سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان بە توندی ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنوس وەدات حسین، پەیامنێری ئاژانسی ڕۆژ نیوز دەکات و داوای لێکوڵنەوەی جدی دەکات لەم تاوانە و ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا. سەرلەبەیانی رۆژی شەممە ١٣\٨\٢٠١٦، وەدات حسێن عەلی ڕۆژنامەنوسی ئ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆژنیوز، لە شاری دهۆک، لە گەڕەکی ماڵتا لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو دەڕفێندرێت و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی لە سەر ڕێگەی شارۆچکەی سێمێڵ – دهۆک، دەدۆزرێتەوە. سەڵاح خدر بەڕێوبەری ئاژانسی ڕۆژ نیوز بە میترۆی ڕاگەیاند ” بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، وەدات تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هیچ کێشەو گرفتێکی نەبووە، دواتر لە ماڵ دەچێتە دەرەوەو لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەڕفێندرێت و بۆ شوێنێکی نەزاندراو دەیبەن و پاش چەند کاتژمێرێک تەرمەکەی دۆزراوەتەوە”. وە گوتیشی ” زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژەبەوەدەکەن، وەدات بەگولە تیرۆر نەکراوەو تەنها بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستداوە”. هێمن سلێمان، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی دهۆک، کوژرانی ئەو گەنجەی پشتڕاستکردەوە و له تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەو گەنجە لەسەر رێگای سێجێ لە قەزای سێمێل لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو لێیدراوە و تا گەیاندراوەتە نەخۆشخانەی دهۆک گیانی لە دەستداوە. ئەوەشی راگەیاند، بەپێی بڕیاری دادوەری ئێشکگر پەڕەی لێکۆلینەوە بۆ رووداوەکە لەلایەن پۆلیسی دهۆک کراوەتەوە و بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران. وەدات حسێن عەلی لە 1988 لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووەو ماوەی چەند مانگێکە گرێبەستی لە گەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوزدا واژۆ کردووە. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە رۆژنامەنوسان رایدەگەیەنێت تاوانی کوشتن بەهەر هۆکارو بیانویەک بێت ، نابێت کۆمەڵگا لێی بێدەنگ بێت. ئێمە ئیدانەی کوشتنی رۆژنامەنوس وەدات حسین دەکەین و داوای لێکوڵینەوە جدی دەکەین لەم تاوانە،دەبێت ئەنجامدەرانیشی بدرێنە دادگایەکی ئاشکرا. سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێکخراوێکی سەربەخۆی قازانج نەویستە لە ناوەراستی ئابی ساڵی 2009 لە شاری سلێمانی لە لایەن، کۆمەڵێک ڕۆژنامەنوسو پارێزەر( رازاو شەریف، هیوا عوسمان، عمار الشابندر، توانا عوسمان، رەحمان غەریب) دامەزراوە، تا کۆتایی ساڵی 2010 لەلایەن پەیمانگای رۆژنامەوانی جەنگو ئاشتی (IWPR) پاڵپشتی کراوە. لە تەموزی ساڵی 2010 لە کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر ئەندامانی بۆردی ڕێکخراوەکە هەڵبژێردران. میترۆ لە بە پاڵپشتی رێکخراوەکانی (پاڵپشتی میدیای نێودەوڵتی IMS) لە ساڵی 2011 و ڕێکخراوی فریاگوزاریی میللەتی نەرویجی (NPA) لە ساڵی 2011 پێنج ڕڕپۆًڕتی لەسەرپێشێلکاریەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان بڵاو کردۆتەوە