له‌دوای چه‌ند مانگێك له‌په‌كخستنی په‌رله‌مانی كوردستان قسه‌یه‌كی زۆر له‌باره‌ی ژماره زۆری راوێژكارانی په‌رله‌مان له‌ئارادایه‌و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت “راسته په‌رله‌مان تاراده‌یه‌ك راوێژكاری زۆره، به‌ڵام هه‌م راوێژكاری باشی هه‌یه‌و هه‌م راوێژكاری نه‌خوێنه‌واریشی هه‌یه كه بۆ ئامانجی حزبی دامه‌زراون”.
ئا: شۆڕش محەمەد
له‌باره‌ی بڕینی خه‌رجییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه، دیلمان محه‌مه‌د سابیر به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ئاوێنه‌ی راگه‌یاند “ئه‌مه به‌شێكه له‌و كوده‌تایه‌ی كه كردویانه. هه‌مو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه جه‌عفه‌ر ئیمینیكی به‌كاری ده‌هێنێت ده‌سه‌ڵاتی نایاسایین‌و به‌شێكن له‌و پڕۆسه‌ی كوده‌تایه‌ی كه به‌سه‌ر په‌رله‌ماندا كراوه. به‌شێوه‌یه‌كی شه‌رعی یوسف محه‌مه‌د سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌و هه‌مو ده‌سه‌ڵاتێكی ئیداری‌و مالی له‌لای ئه‌وه. به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا له‌هه‌رێمی كوردستان هێز حوكم ده‌كات”.
له‌باره‌ی راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان‌و پێویستی په‌رله‌مان به‌و راوێژكارانه، دیلمان محه‌مه‌د وتی “له‌ئێستادا په‌رله‌مان له‌دۆخێكدایه كه قسه‌ی لۆژیكی له‌سه‌ر ناكرێت. راسته په‌رله‌مان تاراده‌یه‌ك راوێژكاری زۆره، به‌ڵام هه‌م راوێژكاری باشی هه‌یه، هه‌م پێویستی به‌ژماره‌یه‌كی باشی راوێژكار هه‌یه. هه‌روه‌ها راوێژكاری نه‌خوێنه‌واریشی هه‌یه كه بۆ ئامانجی حزبی دامه‌زراون”.
وتیشی “ئێمه له‌رابردودا هه‌وڵماندا كاری راوێژكاره‌كان رێك بخه‌ین‌و دابه‌شمان كرد به‌سه‌ر لیژنه‌كانی په‌رله‌ماندا بۆ ئه‌وه‌ی كارایان بكه‌ین‌و كاربكه‌ن. ئێمه زۆر شتمان به‌ده‌سته‌وه بو كه ئه‌بوایه بمانكردایه، به‌ڵام ئه‌و دۆخه‌ی كه رویدا هه‌لی ئه‌وه‌ی نه‌داینێ كاره‌كان بكه‌ین”.
ئه‌و جه‌غتی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه وه‌كو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان راوێژكاری نه‌خوێنه‌واریان نییه. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه له‌گه‌شته‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌ماندا بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و راوێژكارانه له‌گه‌ڵیدا چون كه پێویست بوه بۆ گه‌شته‌كه‌و وتی “سه‌رۆكی په‌رله‌مان كه‌سێكی ئاسایی نییه. بۆ چونه ده‌ره‌وه‌ی وڵات ئه‌و راوێژكارانه راوێژیان پێشكه‌ش به‌سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردوه‌و بۆ په‌یوه‌ندییه‌كان پێویست بون”.
ئه‌و ره‌تیكرده‌وه كه له‌قۆناغی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندا هیچ سه‌فه‌رێك بۆ گه‌شتوگوزار كرابێت‌و وتی “ئه‌و سه‌فه‌رانه‌ی كه كراون هه‌موی سه‌فه‌ری ره‌سمی بون، به‌بانگێشتنامه‌ی ره‌سمی‌و به‌ئامانجێكی فه‌رمی بون”.
ئه‌و جه‌غتی له‌سه‌ر ئه‌وه كرده‌وه كه راگرتنی خه‌رجیه‌كان كاریگه‌ری نابێت له‌سه‌ر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌سلێمانی. ئه‌و هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر چالاكیی خۆی، چونكه به وته‌ی ئه‌و “چالاكییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌سلێمانی بڕه تێچوی ئه‌وتۆی نییه‌و له‌رابردوشدا كه له‌هه‌ولێر بوین ئێمه خه‌رجی زیاده‌مان نه‌بوه، چونكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان خراپ سودی له‌دارایی‌و میزانیه‌ی په‌رله‌مان وه‌رنه‌گرتوه، له‌به‌رئه‌وه ئیشوكاره‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت‌و به‌بێ پاره‌ش هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت”.
به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه به‌وه ده‌دات كه پارتی ئێستا وه‌كو حزب په‌رله‌مان به‌ڕێوه ده‌بات‌و رایده‌گه‌یه‌نێ “كاره‌كانی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هیچ شه‌رعیه‌تێكی نییه. ئه‌و به‌فه‌رمانی حزب كارده‌كات‌و له‌سه‌روی خۆیه‌وه فه‌رمانی پێ ده‌كه‌ن، كه‌سێكی بێ ئیراده‌و لاوازه له‌به‌رده‌م فه‌رمانه حزبییه‌كاندا”.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه د.شێركۆ جه‌وده‌ت په‌رله‌مانتار‌و ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند “من ئاگاداری خه‌رجییه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مان نیم. هه‌ركه‌سێك گومانی له‌خه‌رجییه‌كان هه‌یه بابچێت وردبینی بۆ بكات‌و ئه‌گه‌ر له‌دوای وردبینیكردن هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بو با رایبگه‌یه‌نن بۆ رای گشتی”.
له‌باره‌ی راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان‌و گه‌شته‌كانیان‌و زۆری رێژه‌یان، د.شێركۆ جه‌وده‌ت وتی “په‌رله‌مان خۆی په‌كی كه‌وتوه، به‌و هۆیه‌شه‌وه چ په‌رله‌مانتاره‌كه چ راوێژكاره‌كه ئه‌و رۆڵه‌ی نامێنێت وه‌كو جاران”.
وتیشی “ژماره‌ی راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان زۆره، به‌ڵام كه ئێستا په‌رله‌مان په‌كخراوه، راوێژكاره‌كانیش ناتوانن كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن”.
له‌باره‌ی ژماره‌ی راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مانیش، جه‌وده‌ت وتی “ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگاداربم نزیكه‌ی 56 راوێژكار هه‌یه”.
سه‌باره‌ت به‌موچه‌ی راوێژكاره‌كانیش، شێركۆ جه‌وده‌ت وتی “به‌ر له‌م قه‌یرانی داراییه‌و پێش سیستمی پاشه‌كه‌وتكردنی موچه، موچه‌ی هه‌ندێك له‌راوێژكاره‌كان به‌ده‌رماڵه‌وه ده‌گه‌یشته 6 ملیۆن دینار”.
له‌باره‌ی راگرتنی خه‌رجیه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه، د.شێركۆ جه‌وده‌ت وتی “كه په‌رله‌مان په‌كخرابێت‌و هه‌مو یاساكان پێشێل كرابێت، چاوه‌ڕێی رودانی هه‌ر شتێكی دیكه‌ش ده‌كرێت”.
ئاواز حه‌مید ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له‌فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند “پێشتریش ئه‌و تێبینیه‌م هه‌بوه كه راوێژكاره‌كان زیادن‌و له‌ئێستاشدا له‌و بڕوایه‌دام كه پێویسته پێداچونه‌وه بكرێت به‌ژماره‌ی راوێژكاره‌كان‌و ته‌نها ئه‌و راوێژكارانه بهێڵدرێنه‌وه كه سودیان هه‌یه”.
ئه‌و جه‌غت له‌وه ده‌كاته‌وه كه زۆر جاریش ئه‌ندامانی په‌رله‌مان وه‌ك پێویست نه‌یانتوانیوه سود له‌زانیارییه‌كانی راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان ببینن.
وتیشی “هه‌ر له‌سه‌رتاوه دامه‌زراندنی ئه‌و هه‌مو راوێژكاره بۆ په‌رله‌مان زۆر بو‌و بوه هۆی ئه‌وه‌ی كه خه‌رجی له‌سه‌ر حكومه‌ت زۆر بكات”.
ئه‌و ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه “بونی راوێژكار له‌سه‌فه‌ره‌كاندا تاراده‌یه‌ك پێویسته به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه كه نه‌بێته دیارده‌و بۆ گه‌شت‌و گه‌ڕان نه‌بێت”.
جه‌غتیش له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه وه‌ك فراكسیۆنی پارتی داوایان كردوه كه ده‌بێت راوێژكاره‌كان به‌وردبینی هه‌ڵبژێردرێن‌و به‌رنامه‌یه‌ك دانرابو بۆ وه‌رگرتنیان كه‌به‌پێی مه‌رج‌و تایبه‌تمه‌ندی دابمه‌زرێن، به‌ڵام به‌و مه‌رجانه دانه‌نران‌و تێپه‌ڕێندران.
سەرچاوە: ئاوێنە