ئامادەکردن و وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ):
نیکۆڵا یۆنکۆڤ ڤاپتزارۆفی شاعیری کۆمۆنیست و شۆڕشگێڕ یەکێکە لە ناسراوترین شاعیرەکانی بولگاریا. لە حەوتی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٠٩ لە شارۆچکەی بانسکۆ لە باشووری ڕۆژئاوای بولگاریا لە بناری چیاکانی پیریین لە خێزانێکی مەکدۆنی شۆڕشگێڕ هاتۆتە دونیاوە. ڤاپتزارۆڤ خوێندنی ئامادەیی لە شاری ڕازلۆگ و قوتابخانەی تەکنەلۆجی دەریاوانی لە شاری ڤارنا تەواو دەکات. ئەم شاعیرە سەر بە نەوەی جەنگی جیهانیی دوومەوە کە ملیۆنان مرۆڤ چارەنووسی خۆیان بە خەبات لە دژی چەوسانەوە گرێ دا بوو و بۆ ئەم مەبەستەش لە ڕیزەکانی شۆڕشگێڕانی چینی کرێکار دژ بە سەرمایەداری جیهانیی و بورژوازی لۆکاڵی دەجەنگان. ڤاپتزارۆف لەسەر میراتی هریستۆڤ بۆتیڤ شاعیری ناسیونالیستی بولگاری سەدەی نۆزدەم و مەکسیم گۆرگی و ڤلادیمیر مایاکۆفسکی ڕووسی خۆی بنیاد نا. لەمەشا تەنیا نەبوو بەڵکو هەریەک لە دەیڤد گەست یان کاودوێلی لە بەریتانیا و فریدریک گارسیا لۆرکا لە ئیسپانیا و نازم حیکمەت لە تورکیا و برتۆڵد برێخت لە ئەڵمانیا و فەیز ئەحمەد فەیز لە هیندستان هاوەڵی بوون. ئەمەش لە کات و سەردەمێکدا ڕووی دا کە بیروباوەڕی سۆشیالیزم و شۆڕشگێڕانە بوو بوو بە هەوێنی هەست و خەیاڵ و ڕۆشنبیریی ئینسانیی. بەڵام ئەوەی ڤاپتزارۆفی لەوانی تر (واتە هاوەڵە شاعیرەکانی سەردەمی خۆی) جیا دەکردەوە و وای کردبوو لەناو دونیای ڕۆشنبیریی شۆڕشگێڕانەی خۆیدا لەسەر پێی خۆی بوەستێ، ئەوە بوو کە ڤاپتزارۆڤ خۆی کرێکار بوو و ئەزموونی پرۆلیتاربوونی بە دەستەکانی خۆی تاقی کردبۆوە.
ئەو خەباتە چی بوو
کە بووە هۆی وریابوونەوەی ژیان
لەنێو کەسانێکدا
بۆ تێکشکاندنی باری گرانی
توێژاڵی درۆی سەر ژیانیان
ڤابتزارۆف زۆربەی ژیانی وەک کرێکار (مەکینەچی) بەسەر بردووە و ئەوکاتانەی کاتی هەبووە خەریکی نووسین بووە. ساڵی ١٩٣٢ پەیوەست دەبێت بە حیزبی کۆمۆنیستی بولگاریاوە. ئەم شاعیرە کرێکارە لە تەمەنی زۆر کورتی خۆیدا یەک کۆشیعری لە ساڵی ١٩٤٠دا بڵاو کردۆتەوە. ڤابتزارۆفی شاعیر وەک چالاکوانێکی کۆمۆنیستێک دژ بە حکومەتی بۆریسی سێیەم(١) و لەشکری ئەڵمانیا هەڵدەسوڕا، بۆیە دەستگیر کرا و زیندانی کراو گوللەباران کرا. جگە لە شانازی بولگاریا، ڤابتزارۆف وەک شاعیرێکی مەکدۆنیش جێگای شانازییە.(٢)
ڤابتزارۆف لە هەرەتی لاویدا کاتێ لەبەر هەژاری ناتوانێ ئەدەب لە زانکۆ بخوێنێت، ناچار دەبێت کار بکات. سەرەتا وەک دەریاوان کار دەکات و ساڵی ١٩٣٢ بەهۆی کارەکەی سەردانی تورکیا و قوبرس و میسر و لوبنان و ئیسرائیل دەکات. دواتر وەک مەکینەچی(فیتەر) لە کارگەیەک دادەمەزرێ و لەوێ وەک بەرپرسی پاراستنی مافەکانی کرێکاران هەڵدەبژێردرێت. ئیتر شاعیر بیروباوەڕی مارکسیزم ئاوێتەی بیرکردنەوەی دەبێ و خەونی ژیانێکی یەکسان و دادپەروەر و ئازاد بوونی مرۆڤ لە کۆت و بەندی کۆیلەتی، بیرکردنەوەی داگیر دەکات. ڤابتزارۆف زۆر وەفادار بوو بەرامبەر بە باوەڕەکەی. ساڵی ١٩٣٦ سەرکەوتووانە ڕابەرایەتی مانگرتنێکی ٣٠٠ کرێکاری دەکات و لە ئەنجامی ئەمەش لە ساڵی ١٩٣٨ لە کارەکەی دەردەکرێ. ئەمەش ناچاری کرد لەگەڵ هاوسەرەکەی و منداڵەکەی بەرەو سۆفیا کۆچ بکات. شاعیر لەلایەن کۆمپانیاکانی ئەو سەردەمەوە ناوی لە لیستی ڕەشدا دەدانێن و کاری پێنادەن و برسێتی و هەژاری و مردنی منداڵەکەی فشاری زۆری بۆ دێنن بەڵام ئومێدی لێ نابڕن، تا کاری لە کۆمپانیای ئاش یان باراش(گەنم هاڕین) دەستدەکەوێت، کە کارەکەش زۆر زەحمەت دەبێ. لەوێ واز دێنێ و ئینجا لە ساڵی ١٩٣٩ لە کۆمپانیای هێڵی شەمەندەفەر دادەمەزرێ. لەوێدا ڤاپتزارۆڤ زیاتر لەگەڵ کۆمۆنیست و شۆڕشگێرەکان پەیوەندی دادەمەزرینی، بەتایبەتی نووسەرە شۆڕشگێرەکان وەکو گیورگی کاراسلاڤۆڤ و خ ڕادێڤسکی و م. عیسایڤ و ت پاپلۆڤ . هەروەها حەلقەی شاعیرانی مەکدۆنی پێکدێنێ. ڤابتزارۆف لە نووسین بەردەوام بوو و ژمارەیەک ڕۆژنامە شیعری ئەم شاعیرە شۆڕشگێڕەیان بڵاو کردۆتەوە. شیعری (ڕۆمانتیکا) ی ڤاپتزارۆف خەڵاتی شیعری بردۆتەوە..
پێ بەپێی کات ڤاپتزارۆڤ زیاتر لەگەڵ بیروباوەڕی کۆمۆنیستی ئاشنا دەبێت و ئەمەش لەکار و هەڵسوڕانیدا ڕەنگی دەداتەوە. ئەم شاعیرە شۆڕشگێرە لە بواری هونەری و ئەدەبیی چالاک بووە و لەهەمان کاتیشدا لە بواری هۆشیارکردنەوەی کرێکاران هەڵسورێنەری حەلقە مارکسییەکان بووە. ساڵی ١٩٤٠ بەشداری واژوو کۆکردنەوەی کرد بۆ بنیادنانی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان بولگاریا و یەکێتیی سۆڤییەتی جاران. ئەم چالاکییەی و چالاکییە سیاسییەکانی تری بوونە هۆی دەستگیرکردنی. دوای ئازاد بوونی لە ئەیلولی ساڵی ١٩٤٠ ڤابتزارۆف بوو بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی بولگاریا، کاری ئەو ڕۆکخستن و پەیداکردنی چەک و دۆکیومێنت بوو بۆ بزووتنەوەی بەرگریکاری دژ بە فاشیزم. ساڵی ١٩٤١ کاتێ بولگاریا ڕەزامەندی نیشاندا تا لەشکری نازی بێنە ناو خاکی بولگاریاوە بۆ پاراستن لە پەلاماری هێزەکانی یەکێتیی سۆڤییەت. ڤاپتزارۆڤ خەریکی کاری ژێرزەمینی بوو و هێزی شۆڕشگێرەکانی ڕێکدەخست بۆ بەگژاچوونەوەی ستەم و فاشیزم. لەڕووی شیعریشەوە ڤاپتزارۆڤ لەسەر هەمان ڕێچکەی ترادیسیۆنی هریستۆ بۆتیڤی شاعیر هریستۆ سمیرێنسکی هەنگاوی نا بەڵام مەغزای نوێی بە شیعری بولگاری بەخشی. تایبەتمەندی شیعریی ڤاپتزارۆڤ تووڕەیە و دونیای کۆن ڕەت دەکاتەوە و بیروباوەڕی سۆشیالیستی بە پەرۆشەوە دەردەبڕێ. پاڵەوانی شیعرەکانی کرێکاران و کۆمۆنیستەکانن، وێنەی ئەو ئینسانەی لە ماڵ و لەکار و لە سەنگەری شۆڕشگێران دژ بە چەوسانەوە ئاوێتەی یەکتر بووبوون. شیعرەکانی نمایشی واقیعیەتی شۆشیالیستی ئەدەبی بولگاری دەکات. ڤاپتزارۆڤ تا دوا ساتەکانی ژیانی خەریکی نووسینی شیعر بووە و دوا شیعری کە بۆ هاوسەرەکەی نووسیوە زۆر کاریگەرە.
هەندێجار کە نووستووی
وەک مێوانێکی ناوەخت دێم
مەهێڵە لەسەر شەقامەکە بمێنمەوە
دەرگاکە کڵۆم مەدە
بە هێمنی دێمە ژوورەوە
لەسەرخۆ دادەنیشم
لە تاریکیی لێت دەڕوانم
وەختی چاوەکانم تێر بوون لە تەماشات
ئەوسا ماچت دەکەم و جێت دێڵم.
(کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆی ٢٣ی تەممووزی ١٩٤٢..واتە چەند کاژێڕێک بەر لە ئیعدامکردنی)
ڤاپتزارۆڤ چەشنی برێخت مێژووی لە شیعردا تەوزیف کردووە. بەڵام ئەوەی ڤاپتزارۆڤ ئاوڕی شیاوی لێنەدراوەتەوە. ڤاپتزارۆڤ لە مانگی ئازاری ساڵی ١٩٤٢ دەگیرێت و لە بیست و سێی تەممووزی ساڵی ١٩٤٢ لە تەمەنی ٣٣ ساڵیدا بڕیاری ئیعدامی بۆ دەردەچێت و لەگەڵ یانزە کەسی تر گوللەباران دەکرێت. ساڵی ١٩٤٩ ئەکادیمیای دەریایی بولگاریا بەناوی ڤاپتزارۆفەوە ناونرا. لە سێی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٥٣ خەڵاتی ئاشتی نێونەتەوەیی پێدراوە. ساڵی ١٩٥٤ هەڵبژاردەی شیعرەکانی لەلایەن دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی لۆرێنس و ویشارت بڵاو دەکرێتەوە.(٣) و شیعرەکانیشی لەلایەن شاعیری ئینگلیزی پیتەر تێمپێست وەردەگێڕدرێنە سەر زمانی ئینگلیزیی. شیعرەکانی ڤاپتزارۆف بۆ ٩٨ زمانی جیهان وەرگێڕدراون. ماڵی منداڵیی ڤاپتزارۆف لە شاری بانسکۆ و نشینگەکەی لە شاری سۆفیای پایتەختی بولگاریا کراونەتە مۆزەخانە. (٤)
پەراوێزەکان :
(١) بۆریسی سێیەم پاشای بولگاریا لە سێی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩١٨ لە دایک بووە و لە بیست و هەشتی ئابی ١٩٤٣ مردووە.
(٢) مەکدۆنییەکان ئەو گەلەن کەلە ناوەڕاستی نیوە دوورگەی بەڵقان نیشتەجێن و ژمارەیان خۆی لە پێنج ملیۆن کەس دەدات.
(٣) دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی لۆرێنس و ویشارت دەزگایەکی بەریتانییەو سەر بە حیزبی کۆمۆنیستی بەریتانییە و ساڵی ١٩٣٦ دامەزراوە. ئەم دەزگایە لە دەزگای پەخشی حیزبی کۆمۆنیست و دەزگای ویشارت کە دەزگایەکی لیبڕاڵی و ئەنتی فاشیستی بوو پێکهات.
(٤) وڵاتی بولگاریا لەساڵی ٦٨١ زایینی بنیاد نراوە و سیستەمی پاشایەتی پەیڕەو کردووە و دواتر ئیمپڕاتۆریەتی بێزەنتینی هێناوەتە دەرەوە، ئایینی سەرەکی مەسیحی بووە. پاشان لەلایەن عوسمانییەکانیەوە لە ساڵی ١٣٩٦داگیرکراوە . دەسەڵاتدارانی بولگاریا زۆر ستەمکار بوونە. تا ساڵی ١٩٤٤ ڕووسیا دەستی بەسەردا دەگریت و ساڵی ١٩٤٦ کۆماری میللی بولگاریا دادەمەزرێنێت و دەبێتە بەشێک لە بلۆکژی وڵاتانی سۆشیالیستی. ساڵی ١٩٩٠ هەڵبژاردنی گشتی ئەنجام دەدرێت و حیزبی سۆشیالیستی حوکمڕانی دەگرێتە دەست، سیستەمی حوکمڕانی پەرلەمانییە و ژمارەی دانیشتوانی نزیکەی هەشت ملیۆن کەس دەبێت. زمانی ڕەسمی بولگارییەو پایتەختەکەی شاری سۆفیایە.
سەرچاوەکان :
1- https://en.wikipedia.org/wiki/Nikola_Vaptsarov
2- http://www.revolutionarydemocracy.org/rdv6n1/vaptsarov.htm
3- http://encyclopedia2.thefreedictionary.com/Vaptsarov,+Nikola+Ionkov