رووداوی فووللایتەکە و کوشتنی گەنجەکەی هەولێر تووشی شۆکی نەکردم؟!!
چونکە وەک فیلمی هیندی و درامای تورکی لەبەرچاومان بوو، کە ئەو ئاوە خراپەی حیزب و نەریتی کۆمەڵگە و ئیدارەی هەرێم و وردە دەسەلڵتەکان لە چەند ساڵی رابروودا ڕشتوویانە، ئاکامەکەی هەر بەم شێوەیە دەبێت. زۆرمان گوت کاکە ئەم غرورە ئاقیبەتی باش نابێت، بەربەڕەلایی ولات بەرەو نەهامەتی دەبات، ئەم لوتبەرزیە لوتشکاندنی بەدواوەیە؟!! پێماندەگوتن برا مەحسوبیەت، خزمخزمێنە و عەشرەت و حیزبایەتی وشک، وشکماندەکاتەوە و دەمانخاتە سەرساجی عەلی، گوێیان نەگرت. گوتمان ڕەوانییە ئەم جیاوازییە، کۆمەڵگە بەسەر پلە یەک و دوو و سێ دابەش مەکەن، ئەو بەخشینەوەیە بە فەتارەتماندەدات؟!!. هاوارمانکرد، ئەوەندە روومەدەنە پیاوکوژەکان، مەیانکەن بە پیاو مەعقول و دیوەخانانەیان پێمەدەن. دەنگمانکەت ئەوەندەی پێتان بڵێین، زانکۆ لەمە زیاتر ریسوا مەکەن، شەهادە و بڕوانامەی ساختە و بێ بنەما مەبەخشنەوە. نووسەر و روناکبیر مەکڕن و ئەقڵدارەکان لەمە زیاتر سووک مەکەن. دادگا مەکەنە فەنتەڵۆس و واز لە حوکمی بەربەریانە بهێنن. دونیای ئەتیبا و تەندروستی مەکەنە بازرگانیەت و ئینسانکوژی دەرمانفرۆشمان بۆ مەخوڵقێنن. تاجیری وەهمی و پروژەی سەقەت و شاری خەونەکان واز لێبێنن. شعوری چینی ناوەندوو هەژارنشینان مەشکێنن، شعورشکاندنی ئەوان نیشانەی بێ شعوری دەگەینێت. وتمان دەست بە مێژووی پڕسەروەری خۆتانەوە بگرن، مەهێڵن هەڵپەرست و ناکەس پەچەکان سوود لە دڵسافیتان وەرگرن. وتمان نەچن بە گژ سەروەتی نیشتیمانی و مولکی گشتیەوە، ئەم خاکە لەت و پەت مەکەن. دەستکاری سروشتی ژیان مەکەن، خەڵکی رامەهێنن لەسەر جۆرێک لە ژیان، کە هی ئەوان نییە. ئەم هەموو مەزرەعە و ئەرزە زراعیە مەدەنە دەست جەلادەکان. زۆرمانگوت، دوبەی دادی ئێمەنادا، دونیایەک مەمنونتان دەبین ژیانی جارانمان بۆ بگەڕێننەوە. هەزارجارخۆمان کردەقوربانتان، مەلاکان هان مەدەن دژ بەپێشکەوتووخوازەکان، ژن مەکوژن، رۆژنامەنووس تیرۆر مەکەن، کتێب مەسووتێنن، لە سومعەی خوێندەواری و مەکتەب مەدەن، پەروەردە مەکەنە مەنزومەی حیزب و کلتوری گوێڕایەڵی و کۆیلایەتی مەخەنە مێشکی منداڵ، بێ ڕێزی بەرامبەر ئینسان مەکەن، کۆمەڵگە رابهێنن، نیشتیمانی خۆشبویت، نەک پارە. دەبوا فێریانکەن ژیان جوان ببینن، خۆیان بۆ ژیان خۆشبوێت، نەک دونیا بکەنە قوربانی خۆیان. گوتمان دەستمان دامێنتان، میدیا و راگەیاندنی سێبەر دروست مەکەن. ئەو هەموو پارەیە بە فیڕۆ مەدەن، سەرمایەی نیشتیمانی دروستبکەن، نەک سەرمایەداری دژ بە نیشتیمان. وتمان قەدری هونەر بگرن و ئەدیب و نووسەران، پایەدارکەن. هاوارمانکرد قەدری ئەم هەرێمە بزانن و ئەم دەستکەوتە بەقوربانی خۆشگوزەرانی خۆتان و ماڵ و منداڵتان مەکەن. دەنگمان هەڵبڕی و وتمان ئەم ئارامییە مەشێوێنن، ئاشتی کۆمەلڵیەتی تێک مەدەن، پەرلەمان مەکەنە دیوەخانە و حکومەت مەکەنە بارەگای حیزب، سووکایەتی بە هەڵبژاردن مەکەن، دەنگ مەکڕن، وەعدی بێ کردار بە میللەت مەدەن، خەڵکی خۆتان خۆشبوێت، رێز لە ئیرادەی گەل بگرن، بە چاوی نزم سەیریان مەکەن، وەک سواڵکەر مەیانژێنن، فێرە پاڕانەوە و سەرکزییان مەکەن. لێتانپاڕاینەوە منەت بەسەر هاونیشتمانی خۆتانەوە مەکەن و خەبات و تێکۆشانتان بە چاویان دامەدەنەوە، واز لە کۆشک و سەیارە و فس فس پاڵەوانی بهێنن، لە کەللەی شەیتان دەبەزن و ببنە خادم، زۆر جوامێرانەترە ببنە سەردار، شکۆی سەرداری ئەوکاتە جوانە، کە خزمەتکاری گەلەکەت بیت. هەموو ئەمانەمان لەبەرچاو بوو، بۆیە ئەم رووداوانە تووشی شۆکم ناکەن؟!!!. زۆرمان گوت و کەم گوێتان لێگرتین، بەداخەوە.