بەتایبەتیکردنی کەرتی کارەبا لە هەرێمی کوردستان یەکێکە لە هەوڵ و هەواڵە گەرمەکان بەتایبەت لەم ماوەیی دواییدا لە دەمی بەرپرسانی هەرێمەوە دەگوترێت،لەم بارەیەوە لەلایەن هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و خەڵکی کوردستان نارەزایەتی و کاردانەوەی جۆراو جۆری لێدەکەویتەوە،بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان رایدەگەیەنێت ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتداران ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە ئەرکی سەرشانی خەڵک قورستر دەکا و قەیرانەکان زیاتر دەکا ، ووتەبێژێک بەناوی بزووتنەوەی دیموکراتی گەلی کوردستان بە سایتی ئاشتی راگەیاند ( خەڵکی کوردستان لە وەزعیەتێکی ئابوری و دەروونی خراپ و دژواردا ژیان دەگوزەرێنن پێویستە حکومەت و دەسەڵاتداران بیر لە باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەنەوە نەک بیر لە قورسترکردنی ژیان و گوزەرانیان ، سپاردنی کەرتی کارەبا بە کەرتی تایبەت و کۆمپانیا یەکێک دەبێت لە هەنگاوە هەرە خراپەکان و ئاسەواری خراپ بەسەر کۆمەڵگا جێ دەهێڵێت بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران بیر لە رێگایەکی لەم شیوەیە نەکەنەوە و قەیرانەکان قوڵتر نەکەن..)
هەروەها حزبی شیوعی کوردستانیش لەم بارەیەوە بەیاننامەیەکی نارەزایەتی بڵاو دەکاتەوە و لە بەشێکی بەیاننامەکەدا هاتووە :
(حكومەتی هەرێم دەمێكە كاری بۆ بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا كردووە، وچەندین جار لە رێگای بەرپرسانەوە رایگەیاندوە كە حكومەت ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار لە بودجەدا بۆ پشتگیری كەرتی كارەبا تەرخان دەكات و تەنها دوو سەد ملیۆن دۆلاری لەخەرجی كارەبا وەردەگرێتەوە ، وئەم بابەتەش لە خودی بەڵگەنامەی سیاسەتی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە كە لە لایەن بەنكی نێودەوڵەتی دارێژراوە.
لە بەشێکیتری بەیاننامەکەدا هاتووە ( لە ماوەی ساڵانی رابووردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان خەمخۆری رێكخستنی بواری كەرتی كارەبا نەبوو. ئەوەبوو لەلایەكەوە بە پێی پێویست وزەی كارەبا بۆ خەڵك دابین نەبوو، ئەمەش ناڕەزایی لە نێو خەڵكیدا درووست كردبوو بە تایبەتی لە هەردوو وەرزی هاوین وزستاندا، لە لایەكی دیكەوە حكومەت بایەخی نەدا بە كۆكردنەوەی كرێی كارەبا لە هاووڵاتیان و دامودەزگا حكومی وحزبییەكان وڤیلا وخانوبەرەی كاربەدەستان، بە شێوەیەكی رێك وپێك. ئەم دوو خاڵەش لە لایەن حكومەتەوە وەك بیانوویەك بەكارهێنرا بۆ هەنگاونان بۆ بەتایبەتكردنی تەواوی كەرتی كارەبا، لە كاتێكدا دەكرا پلان ونەخشەی ئابوری دابنرایەوە بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی ئەم كەرتە ونوێكردنەوەی خزمەتگوزارییەكانی وەرگرتنی كرێی كارەبا بە رێكوپێكی كە دەكرا ببێت بە سەرچاوەیكی داهاتی نیشتمانی وپشتگیری بودجە. شایانی باسە لە سەرجەم وڵاتانی جیهان كەرتی پیشەسازی كارەبا كە سەر بە كەرتی گشتی یان كەرتی تایبت بێت قازانج و داهاتی دارایی دابین كردوە.
لەم هەلومەرجەدا بەتایبەتكردنی كەرتی كارەبا لە كوردستاندا كە سەرجەم ژێرخانەكەی لە سالانی پێشتردا بە بودجەی گشتی كراوە، شێوازێكە لە هەراجكردنی كەرتێكی گرنگی ئابوری نیشتمانی كوردستان كە لە دوارۆژدا توانای دابینكردنی داهاتێكی گەورەی بۆ ئابوری كوردستان هەیە ویارمەتی بودجەی كوردستان دەدات لە رێگای زیادكردنی داهات ودواتریش بەردەوامبون لە خزمەتگوزرای گشتی بۆ خەڵكی كوردستان.
لە کۆتاییدا حزبی شیوعی رایدەگەیەنێت ( ئێمە پێمان وایە كە پێویستە سەرلەنوێ حكومەتی هەرێم بە پشتبەستن بە شارەزا وپسپۆرەكانی كوردستان، وئەزمونی ئەو وڵاتانەی كە لە چارەكردنی قەیرانی ئابوری سەركەوتوو بوونەو توانیویانە گەشەپێدان ئەنجام بدەن، توێژینەوەی نوێ بە پشتبەستن بە ئامار وزانیارییەكان و لە روانگەی واقیعی كوردستان و ریزبەندییە چینایەتییەكانی و تایبەتمەندی ئابوری وكۆمەڵایەتی وكەلتوری كۆمەڵگای كوردستان، سیاسەتی ئابوری نوێ دابرژێتەوە، و چاكسازی ئابوری لە سەرجەم كەرتە ئابورییەكان بە گرێدان بە چاكسازی لە بواری سیاسەتی ئیداری ودارایی ئەنجام بدات، لەوانەش كەرتی كارەبا كە وا پێویست دەكات كۆمپانیای كارەبای نیشتمانی كوردستان درووست بكرێت وەك كەرتی ئابوری هاوبەش نێوان كەرتی گشتی وكەرتی تایبەت كە بە جۆرێك كەرتی كارەبا لە قۆناغی بەرهەمهێنان و ودابەشكردن وپاراستن و، وەرگرتنی كرێی لە هاوڵاتیان سەرلەنوێ وەك كۆڵەكەیەكی بتەوی ئابوری كوردستان بنیاتبنرێتەوە، وپشتگیری حكومەت بۆ رادەی پێویستی وزەی كارەبا بۆ تاكەكان ئەنجام بدرێت. )