سازدانی: مارتین فۆرنی
وه‌رگێڕانی: بابان ئه‌نوه‌ر
نووسه‌ر و مێژوونووسی به‌ریتانی ئەریك هۆبزباوم ساڵی (1917) له “ئه‌سکه‌نده‌ریه”ی میسر له‌دایکبووه، دواتر له ڤیه‌نا و به‌رلین و له‌نده‌ن و کامبریدج و نیویۆرک به‌رده‌وامی به خوێندن و لێکۆڵینه‌وه‌کانی داوه. له گرنگترین به‌رهه‌مه‌کانی: (سه‌رده‌می شۆڕش 1789-1848)، (سه‌رده‌می سه‌رمایه 1848-1875)، (سه‌رده‌می ئیمپراتۆری 1875-1914)، (سه‌رده‌می كۆتاییەكان 1914-1991)، (ڕێگرەكان)، (پیشه‌سازی و ئیمپراتۆریا) و چه‌ندین کتێبی دیکه. ساڵی (2012) کۆچی دواییکردووه.
-ئێوە لە بنەڕەتدا پسپۆڕن لە مێژووی سەدەی نۆزدە. له سێ بەرهەمەکەتانه‌و ه‌له‌باره‌ی ئه‌م”سەدەی نۆزەدەی ماوه درێژ”ه‌وە [سه‌رده‌می سه‌رمایه، سه‌رده‌می ئیمپراتۆری، سه‌رده‌می كۆتاییەكان] بۆ دوایین کتێبتان “سەردەمی كۆتاییەكان”،کە ئەو سه‌ده‌یه‌ی لەخۆگرتووە تۆ پێیده‌ڵێیت “سەدەی بیستی ماوه کورت”، هێڵی به‌سته‌ری نێوان گشت کارەکانت چین؟
-یەکێک لە هێڵه به‌سته‌ره‌کانی نێوان کارەکانم بریتییه لە گەشەکردنی سەرمایەداریی لە کۆمەڵگە پیشەسازییە هاوچەخەکاندا لە سەدەی هەژدەوە. لێکۆڵینەوەم کردووە لە دروستبوون و بارودۆخەکانی گواستنەوە لە نه‌زمه کۆنەکەی کۆمەڵگەوە بۆ کۆمەڵگە نوێیەکان که سه‌رمایه‌داریی سه‌پاندوونی، ئەمەش لە ڕوانگەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە. سەرمایەداریی خاوەن مێژوویەکە کە بە شڵەژان و دروستبوونی قەیرانەکان و دووبارە بونیادنانەوە دەناسرێتەوە، لەهەمان ئەو کاتەی بەردەوامە لە وێرانکردنی جیهان.
هێڵی بەستەری دووەمی نێوان کارەکانم بریتییە لە بابەتی به‌جیهانگیریکردنی مێژووی جیهان لەڕێگه‌ی ئەم گەشەکردنە زۆر تایبەتەی سەرمایەدارییه‌وه. ئامانجی سەرەکیم نووسینەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی بوو، یاخود مێژووی خەڵکی ئاسایی و جەماوەری چەوساوە. لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکانم زیاتر گرنگی دەدەن بە کاردانەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە ترادیشناڵەکان بەرامبه‌ر هاتنی ئه‌م کۆمەڵگە تازه‌یه و لەدایکبوونی سەرمایەداریی، که به شۆڕشی پیشەسازی ناوده‌برێت. هاتووم کاریگەرییەکانی ئەم دوو لایەنەم شیکردۆته‌وە، لەگەڵ ئەو وەرچەرخانەی لە مۆدێلەکانی ژیانی تاکەکاندا، له ژیانی ژنان و پیاواندا ڕوویداوە.
بونیادنانی ئابووریی جیهانیی لە ناوەڕاستی سەدەی هەژده‌وە دەستپێدەکات و پشتدەبەستێت بە بازرگانی و ئاڵوگۆڕی نێوان “کۆڵۆنییەکان” و “ناوەندە ئەوروپییەکان [ده‌وڵه‌ته کۆلۆنیالیسته‌کان]”، هەروەها لەنێوان “ناوچه دواکه‌وتووه‌کانی ئەوروپا” و “دەوڵەتە پێشکەوتووەکان”. لەهەمان کاتدا لەسەر ئاستە سیاسییەکەش چەند دەرکەوتەیەک هاتنە ئاراوە، ئەمیش بەهۆی شۆڕشی فەڕەنسی و شۆڕشی ئەمریکییه‌وه. لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەهەمیشدا چەند وەرچەرخانێکی گەورەمان بینی، که لەیەک کاتدا هه‌م سیاسی و هه‌م ئابووری بوون. ئەمەیە ناومناوە بە “سەردەمی شۆڕشەکان”، بەبێ ئەوەی زەرووری بێت کە به‌سته‌رێکی ئۆرگانیکی لەنێوان ئەم دوو مۆدێلە وەرچەرخانه‌دا بوونی هەبێت. سەرمایەداریی، بە درێژایی بوونی خۆی شێواندن و شڵه‌ژانێکی گەلێک قوڵ بووە بۆ گشت کۆمەڵگەکانی ناوەڕاست و خۆرئاوای ئەوروپا، بە ڕادەیەک هەتاوەکو ئێستاش وه‌ک ئیشکالیەتێک ماوه‌ته‌وه تیایاندا. ڕێسا کۆنەکانی ڕێڕەوی کۆمەڵگەکانی ئاواژووکردەوە و لەو دەمەی بەرەوپێشجوونێکی مه‌زنی بەدەستهێنا، هاوکات گەلێک کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسیشی خوڵقاند. هەر لە سەرەتاکانی دەرکەوتنییەوە (بیستەکانی سەدەی نۆزدەهەم) چه‌ندین “دژه‌پڕۆژە”ی به‌دوای خۆیدا هێنا، کە ئامانجه‌که‌ی بریتی‌بوو لە قەرەبووکردنەوەی بە شێوازی جیاوازتری کۆمەڵگەکان، که ئه‌مه هه‌ر زووبه‌زوو بوارخۆشکه‌ر بوو بۆ دەرکەوتنی تێگەیشتن و چه‌مکه سۆسیالیستییەکان لەسەر گۆڕەپانەکە.
-کتێبەکەتان “سەردەمی ئیمپراتۆری” پەیوەستە بە ماوه‌یه‌کی مێژوویی له‌نێوان (1875- 1914). لەوێدا دەربارەی زەمینە و زەمانی بۆرژوازیی و ئەو سیستەمەی لێوەی هاتووە -واتە سەرمایەداری- دواون. بەڵام سەرەڕای ئەوە ئێمە لەمڕۆدا تێبینی ده‌که‌ین ئەو سیستەمە هێشتا بەردەوامە…
-لە میانەی سەدەی نۆزدەدا ئه‌گه‌ری جێگرتنه‌وه‌ی سەرمایەداریی بە کۆمەڵگەیەک کە لەسەر بازاڕی ئازاد و کێبڕکێ دانەمەزرابێت هاته‌پێش، ئەویش بە گەڕانەوە بۆ سیستەمێک کە هاریکاریی تێیدا سەردەست بێت. ئەوەی ئینگلیز پێیدەڵێت کۆمۆنوێڵز(commonwealth)ی هەرەوەزیی (کە له زمانی لاتینیدا هاوشانه به کاروباری گشتی res publica). لێرەوە ئایدیا سۆسیالیستییەکان گەشەیانکرد. هەرچەندە کەسانێک هەبوون کە وەک پەرچەکردارێک به‌رامبه‌ر هەموو ئەم شتە تازانە [هاتنی سه‌رمایه‌داریی و کۆمه‌ڵگه‌ی بۆرژوازی و مۆدێله‌کانی ژیانی په‌یوه‌ست پێوه‌یان]، خواستی گەڕانەوەیان هەبوو بۆ ڕابردوو. بە درێژایی سەدەی نۆزدەهەم و بەشێکی گرنگی سەدەی بیستەمیش کڵێسا بە شێوەیەکی تایبەتی گوزارشتی لەم خواستە دەكرد.
سەرمایەداریی لە هەموو قۆناغێک لە قۆناغەکانی گەشەکردنیدا ماوەیەک له پیشکەوتنی ماتریالی و تەکنەلۆژیی گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌بینیوه، که وەک بازدانێک بووه بۆ پێشەوە هاوشان له‌گه‌ڵ به‌دواداهاتنی قەیران. سەدەی نۆزدەهەم بۆ بۆرژوازیی داگیرکەر (invader) بە قەیرانێکی گەورە کۆتاییهات، کە چەند دیاردەیەکی بەدوای خۆیدا هێنا: لەلایەک دەستکەوتە دیموکراتییەکان دەبینین لە کایه سیاسییەکەدا. لەلایەکی دیکه‌شه‌وه بزووتنەوەیەکی کرێکاریی گەورە دەبینین کە دەیەوێت بناغه‌ی کۆمەڵگەیەکی نوێ دابنێت. بەڵام هاوکات پەرچەکرداری ناسیۆنالیستی، ئەنتی سیمیتیک(دژە جولەکە)، زینۆفۆبیا (ڕق لە بێگانە)، هتد… دەبینین. ئەم ئاڕاستانە کاریگەرییەکی قوڵیان هەبوو لە مێژووی فەڕەنسا و ئه‌ڵمانیادا، بەڵام لە ئینگلتەرا ده‌رکه‌وتنێکی کەمتریان هه‌بوو.
لیبڕالیستەکانی سەدەی نۆزدە باوەڕیان بە بوونی بەستەرێکی ئۆرگانیکی هەبوو لەنێوان پێشکەوتنی ماتریاڵی و پیشکەوتنی مۆراڵیدا، پێیان وابوو ئەم هەنگاوانە بەرەو پێشەوە هەمیشە بەردەوام دەبن: پیشکەوتنی خوێندنی گشتی و شارستانیەت، پێشکەوتن لەپێناو زیاتر بەشارستانیبوونی جەنگدا (ڕێککەوتننامەکانی لاهای وەک نموونە)، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم کۆمەڵگە بۆرژوازییە کە پێشکەوتنێکی بێپێشینەی به‌ده‌ستهێنابوو گەیشت بە ڕێگەیەکی داخراو. هەر لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە هەندێک کەس تێبینیی ئەوەیان کردبوو کە دیموکراتیزه‌کردنی سیاسەت، به‌جیهانیکردنی ئابووری، تەنانەت به‌زرکردنه‌وه‌ی ئاستی کو‌لتووریی، گەشەکردنێکی هێڵیی نین.
داڕمانی کۆمەڵگەی بۆرژوازیی کە له ساڵی ١٩١٤ه‌وه دەستپێده‌کات، ئەو هۆکارە دیاریکراوەیە کە ماوەی یەکەمی ئەو سەدەیەی بەدوای خۆیدا هێنا، کە لە کتێبەکەمدا بە “سەردەمی کارەسات (١٩١٤-١٩٤٥) [مه‌به‌ستی له چاپته‌ری یه‌که‌می کتێبی (سه‌رده‌می كۆتاییەكان)ـە]” ناومبردووە. بەدوای ئەویشدا دووبارە بونیادنانەوەی سەرمایەداریی دێت بە درێژای ئەو ماوەیەی بە “سەردەمی زێڕین” ناومبردووە، کە بە کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانی دووەم دەستپێدەکات و لە سەرەتای حەفتاکاندا کۆتاییدێت.
لە کتێبەکەتدا “سەردەمی كۆتاییەكان” ئاماژەت بەوەداوە کە سەرمایەداریی بە فەزڵی یەکێتیی سۆڤیەت ڕزگاریبوو. تێبینی دەکەین سەرمایەداری لە هەموو قەیرانەکان ڕزگاری بووە و سەرلەنوێ لەدایکبۆتەوە…
-بە تەواوی ئەوە تایبەتمەندییەکەیەتی: مارکس و ئەنگڵس لە ڕابردوودا-ساڵی ١٨٤٨- گومانی ئەوەیان دەکرد کە سه‌رمایه‌داریی دوا هەناسەکانی دەدات. مشتومڕێکی گەورەش کرا دەربارەی مایەپوچبوونی سەرمایەداریی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەدا. شۆڕشی ڕووسیش نیشانەیەک بوو لە نیشانەکانی ئەم مایەپوچبوونە، وەک دەرئەنجامێکی ئەو داڕوخانەی کۆمەڵگەی سەدەی نۆزدەهەمی گرته‌وه، کە ئەگەر ئەو دۆخه داکشانه‌وه سیاسی و ئابوورییە نەبووایە کە هەتاوەکو جه‌نگی جیهانیی یەکەم باڵادەستبوو هەرگیز ڕووینەدەدا. دواجار ڕووداوێکی ناوازه ڕوویدا کاتێک له جەنگی جیهانی دووەمدا سەرمایەداریی لیبراڵیستیی لەگەڵ سۆڤیه‌ت هاوپەیمانییان بەست دژ بە مەترسیی نازیزم. له‌و کاته‌وه که‌ئەم دوو سیستەمە لە بەرگرییه‌کی هاوبەشدا هاوپه‌یمانییان به‌ست، ئیدی سەرمایەداریی توانی سەرله‌نوێ خۆی بونیادبنێتەوە.
له کتێبەکەمدا “سەردەمی کارەسات (١٩١٤-١٩٤٥)” ئەوەی دەرخستووە کە سەرمایەداریی بە ئاسانی ناتوانێ لە چوارچێوەی بازاڕێکی تەواو ئازاد‌دا کاربکات… لە ساڵی ١٩٤٥ـەوە دەوڵەتانی سەرمایەداری-لەنێویاندا ویلایەتە یەکگرتووەکان، بەبۆنەی جیبەجێکردنی سیاسەتی “NewDeal”ه‌وه- بیریان لەوەکردەوە بتوانن ئابوورییەک دابنێن کە پشت بە فۆڕمێکی پلاندانان ببەستێت، وەک ئەوەی لە فەڕەنسا پشتی پێدەبەسترێت. هەموو ئەوانە بەرەبەرە چونە زیهنی خەڵکەوە لە پاش قەیرانە ئابوورییە گەورەکەی سییەکانەوە، کە ئەزموونی سۆڤیەت پەیوەست بە گەشەکردنە ئابوورییە ڕووکەشەکەیه‌وه، جۆرێک لە سەرسامیی دروستکردبوو. کاریگه‌رییه‌کانی ئەو پێکەوە کۆکردنەوەیەی نێوان دامودەزگای تایبەت له‌لایه‌ک و پلاندانان و ڕێڕەوی ئابووریی گشته‌کی له‌لایه‌کی دیکه، هەر بەتەنها لەنێو دیموکراتخوازە خۆرئاواییەکاندا نه‌مایه‌وه، بەڵکو گه‌یشته ژاپۆن و کۆریاش… ئەم ڕێسایەیان کردە به‌رزکه‌ره‌وه‌ی ئابوورییەکانیان و ئەو پێشڕه‌وییه‌ی هەتاکو حەفتاکان له‌ئارادابوو. لەو ساتەوە داڕمانی بلۆکی سۆسیالیستیی و قۆناغێکی نوێ لە جیهانگیریی سەرمایەدارییمان بینی. بەڵام ئەمەی دواییان کەوتە نێو قەیرانێکی نوێوە و هەتاوەکو ئێستا نموونه‌و ئه‌زموونێکی تازه‌ی بۆ دووبارە بونیادنانەوە خۆی نەدۆزیوەتەوە، که من پێموایە بە سەلامەتی دەردەچێت و جارێکی دی خۆی بونیادده‌نێته‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ی بەپێی ڕێسای “خوڵقاندنی وێرانکارانە créationdestructrice” گەشەیکردووه، وه‌ک جۆزیف شۆمپیتەر ئاماژەی پێداوە.
جگە لەوە پێموایە سەرمایەدارییش بە میتۆدێکی دیاریکراو، گه‌یشتووه به سنورەکانی خۆی. هەتاوەکو ئێستا لە ئەدای خۆیدا -بەبێ ئەوەی بەئاگابێت لەوە- سوودی بینیوه لە دەستکەوتەکانی ڕابردوو وەک هەستی هاریکاریی خێزانی و هەستکردن بە ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و شتێک لە ئه‌خلاق… به‌ڵام ئه‌م بنه‌مایانه له‌مڕۆدا له سه‌رووبه‌ندی له‌ناوچووندان، هه‌ر ئه‌مه‌ش مانه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داریی خستۆته لایه‌نێکی کێشه‌ئامێزه‌وه. ئه‌و گه‌شه‌کردنه گشتگیره‌ی له به‌ره‌وپێشچوونه خێراکه‌یدا ده‌یبینین، کێشه‌گه‌لێک ده‌خوڵقێنێت که ئابووریی بازاڕ ناتوانێت چاره‌سه‌رێکیان بۆ بدۆزێته‌وه. ته‌نگه‌ژه ئیکۆلۆژییه‌کان (ژینگه‌ییه‌کان) بۆ نموونه، هه‌ڕه‌شه‌ن بۆسه‌ر گۆی زه‌وی و پێویستیان به چاودێرییه‌کی ورد هه‌یه که ئه‌مه‌ش بڕیاری سیاسی ده‌خوازێت له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌کانه‌وه. بڵاوبوونه‌وه و ته‌شه‌نه‌کردنی سه‌رمایه‌داریی، مانه‌وه‌ی خودی ئه‌م سیسته‌مه ده‌کاته دژبه‌ری وجودی ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌کان. بازاڕ ناتوانێت هیچ چاره‌سه‌رێک بۆ ئه‌م جۆره کێشانه بدۆزێته‌وه.
-زۆرێک له مێژوونووسان سیسته‌می فاشیزم و کۆمۆنیزم له‌ژێر هه‌مان ئاڵای (سیسته‌م)ه تۆتالیتارییه‌کاندا وه‌سف ده‌که‌ن. هیچ ڕه‌خنه‌یه‌کت له‌م شیکارییانه هه‌یه؟
-به‌دڵنیاییه‌وه. دوو مێژووی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت بوونی هه‌یه. مێژووی ناوخۆیی یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت شکستی هێنا. ستالین بۆ ڕووسه‌کان دیکتاتۆرێک بوو، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی وه‌ک پیاوێکی گه‌وره له مێژووی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌مێنێته‌وه -ئه‌مه هیچ له‌وه که‌مناکاته‌وه که خاوه‌ن ڕووخسارێکی تاریک بوو- له‌سه‌ر پێوه‌ر یان وێنه‌ی (پترۆسی گه‌وره). له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا ده‌بێت دان به‌وه‌دا بنێین که زیانی مرۆیی سیسته‌می سۆڤیه‌ت قورس و به‌رگه‌نه‌گیراو بوو.
له به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌دا، ده‌بینین کاریگه‌ریی شۆڕشی به‌لشه‌ڤیکیی له‌سه‌ر مێژووی جیهان گه‌لێک جیاوازتر بوو. ستالین له ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا وێنه‌ی ڕزگارکه‌ری هه‌بوو، بۆ نموونه لای ئیتاڵییه‌کان، کاتێک توانییان له فاشیزم ڕزگاریان ببێت له ساڵی 1943. له ده‌می جه‌نگدا و لای سه‌ربازه ئینگلیزه‌کان، که من به‌شێک بووم لێیان، هه‌ستێکمان هه‌بوو که سوپای ڕووسی به خۆڕاگرییه‌که‌ی و گه‌مارۆدانی هێزه‌کانی هیتله‌ر، مژده‌ی سه‌رکه‌وتنی بۆ ئێمه هه‌ڵگرتووه. له‌لایه‌کی دیکه و دوای جه‌نگ، جیهان –که له‌ژێر کۆڵۆنیالیزمدا به‌هیلاک چووبوو- پشتی به‌ستبوو به‌و (شکۆ)یه‌ی که له یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا به‌رجه‌سته بووبوو بۆ ڕزگاربوون له که‌له‌پچه‌ی ئیمپریالیزم و ئازادبوونی. به جۆرێک له جۆره‌کان، یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت رۆڵی ئاژانسێکی ده‌بینی بۆ ڕزگاریی. سۆڤیه‌ت پاڵپشتیی خۆی پێشکه‌ش به پارته‌کانی ڕزگاریی نیشتیمانی کرد له وڵاته کۆڵۆنیالییه‌کانی وه‌ک هیندستان و ئه‌فریقیای باشوور… ئێمه لێره‌دا له‌به‌رده‌م پارادۆکسێکداین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که یه‌کێک له هه‌ره خراپترین رژێمه‌کانی جیهان رۆڵێکی پۆزه‌تیڤی گێڕاوه له‌سه‌ر گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی. له ئێستادا ته‌واوی مشتومڕی سیاسیی ده‌رباره‌ی سۆسیالیزم ڕیشه‌کانی له‌وێوه دێن.
-شکستی سیسته‌مه سۆسیالیستییه‌کان له‌سه‌ر ئاستی مێژووی ناوخۆیی خۆیان چۆن ڕاڤه‌ده‌که‌ن؟
ئه‌و پڕه‌نسیپه‌ی که ڕێڕه‌وی ناوخۆیی ئه‌م سیسته‌مه‌ی له‌سه‌ر دامه‌زرابوو سه‌ر به جیهانی خه‌ونی ڕزگاریی بوو. به مانایه‌ک له ماناکان، داهێنانی تاک حزبی هاوشێوه‌ی مۆناسته‌ره پیرۆزه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست بوو، تاکه حزبه‌کان له یه‌کێتیی سۆڤیه‌ت و چین و هتد… ئامڕازێکی کۆمه‌ڵایه‌تیی به‌هێزیان پێکهێنابوو، کاتێک ڕێگه‌یاندا به زیندووکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت و دامه‌زراوه‌کانی فه‌رمانڕه‌واییکردن له وڵاتانێک که له دۆخی داڕوخان و فه‌وزادا بوون. جگه له‌م لێهاتووییانه له به‌ڕێکردنی لایه‌نه ئابوورییه‌کانی دۆخی جه‌نگ، به هیچ جۆرێکی دیکه نه‌ده‌تواندرا په‌ره‌پێدانێک بهێندرێته ئاراوه به هه‌وڵ و کۆششێکی تاقه‌تپڕوکێن، که نموونه‌ی ئه‌مه له به‌کارهێنانی ده‌رامه‌ته‌کانی سیبریادا خۆی ده‌بینێته‌وه. به‌ڵام هیچ شتێک ناتوانێت گۆلاگ (ئۆردوگای کاری قورس) له تاوانه‌کانی پاکبکاته‌وه، هاوشێوه‌ی کۆیله‌داریی که کۆیله به‌کارده‌هێندرا بۆ زامنکردنی به‌رهه‌مهێنانی شه‌کر و توتن و لۆکه. کاتێکیش ئه‌م سیسته‌مانه هه‌وڵیاندا په‌نابه‌رن بۆ ئابوورییه‌کی که‌متر ڕادیکاڵ، واته تێکه‌ڵکردنی بڕێک له که‌رتی گشتی له‌گه‌ڵ بڕێک له که‌رتی تایبه‌تدا، ده‌رئه‌نجامه‌که‌ی بریتی‌بوو له شکست.
چینی ناوه‌ڕاست ده‌ستی به فۆرموله‌بوون کردبوو، له سه‌ره‌تای حه‌فتاکانیشه‌وه به دیاریکراوی خودی ئه‌م چینه بوو ئه‌و سیسته‌مه‌ی ڕه‌تده‌کرده‌وه که لێوه‌ی له‌دایکبووه. مارکس پێشبینیی ئه‌م پارادۆکسه‌ی [دژوه‌ستانه‌وه‌ی چینێک به‌رامبه‌ر سیسته‌مێک که لێوه‌ی دروستبووه] کردووه، لای ئه‌و، له ئاستێکی دیاریکراوی گه‌شه‌کردنی کۆمه‌ڵگه‌وه، ئیدی دامه‌زراوه سیاسییه‌کان ده‌که‌ونه پارادۆکس و لێکدژییه‌کی ته‌واوه‌وه له‌گه‌ڵ واقیعی ئابووری و واقیعی کۆمه‌ڵایه‌تی. هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو له یه‌کێتیی سۆڤیه‌تدا ڕوویدا، په‌یکه‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت هه‌م کۆن و نه‌گونجاو بوو، هه‌م کورتیده‌هێنا له ئاست پێویستییه‌کانی ئه‌و نوێبوونه‌وه‌یه‌ی گه‌شه‌کردنی ئابووری وڵات ده‌یخواست.
-ئیلتیزامی تۆ به‌رامبه‌ر کۆمۆنیزم چۆنه و چییه؟
-من چه‌پم. پێشموایه ده‌بێت هه‌میشه به‌رگری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خه‌ڵکی ساده و ئاسایی بکرێت. ئێمه وه‌ک ده‌سته‌بژێر، که به ده‌وڵه‌مه‌ند و زیره‌ک داده‌نرێین، پێویستمان به پۆزش هێنانه‌وه نییه. به‌ڵام وه‌ڵامی چه‌شنی: “خه‌ڵکی دیکه خۆیان کاروباری خۆیان به‌ڕێده‌که‌ن” بۆ من به‌رگه‌نه‌گیراوه و مه‌قبول نییه. سۆسیالیزم ئامانجی دروستکردنی کۆمه‌ڵگه‌یه‌که که کار له‌سه‌ر که‌مکردنه‌وه‌ی جیاوازییه‌کان ده‌کات و خزمه‌تی به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان ده‌کات. پێویسته کۆمه‌ڵگه‌کانمان له داهاتوودا سیسته‌مێکی له‌م چه‌شنه دابهێنن و په‌یڕه‌وبکه‌ن–جا ناوی سۆسیالیستی بێت یان هه‌ر شتێکی دیکه-، ئه‌وه‌ش به فه‌راهه‌مکردنی ئازادیی بۆ هه‌مووان بێ ئاوارته، ته‌نانه‌ت ئازادیی بۆ کڵێساکانیش.
من له‌ناو حزبی شیوعیدا بووم هه‌تاوه‌کو ماوه‌ی پێداچوونه‌وه و موراجه‌عه‌ی ستالینیی. له‌و کاته‌وه ته‌نها وه‌ک لایه‌نگرێک ماومه‌ته‌وه، هه‌میشه ڕه‌تمکردۆته‌وه پاشه‌کشه بکه‌م و بێمه‌ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش وه‌ک وه‌فایه‌ک به‌رامبه‌ر ژیانی خۆم، به‌تایبه‌ت وه‌فا به‌رامبه‌ر ئه‌و پرسه ڕزگاریخوازییه گه‌وره‌یه‌ی له مێشک و دڵ و ده‌رونی گشت ئه‌وانه‌دایه که په‌یوه‌ستبوون به‌م پارته‌وه. که زۆربه‌ی زۆریان هیچ بژێوییه‌کیان نییه جگه له کرێی کرێکارێکی ساده، جگه له‌وه‌ش –له‌ژێر سایه‌ی فاشیزمدا- گه‌لێک ئازار و ئه‌شکه‌نجه و ته‌نانه‌ت مه‌رگیان بینیوه. سه‌باره‌ت به من، منێک که هیچ کام له‌و ده‌رده‌سه‌ریانه‌م نه‌دیوه، پێموایه که‌مترین شت بیکه‌م ئه‌وه‌یه ئه‌و ئیمتیازاتانه قبوڵ نه‌که‌م که ئه‌گه‌ر له حزب دوورکه‌ومه‌وه پێمده‌درێت.
سه‌رچاوه:
www.alawan.org/article4539.html