وەرگێڕانی لە فارسییەوە : محەمەد چاوشین
بەپێی سەرچاوەکانی ھەواڵ، “جان بێرنان” سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA)، ڕایگەیاندووە کە ھێزی ھاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا لە شەڕی لاوازکردنی گرووپی داعشدا شکستیان ھێناوە.
“بێرنان” ئاماژەی بەوەش داوە کە ھێزەکانی داعش، ئەگەرچی زۆرێک لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی لەدەست داوە، بەڵام ھێشتا بە ھێزێکی “مەترسیدار”لەقەڵەم دەدرێت.
ناوبراو ئەوەشی گووتوە کە داعش ھەنووکە ٢٢ ھەزار ئەندامی شەڕکەری ھەیە کە زۆر زیاترە لە ژمارەی ھێزەکانی گرووپی قاعیدە لەسەردەمی لوتکەی دەسەڵاتیاندایە.
سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندی ئەمریکا، ھەروەھا جیا لە شەڕ و پێکدادانەکانی داعش لە ناوچەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، نیگەرانی قوڵی خۆیشی لە توانای ڕێکخستنی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش لە وڵاتانی ڕۆژئاوا نیشان دا.
جان بێرنان باشتر لەھەر کەسێکی دیکە ئەو ڕاستییە دەزانێ کە سەرەکی ترین وڵاتانی پشتیوانی داعش، بریتین لە عەرەبستان، قەتەڕ و تورکیا.
لەبەرئەوە تاکوو گۆڕان لەسیاسەتی ئەم وڵاتانە لەھەمبەر گرووپی داعش نەیەتە کایەوە، قسەکردن لەسەر کردنەدەرەوەی داعش لە شانۆی سیاسی و سەربازی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕست کردەیەکی مەحاڵە.
ھەروەھا، ئەگەر دەوڵەتی ئەمریکا مەیلێکی بۆ لاوازکردن و وەدەرنانی گرووپی داعش ھەبێ، دەبێ سەرچاوەکانی سیاسی و لۆجستی گرووپی داعش ڕازی بکات بەوەی لەسیاسەتی خۆیاندا گۆڕان درووست بکەن.
ئەمەش کردەیەکە کە لەدەرەوەی توانا و ئیرادەی ئەمریکادایە .چونکە ھێشتا نە کێشەکانی سوریا بەلایەکدا کەوتووە و، نە نەفوز و پشکی ئەمریکاش لەعێراق یەکلایی بۆتەوە.
پێ دەچێ نموونەی پاکستان و پشتیوانییەکانی ئەو وڵاتە بۆ گرووپی تاڵیبان باشترین نموونە بێت.
لەگەڵ ئەوەی کە حکوومەتی ئەفغانستان چەندین جار لە کۆڕ و کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، گلەییەکانی خۆی لەسەر پشتیوانییەکانی پاکستان بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان دەربڕیوە، بەڵام ھێشتا دەوڵەتی پاکستان، ئەفغانستان وەک بەشێک لەخاکی خۆی چاو لێ دەکات و لەڕێگای بزووتنەوەی تاڵیبانەوە درێژە بە دەست وەردانە خوێناوییەکانی خۆی دەدات، بەبێ ئەوەی کە ئیرادەیەکی جددی لەلایەن ئەمریکاوە بۆ گوشار خستنەسەر پاکستان بەدی بکرێت.
ڕاستییەکەی ئەوەیە،بەداخەوە چەندە ئەمریکا لە پرسی وەستاندن و کۆتایی پێھێنانی ھاوکارییەکانی پاکستان بۆ بزووتنەوەی تاڵیبان سەرکەوتوو بووە، بەھەمان ڕێژەش دەتوانێ تورکیا و سعودیە و قەتەڕ ڕازی بکات بەوەی بەجۆری مامەڵەکانیاندا لەھەمبەر گرووپی داعش دا بچنەوە!
پێ دەچێ ڕاست ترین لێدوانی ئەمریکاییەکان ھەمان ئەو قسەیە بێ کە لەسەرەتای پەیدابوونی داعش کردیان.
ئەمریکاییەکان دەیان گوت کە شەڕی داعش دوو ـ سێ ساڵ درێژە دەکێشێت و دواتریش ئاماژەیان بەوەدا کە دە ساڵ دەخایەنێت!
بەڵام ئێستا ئەگەر بەپێی وتەکانی “جان بیرنان” سەرۆکی دەزگای ھەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) بێت، لەوانەیە شەڕی داعش زیاتر لە بیست ساڵیش تێپەڕ بکات!