشەی گەورە بۆ عیراق و هەرێم دروستدەكات بەتایبەت لەسەر ئاسایشی ئاو، كە بەداخەوە ئێران و توركیا پابەندنین بە یاسا نێودەوڵەتییەكانی ئاو لەنێوان دەوڵەتاندا.
بەنداوی ئلیسۆ یەكێكە لە بەنداوەكانی ناو پڕۆژەی گاپ-ی توركیا كە لە 22 بەنداو پێكدێت و لە ساڵی 2008ـەوە كار لەو بەنداوەدا دەكات، لە ئێستاشدا پرۆسەی گلدانەوەی ئاو تیایدا كاراكراوە.
سەبارەت بە زیانەكانی ئەو بەنداوەش لەسەر عیراق و هەرێم، ناوبراو وتی “روبەرێكی گەورەی شوێنەوار لە باكور ژێر ئاو دەكەوێت، هاوكات 70%ی ئاوی روباری دیجلەش كەمدەكات”.
باسی لەوەشكرد، هەرێم خاوەنی 30 ملیار مەتر ئاوی ژێرزەوییە و بەو هۆیەوە مەترسی كەمبوونی 12 ملیار مەتر سێجا ئاوی هەیە، پێویستیشە هەرێم 350 بەنداوی گەورە و بچوك دروستبكات تا لەو مەترسیانە بە دوور بێت.
هەر لەسەر ئەو پرسە، حسێن جەنابی وەزیی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق رایگەیاند، بەهۆی كەمكردنی ئاوی روباری دیجلە لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لەسەر ئەو بابەتە كۆدەبنەوە.
جەنابی لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، لایەنی توركی دەستیكردوە بە پڕكردنی بەنداوی ئەلیسۆ و روباری دیجلەش كەمیكردووە، ئەوە لەكاتێكدایە لەگەڵ ئەو وڵاتە لەسەر رێژەی ئاو رێككەوتنیان هەیە.
ئاماژەی بەوەش دا، بڕیارە لەسەر ئەو بابەتە لە مانگی تشرینی دووەم لەگەڵ بەرپرسانی توركیا لە شاری موسڵ كۆببنەوە بۆئەوەی بەپێی گۆڕانكاریەكانی ئەمدواییە، چاو بە رێككەوتنەكەدا بخشێننەوە.
لەلایەكی دیكەوە، ئێران ئاوی زێی بچوك دەگرێتەوە و قائیمقامی قەڵادزێش دەڵێت “كێشە بۆ پرۆژەی ئاوی قەڵادزێ دروستبوە”.
بەكر بایز قائیمقامی قەڵادزێ بۆ رادیۆی نەوا وتی “شەوی رابردو كۆماری ئیسلامی ئێران بەنداوی كۆڵەسەی گرتۆتەوە و ئاستی ئاوی زێی بچوك زۆر دابەزیوە، ئەوەش بوەتەهۆی كەمبونەوەی ئاو و دروستبونی كێشە بۆ دابەشكردنی ئاو بەسەر دانیشتوانی قەڵادزێ و پرۆژەی ئاوی خاس، كە ئاوی قەزاكە دابین دەكات”.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار و ئێران دەكەونە گفتوگۆ بۆ دابینكردنی بڕی ئاوی پێویست.
ساڵی رابردوش هەمان كێشە لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بۆ ئاوی قەڵادزێ دروستكرا، بەڵام پاش ماوەیەك بە دانوستان گرفتەكە چارەسەركرا.
سەرچاوە:نەوا