تورکیا جارێکی دیکە رووبەڕووی کودەتایەکی سەربازی بووەتەوە، بەڵام کودەتایەکی جیاواز لە هەموو کودەتەکانی مێژووی ئەو وڵاتە. بەپێی زانیارییەكانیش نزیكەی 60 كەس بەهۆی ئاڵۆزییەكانەوە كوژراون.
سەرەتا سەربازانی سوپای تورکیا لە هەردوو پردی بۆسفۆر و سوڵتان ئەحمەد، کە بەشە ئاسیاییەکەی ئیستەنبوڵ بە بەشە ئەوروپییەکەیەوە دەبەستنەوە، بڵاوەیان پێکرا. پاشان ژمارەیەک فڕۆکە بە ئاسمانی ئەنقەرەدا دەستیان بە سوڕانەوە کرد.
بەدیلگرتنی سەرۆکی ئەرکانی سووپای تورکیا لەلایەن ژمارەیەک ئەفسەری پلەباڵای سوپاوە، گڵۆپی سەوزی کودەتاکەی داگیرساند و پاشان دەستبەسەر کەناڵی تەرەتە، كەنالی فەرمی حکومەتی تورکیادا گیرا.
کودەتایچییەکان کە خۆیان بە ئەنجوومەنی ئاسشتی سوپای هێزە چەکدارەکانی تورکیا ناساند، لە رێگەی تەرەتەوە، پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، بۆ پاراستنی دیموکراسی و پێکەوەژیان و ئازادی تورکیا دەستیان بەسەر تەواوی دەسەڵاتەکانی تورکیادا گرتووە.
هەروەها راشیانگەیاند، هەموو ئەو کەسانەی کە تورکیایان بەم رۆژە گەیاند، دەبرێنە بەردەم دادوەر و بە سزای خۆیان دەگەیێندرێن و، لە داهاتووێکی نزیکدا دەستوورێکی فرەلایەن دەنووسنەوە.
لەم نێوەندەدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە کەناڵی سی ئێن ئێن تورکەوە کرد و داوای لە گەلی وڵاتەکەی کرد بڕژێنە سەر شەقامەکان و دژی کودەتاکە بووەستنەوە.
لەگەڵ ئەم پەیامەی ئەردۆغاندا، دەیان هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و خۆپیشاندانیان سازکرد، ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی پێکدادان لەنێوان سەربازانی سوپا و خەڵکی سڤیل لەلایەک و سەرباز و پۆلیس لەلایەکی دیکەوە و، سەدان سەرباز کە بە فەرمانی کودەتاچییەکان دەجوڵانەوە، دەستگیرکران.
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی تورکیا شکستهێنانی کودەتاکەیان راگەیاندووە، بەڵام هێشتا ئاسمانی ئەو وڵاتە فڕۆکە کودەتاچییەکانی لێنەبڕاوە و سەرۆکی ئەرکانی سوپای تورکیاش وەک بارمتە ماوەتەوە لایان.
بیناڵی یڵدرم، سەرۆكوەزیرانی توركیاش فەرمانی تەقەكردنی لە فڕۆكەكان دەركرد. ئیسماعیل قارەمان، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیاش رایگەیاند، بۆردوومانەکان زیانی زۆریان بە باڵەخانەی پەرلەمان گەیاندووە.
بەپێی زانیارییە بڵاوكراوەكان تەنیا لە ئەنقەرە 42 كەس كوژراون، كۆی كوژراوەكانیش لە هەردوولا نزیكەی 60 كوژراو دەبێت، لەگەڵ برینداربوونی زیاتر لە 100 كەسی دیكە.