و. لە عەرەبییەوە: جەمال غەمبار
1
ئێمە لە چرکەساتێکی مێژووییدا دەژین کە تیایدا بە تەنێ نێچیر نامرێت
بەڵکو ڕاوچییش دەمرێت.
لێ هەر یەکەیان مردنی جیا و تایبەت بە خۆی هەیە.
پرسیارگەلێکی زۆریش دەبیستین لەبارەی جۆرەها پرسی زۆروزەوەندی پەیوەست بەم چرکەساتەوە، بە ئێستا و ڕابوردوویەوە.
کەچی تاقە یەک پرسیار نابیستین لەبارەی ئاییندەوە:
ئاییندە؛ چۆن دەخوڵقێنرێت و، چۆن دەبێت؟
2
“من بۆ ئەوە نانووسم، هەتا زاتی خۆم کۆکەمەوە،
بەڵکو بۆ ئەوەی خۆم پەرت کەم.
دەنووسم، نەک لەبەرئەوەی زاتی خۆم ئاسوودە کەم،
بەڵکو بۆ ئەوەی بیخەمە دڵەڕاوکێ.”:
کێ هەیە باوەڕ بەم قسەیەی شاعیر بهێنێ؟
3
عادەتەن، زیندووەکان نابنە تارمایی.
کەچی ئەزموون، تخوبی ئەم عادەتە دەبەزێنێ.
ئەو زیندووانەی من بینیمن و نەببوونە تارمایی، ژمارەیان زۆر زۆر کەم بوو.
4
بڵێی ڕەگەزی نووسین هەر بەتەنێ بۆ نووسینی سێکسیی تەرخان بێت؟
بڵێی ئەوەی کە لەشەودا پێی دەڵێن ڕۆشنایی،
وەک پێویست لە دەمی ڕۆژیشدا هەر ڕۆشنایی بێت؟
ئەم جیهانە چییە کە لە جیهان ناچێت و،
کەچی هەموو جیهانیش لە پێناوی ئەودایە؟
ژیانمان نرخێکە بۆ مردنمان و،
مردنیشمان نرخێکە بۆ ژیانمان: بۆچی و، چۆن؟
بۆچی هەندێ پێیان وایە خۆ جوان دەکەن،
کەچی بەقەد ئەوە، کەسانی دی ناشیرین دەکەن؟
ئەمانە پرسیارگەلێکن، لەبەر ڕۆشنایی ئەو چرکەساتەی ئاماژەم بۆ کرد، دەکرێ بخرێتە سەر ئەو پرسیارگەلە زۆروزەوەندەی
کە من نازانم وەڵامیان بدەمەوە.
کەسێک هەیە لەنێو ئێوەدا وەڵامەکانیان بزانێ، ئەی هاوڕێیانی خوێنەر؟
5
لە چاخە کۆنەکاندا گەلێ ئیمپراتۆرییەتی جۆراجۆر هەبوون،
کەچی ئەوەی لەم چەرخەدا باوە: ئیمپراتۆرییەتەکان،
ئیمپراتۆرییەتی بۆشایی و وێرانەن.
6
ئیدی ئەمە ژیانە: هەندێک گەڵا دەخەنە بن هەنگڵیان و،
هەندێکیش– با.
7
ژیان سەرچڵییەکی گەورەیە،
کەچی لای زۆرکەس قومارێکی گەورەیە.
8
هەموو هەڵەکانم دژ بە کەسانی دی،
بە پلەی یەکەم، هەڵەن لە دژی خۆم.
9
ململانێیەکی “بابەتییانە”:
زاتێک خۆی دەکوژێت چونکە لە دەرەوەی نیشتمانەکەی دەژی.
کەچی زاتێکی تر بە پێچەوانەی ئەو
چونکە لە نیشتمان دەژی، خۆی دەکوژێ!
10
ئەمڕۆ بەیانی زوو لەگەڵ خۆر لە خەو هەستام:
ئاخر، گریانی ئەو بەئاگای هێنام!
11
ئوروبەت، مرۆڤ، ئازادی:
وشەگەلێکن لە ناخمدا هەڵدەکۆڵرێن
وەک خەرەندێک بنی نەبێت.
12
خەیاڵ ناتوانێ هیچ شتێ زیندانیی بکات و،
هیچ شتێکیش ناتوانێ خەیاڵ بەند کات.
کەچی دراوسێکەی کە عەقڵە، بە پێچەوانەی ئەم،
زیندانەکانی پڕن لە شتە بەندکراوەکان.
تەنانەت خۆیشی لە زیندانێکەوە دەچێ بۆ زیندانێکی تر.
13
بڵێی ڕاست بێت مۆسیقا لە سەفەری خۆی بەناو جەستەدا
بگاتە ئەو ناوچانەی کە وشە ناتوانێ بیانگاتێ؟
ئەگەر وایە ئەی بۆچی لە ڕێگەی وشەوە نەبێت، ناتوانرێ ئەمە بسەلمێنرێت؟
14
“ئەگەر هەوا زاکیرەی هەبووایە، ئەوا ئاسمان گەندەڵ دەبوو”:
کەسێک وای وت،
لەکاتێکدا هەر ئەو کەسە خۆی
وەسفی ئاسمانی مێژوو و هەوا و زاکیرەکەی خۆی دەکرد!
15
کێ ئاگاداری قۆناغێکی مێژووییە کە لەم قۆناغەی ئێستاکە بچێت،
ئەمێستاکە زمان بەر لەوەی وشە و زمان بێت، بۆتە دەست و شمشێر؟
16
چەنێ سەیرە ئاسمان،
ئەو دەمەی زەمین دەکاتە ئاوێنە و بە ڕوخساری خۆیەوەی دەلکێنێ،
ئیدی نە ئاسمان خۆی دەبینێ و،
نە زەمینیش دەزانێت ئەو کێیە و، چۆن چۆنی دەبینێت؟
بڵێی خەتاکە لە ئاوێنەوە نەبێت؟ یان لە کوێدایە؟
17
بڵێی وا بێت، هەر بیرۆکەیەک، گەر ڕێگەیەک بۆ خۆی نەکاتەوە،
گۆڕەکەی خۆی هەڵدەکەنێ؟
18
بۆ چرکەیەک ‘نەرسیس’ لە ئاو هاتە دەرێ،
سویندی خوارد لە چرکەی هاتنەدەرییەوە
بە نهێنیی نەبێت، نە خۆی بە ئاوێنەکەیدا بکات، نە لێوەی بچێتە دەرێ.
19
کێ دەتوانێت ئاسمان بە خۆی و مانگ و ئەستێرەکانییەوە بخوینێتەوە؟
نەخێر، ئاسمان بە غوباری زەمین نەبێت، ناخوێنرێتەوە.
20
“هەموو ئینتیماکردنێک بریتییە لە پاشکۆبوون”، هەندێک وا دەڵێن.
درێژەی دەدەنێ و دەڵێن: “تاکی بیریار لە حاڵەتی پاشکۆبووندا ناتوانێ خۆی بێت. ناتوانێ سەربەخۆ بێت. دەبێتە “بەشێک لە….”.
لێ ئایا دەکرێ بیرکردنەوە لە دەرەوەی هەر ئینتیمایەکدا بێتە بوون؟
21
کازیوە، ئەمێستاکە، فەجرێکە سوور دەچێتەوە.
22
ئەو پێکەی کە عادەتەن نایخۆمەوە،
نازانم بۆ لەم چرکەساتەدا ئارەزووی دەکەم؟ هەر لەبەر ئەوەی کە تاڵە؟
23
تەماشای دایکە زەمینمان بکەن:
ناڵێیت لێوەکانی برینێکە خوێنی لەبەر دەڕوا و ساڕێژ نابێت؟
یان وەک ئەوەی نانە ڕەقێک
لە لێوەکانیا نقوم بێت، چەشنی داسێک خوێنی لێ بچۆڕێت؟
24
ئاو دەستی خستە دەمی منەوە و ئاماژەی بۆ گەدە کرد.
سوپاس ئەی دەستی ئاو.
دەزانم کە نان، خۆت وتەنی؛ باڵندەیەک دروست ناکات.
“کێ دەتوانێت جەخت لەوە بکاتەوە؟”، ئاو لێی پرسیم.
25
هەروەک لە بێژنگی کاتدا نیشتەجێ بێت، ئەو وا دەژی.
کەچی کاتێ بیر دەکاتەوە و دەنووسێت، وەک موسافیرێکە لە هێڵەکی شوێندا.
26
هەموو ڕۆژێک، چاوەکانی ئەو پڕ دەبن
لەو نیگارانەی کە هیی ئەمڕۆ نین
ئەو نیگارانەی کە ناچنەوە سەر پەڕەموچی ڕۆشنایی.
27
دیموکراسیی؟؟
لە هەموو جیهاندا،
زیاتر لە زەلکاوێک و، کەمتر لە گۆلمێک ئاو!
٢٨
زۆر لە عارەبان دەناسم مێژووەکەی خۆیان خۆش دەوێت.
هەروەها حەزدەکەن ئەوەی شاعیران
لەبارەی هەوارە خاڵییەکانی ئەم مێژووە نووسیویانە، بخوێننەوە.
لێ، بۆچی خودی هەوارە خاڵییەکان ناخوێننەوە؟؟
بڵێی ئەمە نەبووبێتە هۆی ئەوەی خوێندنەوەکەیان ناتەواو بێت؟؟
29
ئەوەیە سەردەم: خوانێکی بۆگەنکردوو.
30
بۆ کێیە ئەم دڵەی، وا لەناو دڵما لێئەدا؟
سەرچاوە:
ڕۆژنامەی (الحیاة)– چاپی دەولی– ژمارەی ڕۆژی ٧ـی مایۆی ٢٠١٦ – گۆشەی “مدارات”ـی ئەدۆنیس.