دەربارەی ھەلوێستی بەریتانیە کوردەکان لەم ڕاپرسیەی دواییدا !
عەبدوڵا ساڵح :
راپرسیەکەی ڕۆژی 23 / 6 / 2016 ی بەریتانیەکان بۆ دەرچون یا مانەوە لە یەکیەتی ئەوروپا بەو ئاکامەی ئێستا گەیشت کە دەرچونە لەو یەکیەتیە ، زوربەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بە بومەلەرزەیەک وەسفیانکرد کە نەک تەنیا بەریتانیا بگرە ئەوروپاو تەنانەت جیھانیشی لەرزاند بەھۆی پێگەی ئەم وڵاتە لە جیھاندا .
لێرەدا من نامەوێ بە وردی باسی بارە نیگەتیفەکەی ئەم دەرچونە بکەم کە چەند کارکردی خۆی دەبێ لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵکی کەم دەرامەد و کرێکار ، وە چۆن سەرمایەدارانی ئەو وڵاتە ئەم بارودۆخە نالەبارە پێشبینیکراوەی چاوەڕێ دەکرێ دووبارە دەخەنەوە ئەستۆی ئەو خەڵکە نەدارە و باجەکەی بەوان دەدەن .
ھەروەھا نامەوێ باسی ئەو کەم و کوڕیانە بکەم کە یەکیەتی ئەوروپا بەدەستیەوە دەناڵێنی و بەرەو بونبەستی دەبا ، ناشمەوێ ھۆکاری ئەنجامی ڕاپرسیەکە بخەمە بەر باس و لێکۆڵینەوە چونکە ئەم باسانە قسەی زۆر ھەڵدەگرن.
دەمەوێ تیشکێک بخەمە سەر ھەڵوێستی بەشێک لە کوردە بەریتانیەکان،( من دەستەواژەی کوردە بەریتانیەکان بە دروستر دەزانم لە دەستەواژەی کوردانی دانشتوی بەریتانیا ئەویش دەلیلی خۆی ھەیە و لێرەدا جێگای ئەو باسە نیە ) .
دەکرێ ئەم ھەڵوێستە لە سێ حالەتدا بدۆزینەوە :
1- ئەوانەی تێکەڵاوی کۆمەڵگاکە بوون و وڵاتەکە بە ھی خۆیان دەزانن و لە چارەنوسیدا خۆیان بە بەشدار دەزانن ھەر وەک ئەوەی لەباری یاسایشەوە ھیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ کەسێکی دیکەی ئەم وڵاتە نیە و بەپەرۆشەوە دەڕواننە داھاتوی . ئەوانە بێشک بەشداری بەرچاویان کردوە لەو دەنگدانەداو ئەوەی خۆیان بەباشیان زانیوە ھەڵیانبژاردوە .
2- ئەوانەی تێکەڵاوی ئیسلامیە توونڕەوەکان بوون و پێیان وایە چارەنوس و ئاییندەی ” وڵاتی کوفر ” ھیچ پەیوەندی بەوانەوە نیە تا ئەو کاتەی حوکمی شەرعی تێدا پیادە نەکرێ .
3- ئەوانەی ، بە ئاگا یا بێئاگا ، چونە ڕیزی توندڕەوە ڕاستڕەوەکان و بوونی کۆچبەرانی ئەوروپای شەرقی بە ھۆکاری تێکچونی باری ژیان و گوزەرانی خۆیان دەزانن، ئەم ھۆکارە شیعاری سەرەکی ڕاستڕەوەکان بوو لەم ڕاپرسیەدا ، بۆیە دەنگیان داوە بە دەرچون نەک مانەوە ! تاکو بەقسەی خۆیان لەم ” بەڵایە ” نەجاتیان بێ ! کەمتر بیریان لەوە کردۆتەوە ئەوانیش کە ئێستا بوونەتە ھاوڵاتی پێشتر پەنابەر بوون ، بەڵام بەرچاو تەنگی و ئیرەیی وسادەیی بیرکردنەوەو فریوخواردنیان لەلایەن ڕاستڕەوەکانەوە وای لێکردون بە دەوڵەت بڵێن :
تکایە دوای ھاتنە ژورەوەی ئێمە بۆ وڵاتەکەتان دەرگاکان لەسەر ئەوانی دوای ئێمە داخەن !!
ئەوەی لە کورتماوەدا پێشبینی دەکرێ وەک دەرئەنجامی ئەم بژاردەیە ، لەباری ئابوریەوە فشارێکی زۆر بۆسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک لە بێکاری ، کەمکردنەوەی خزمەتگوزاریە کۆمەڵایەتیەکان، زیادکردنی باج و….ھتد لەباری کۆمەڵایەتیشەوە بەھێزبوونی توندرەوە ڕاستڕەوەکان و بەرەی کۆنەپەرست و دوا کەوتوی کۆمەڵگا لە بەریتانیا بەڕوی ھێزە پێشکەوتوخواز و ئینساندۆستەکان، تیرۆری ئەم دوایەی ( جۆ کۆکس ) ئەندام پەرلەمانی بەریتانیا بەدەستی توندڕەوێکی ئینگلیز ڕاستی ئەو بۆچونە دەردەخا . بەھێزبوونی ئەم بەرەیەش بێشک دەبێتە ھۆی بەھێزبونی قوتبی بەرامبەری کە ” ئیسلامی توندڕەوە ” .
ئاخۆ ژیان لەکۆمەڵگایەکی داخراو کە دەنگی ڕاسیزمی تێدا بڵند بێ و ترس و دڵە ڕاوکێ لە پەلاماردانی دانیشتوان لەسەر بنەمای پێست ، ئایین و نەتەو بەردەرگات پێ بگرێ دەبێ لە خزمەت کێ بێ ؟!
جوانی ئەم وڵاتە بەم ژیانە ھاوبەشە تێکەڵاویە یە نەک پێچەوانە .