هەرچەندە خەریكە داعش لەزۆربەی شارە گرنگەكانی ئەنبار بەتەواوی وەدەر دەنرێت، بەڵام دەست رانەگەیشتن بەپەناگەكانی وا دەكات هەمیشە مایەی مەترسی بێت.
لەسەرەتای دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی پارێزگای ئەنبار لەكانوونی یەكەمی ساڵی رابردووەوە، هێزە ئەمنییەكان توانیان بەماوەیەكی پێوانەیی چەندین سەركەوتنی گرنگ لەشارەكانی رومادیو هیتو بەغدادیو رەتبەو گەرمەو فەلوجە تۆمار بكەن.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا هێزە ئەمنییەكان دەستیان نەگەیشتووە بەو رێگاو دۆڵو پەناگایانەی داعش خۆیان تیا مەڵاس دەداتو لەرێیانەوە هاتوچۆ دەكات.
ناوچەكانی حەوزی سەرسار لەباكوری شاری فەلوجەوە تا دەگات بەخۆرئاوا لەدورگەی خالیدییە، چەندین رێگاو تولە رێیان تێدایە كە دەبەسترێنەوە بەدورگەی رومادیو دورگەی هیت تا موسڵو رەققە، ئەم جێگایانە بوونەتە رێگەیەكی ئارام بۆ هاتوچۆی چەكدارانی داعش لەنێوان عێراقو سوریادا، هێزە ئەمنییەكانیش ئەوەندەی سەرقاڵی پاراستنی ئەو ناوچانەن كە ئازادیان كردووە، ئەوەندە توانای كۆنترۆڵكردنی ئەو رێوبانەكانیان نییە.
لیوا تارق عەسەل فەرماندەی حەشدی عەشایەری پارێزگای ئەنبار بە”نیقاش”ی وت “تا ئەو كاتەی بیابانەكانی نێوان دورگەی خالیدییە لەناوچەی پردی یابانی تا ناوچەی بوبالی خۆرهەڵاتی رومادی كۆنترۆڵ نەكرێن، ئەوا شارەكان هەر لەژێر هەڕەشەدا دەبنو مەترسی بەردەوام دەبێت لەسەر خالیدییەو حەبانیەو بنكەی سەربازی حەبانیەو ناوچەی بونمرو بەعلیو جاسم تا دەگاتەوە سنوری سوریا لەدیوی باشوری رومادییەوە”.
لیوا تارق جەخت لەوە دەكاتەوە كە “هێزە ئەمنییەكانو حەشدی عەشایەری بەردەوام لەرووبەرووبوونەوەی هێرشەكانی داعشدان كە شارەكانی خستووەتە ژێر مەترسییەوەو ناوە ناوە هەوڵ دەدەن رومادیو هیت بگرنەوە”.
دەشڵێت “هێزەكانمان لەئێستادا هەوڵی ئازادكردنی شارەكان دەدەن، دوای ئەوە روو دەكەینە ناوچە بیابانەكان تا ئەوەی هیچ تیرۆریستێك لەئەنباردا نامێنێت”.
پارێزگای ئەنبار سێیەكی خاكی عێراق پێكدەهێنێتو بەشی هەرە زۆریشی بیابانەو چەندین دۆڵو گردی تێدایە كە بەرزیان لەنێوان (75 بۆ 800 مەتر)دایە لەسەر ئاستی دەریاوە، پێكهاتە جوگرافییەكەی حەشارگەیەكی باشە بۆ چەكدارانی داعش.
راجع بەرەكات عیساوی ئەندامی لیژنەی ئەمنی ئەنجومەنی پارێزگای ئەنبار ئاماژە بەوە دەكات كە چەندینجار حكومەتی لۆكاڵی پارێزگاكە داواینكردووە لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنەوەی شارەكان، بیابانەكانیش پاك بكرێنەوە، چونكە بەهۆی ئەو بیابانانەوە ئەنبار لەساڵی 2004ەوە بووەتە پارێزگایەكی پڕ لەكێشە، لەمڕووەوە دەڵێت “ئەگەر ئەو ناوچانە پاك نەكرێنەوە، نەك هەر ئەنبار، بەڵكو هەموو عێراقو ناوچەكە لەژێر هەڕەشەدا دەبێت”.
عیساوی بە”نیقاش”ی وت “لەساڵی 2004ەوە تاكە یەك پرۆسەی سەربازی لەبیابانەكانی ئەنبار ئەنجامدراوە ئەویش لەساڵی 2013 بووە كاتێك هێرش كرایە سەر دۆڵی حۆرانو لەوێ باشترین ئەفسەرو سەربازەكانی سوپا تیاچوون، لەپێش هەموویانەوە لیوا محەمەد كەروی فەرماندەی فیرقەی حەوتی سوپا”.
دەشڵێت “چارە ئەوەیە هێزێكی تایبەت رابهێنرێت لەسەر شەڕی ناو پەناگەی بیبابان كە چەكی باشیان پێبێتو فرۆكە پشتیوانیان بكات، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوە بگیرێت كە هێزەكە لەخەڵكی ناوچەكە پێكبێن، چونكە ئەوان لەهەموو كەس شارەزاترن”.
لەساڵی 2004ەوە تائێستا قاعیدەو دواتریش داعش چەندین سەربازگەیان لەبیابانەكانی ئەنبار پێكهێناوە بەتایبەتی لەدۆڵی حۆرانو بیبابانی رەتبەو بەرزاییەكانی فورات كە وایكردووە لەرێی زێی فوراتەوە هێڵێك لەنێوان داعشو شارەكانی حەدیسەو قائیمو هیتدا دروست ببێت.
ئیبراهیم عەسوج قایمقامی رومادی وتی “بەری ئەوبەری روباری فورات لەخۆرهەڵاتی رومادییەوە هەتا هیت هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر شارەكانی ئەنبار، چونكە داعش لەوێ خۆی مەڵاسداوەو هەر لەوێوە هێرشەكانی رێكدەخاتو پەلامار دەدات”.
دەشڵێت “رومادی لەكاتی ئازادكردنیەوە لەكانونی یەكەمی 2015 لەبەری باكوری خۆرئاوایەوە چەندین هێرشی كراوەتە سەرو گوندەكانی توریو زەنكورە كراونەتە ئامانج، ئێستاش پرۆسە سەربازییەكان بەردەوامە بۆ پاككردنەوەی ئەو گوندانەو رێگری لەهێرشەكانی داعش”.
عەسوج سەرسوڕمانی خۆی دەردەبڕێت لەنەبوونی پلان بۆ ریشەكێشكردنی داعش لەبیابانەكانداو دەڵێت “شوێنەكانی داعش ئاشكران، هەمووشمان دەزانین بەتەنها پاككردنەوەی شارەكان هیچ سوودێكی نییە ئەگەر مەترسی داعش لەدەوروبەریان لانەبرێت، چونكە دەبێت هێزە ئەمنییەكان بەردەوام لەبەرگریدابن”.
سەرجاوە:نیقاش