سلاڤۆی ژیژهك:
سەدان ساڵە ئەوەمان بە گوێدا دەخوێنن گوایا ئێمەی مرۆڤ بە بێ دین، جگە لە ئاژەڵێكی خۆپەرست هیچی تر نین كە لەسەر پشكی خۆمان بە شەڕدێین و ئەو ئەخلاقەشی بەرمان ئەكەوێت هەمان ئەخلاقی گەلەگورگە، دەڵێن ئەوە دینە بەرەو ئاستێكی مەعنەویی باڵاترمان دەبات. ئەم ماوەیە كە دین بۆتە مایەی زنجیرەیەك توندوتیژیی خوێناوی لە گشت قوژبنێكی جیهاندا، وتەگەلێكی دڵخۆشكەرەی وەك «ئەوە كەمینەیەكی فەندەمێنتاڵن پەیامە پیرۆزەكانی مەسیحیەت و ئیسلام و هندۆ خراپ بەكارئەهێنن»، تڕۆ و پڕوپوچ دێنەبەرچاو. ئایا كاتی ئەوە نەهاتووە یەكێك لە میراتە گەورەكانی ئەوروپا كە (بێخوایی-ئاتەیزم)ـە زیندووكەینەوە؟ میراتێك نەخوازەڵا تاكە چانسمان بێت بۆ ئاشتی و ئارامی!
سەد و ئەوەندە ساڵ پێشتر دۆستۆیڤسكی لە ڕۆمانی برایانی كارامازۆف و بەرهەمەكانی تریدا، ئاگاداری كردینەوە لە مەترسییەكانی نیهیڵیزمــی بێخوایی و ئەرگۆمێنتی هێنایەوە گەر خوا بوونی نەبێت هەمووشتێك ڕەوا و ڕێ پێدراوە. فەیلەسوفی هاوچەرخی فەڕەنسیش ئەندرێ گڵۆكۆزمان هەمان ڕەخنەی دۆستۆیڤسكی لە نیهیڵیزمی بێخوایی، دەرهەق بە یانزەی سێپتامبەر بەكارهێنایەوە لە كتێبی(دۆستۆیڤسكی لە مانهاتان)دا. بەڵام ئەم ئەرگۆمێنتە بۆخۆی گەورەترین هەڵەیە. ئەوەی ئەمڕۆ تیرۆریزم فێرمان ئەكات ئەوەیە گەر خوا بوونی هەبێت، هەموو شتێ، تەنانەت تەقاندنەوە و هەڵدانی هەزاران مرۆی بێگوناهیش ڕەوا و ڕێ پێدراوە.(لانیكەم لای ئەو كەسانەی بانگەشەی ئەوە ئەكەن كە ڕاستەوخۆ بۆ ڕازیكردنی خوا ئەم كارە ئەكەن، چونكە ئاشكرایە كە پەیوەندیكردنی ڕاستەوخۆ بە خواوە، هەموو جۆرە كەموكورتییەكی مرۆیی و ئەوەشی مرۆڤ بەرهەمی هێناوە هەڵدەوەشێنێتەوە.) ئەم سەلەفی و فەندەمێنتاڵانە جیاوازییەكی ئەوتۆیان لەگەڵ ستالینییە “كافرەكان”دا نیە كە خۆیان بە وەسیلەی ڕاستەوخۆی بەجێهێنانی حوكمی خواوەندەكەیان دەزانی كە «حەتمیەتی مێژوویی ڕووەو كۆمۆنیزم» بوو.
لە شەڕی سەلیبیی حەوتەمدا كە سانت لویس سەركردایەتی دەكرد، ئیڤۆ لوبرۆتۆن دەگێڕێتەوە: ڕۆَژێك لە سەرەڕێیەكدا تووشی پیرەژنێك بووم، كە دەفرێك ئاگر بە دەستی ڕاستییەوەو، كاسەیەك ئاویش بە دەستی چەپیەوە بوو. لە وەڵامی ئەوەی كە ئەم دووانەی بۆچی هەڵگرتووە پیرەژنەكە وتی: دەمەوێ بە ئاگرەكە وەها بەهەشت بسوتێنم هیچی لێ نەمێنێتەوە و بە ئاوەكەش وا ئاگری جەهەنم خامۆش بكەم گڕێكی لێ جێنەمێنێت: «چونكە دەمەوێت، كەس نە بۆ پاداشتی بەهەشت چاكە بكا و نە لە ترسی ئاگری دۆزەخیشدا. بەڵكو تەنیا بۆ خۆشەویستیی خوا بیكات.» ئەمڕۆ ئەم دیدگا ئەخلاقیەی مەسیحیەت (كە دیدگای پیرەژنەكەشە-و)، تەنیا لە شێوەی «بێخوایی»دا توانیویەتی درێژە بە خۆی بدات.
ئسوڵیەكان ئەوەی كە بە خەیاڵی خۆیان چاكە و خراپەیە، بە مەبەستی بەجێهێنانی فەرزی خوا و سەربەرزیی قیامەت ئەنجام ئەدەن، كەچی “بێ خواكان” لەبەر ئەوە كاری چاكە دەكەن كە كارێكی درووستە و بەس. مەگەر ئەمە یەكەمین ئەسڵ و ئەزموونی ئێمە نیە لە مەسەلەی ئەخلاقدا؟ وەختێ من كارێكی چاكە دەكەم، بۆ ئەوە نیە خوا لە خۆم ڕازی بكەم، بەڵكو بۆ ئەوە دەیكەم بەرامبەر ئاوێنە ڕووم بێت سەیری خۆم بكەم! كاری ئەخلاقی وەكو پێناسە، خۆی پاداشتی خۆیەتی. فەیلەسوفی ئنگلیزی دیڤید هیوم كە بڕوای بە خوا هەبوو، ئەمەی لە ڕستەیەكدا كورت كردۆتەوە و دەڵێت: تاكە شێوازی ڕێزگرتن لە خوا ئەوەیە كە لە كاتی كاری چاكەدا وا ڕەفتاركەین، وەك بڵێی خوا هەر بوونی نەبێت.
دوو ساڵ پێش ئێستا ئەوروپیەكان لە ئامادەكردنی ڕەشنووسی دەستوورەكەیاندا كەوتنە مشت و مڕی ئەوەی كە، ئاخۆ دەبێ مەسیحیەت وەكو بەشێكی ڕەسەنی میراتی ئەوروپی ناوببرێت یان نا؟! وەكو هەمیشە، ڕێگەچارەیەكی مامناوەندییان دۆزییەوە كە ئاماژەیەكی گشتی بە «میراتی دینی» دەكات. بەڵام بۆ باس لە نایابترین میراتی ئەوروپای نوێ نەكرا كە بێخواییە «ئاتەیزم»؟ ئەوەی كە ئەوروپای نوێ وەها شاز و تایبەت پیشان دەدات ئەوەیە، ئەوروپا یەكەمین و تاكە شارستانێتیەكە تیایدا “ئاتەیزم”ـی وەك هەڵبژاردنێكی تەواو شەرعی ناساندووە و باوەڕپێكردنیشی نابێتە ڕِێگری ئەوەی كاروكاسپیەكت لای دەوڵەت دەست بكەوێت. ئاتەیزم كەلەپورێكی ئەوروپیە و نرخی ئەوەی هەیە خەبات بۆ پاراستنی بكەین، لانیكەم لە بەر ئەوەی فەزایەكی گشتیی ئازاد بۆ باوەڕداران دەڕەخسێنێت. بۆ نمونە سەیری ئەو حاڵەتە بكەن كە لە شاری لۆبلیانای پایتەختی سلۆڤانیای وڵاتەكەی من ڕوویدا، كە لە كاتی نووسینەی دەستووردا ئەم پرسیارە قوت بووەوە: ئایا دەبێ مسوڵمانان (بە زۆریی، كرێكارە كۆچبەرەكانی كۆمارەكانی یوگۆسلاڤیای پێشوو ) مۆڵەتی ئەوەیان هەبێت مزگەوت بۆخۆیان درووست بكەن؟ لەكاتێكدا كۆنزەرڤاتیڤەكان لەبەر هۆكاری كەلتووری و سیاسی و تەنانەت بیناسازییش دژی درووستكردنی مزگەوت بوون، كەچی هەفتەنامەی لیبراڵی (میلادینا) وەك پشتگیرییەك پێ لەسەر درووستكردنی مزگەوت دادەگرێت و جەخت لەسەر مافی هاوڵاتیانی كۆمارەكانی یوگۆسلاڤیای پێشوو دەكاتەوە.
بێ ئەوەی جێی سەرسووڕمان بێت، هەمان هەفتەنامە دەستی دایەوە دووبارە چاپكردنەوەی كاریكاتێرەكانی پێغەمبەری ئیسلام. لە بەرامبەردا، ئەو كەسانەی بە هاوخەمییەوە توندوتیژیی خۆپیشاندەرە مسوڵمانەكانیان «درك ئەكرد»، هەر ئەوانە بوون كە بەردەوام لە ئایندەی مەسیحیەت و «بەردەوامبوونی بەهاكانی» نیگەرانن.
ئەم دەست تێكەڵكردنە سەیر و سەمەرانە، مسوڵمانانی ئەوروپا ڕوو بە ڕووی دۆخێكی سەخت دەكاتەوە. تاكە هێزێكی سیاسی كە نەیەوێت مسوڵمانان بكاتە هاوڵاتیی پلەدوو، هاوكاتیش بیەوێت فەزایەك بخولقێنێ تا شوناسی ئاینیی خۆیانی تیا دەربڕن، تەنیا لیبراڵە “بێ خوا”كانن. ئەمە لەكاتێكدا ئەو هێزانەی كە لە ڕەفتار و كرداریشدا لە خۆیان ئەچن، ئەو مەسیحیەتەی كە كۆپیی خۆیانە، بە فیعلی و لە ژێرەوە دوژمنی سەرسەختی ئەمانن. پارادۆكسەكە لەوێدایە، تاكە یەكخەرەوەی ڕاستەقینەی مسوڵمانەكان ئەوانە نین كە یەكەمجار كاریكاتێرەكانیان چاپ كرد، بەڵكو ئەوانەن كە بە مەبەستی بەرگری لە ئازادیی بڵاوكردنەوە و دەربڕین دەستیان دایەوە چاپكردنەوەی ئەو كاریكاتێرانە.
هەرچەندە «بێ خوا»یەكی ڕاستەقینە بۆ سەلماندنی بۆچوونەكانی، پێویستی بەوە نیە سوكایەتی بە موقەدەساتی باوەڕداران بكات و بیانورووژێنێ، بەڵام هاوكات ئامادەش نیە مەسەلەی كاریكاتێرەكانی موحەمەد بە بیانووی (ڕێزگرتن لە بیروباوەڕی ئەوانی تر)ــەوە بێ بایەخ بكات. ڕەچاوكردن و ڕێزگرتن لە “بیروباوەڕی ئەوانی تر” تەنیا و تەنیا دوو مانای هەیە : یان ئەوەتا ئێمە لە سەرەوە بە چاوێكی بەزەیی و سوكەوە دەمانەوێت بۆ ئەوەی وەهم و خورافەتەكانی كەسێك تیانەچێت، هەستی بریندار ناكەین. یان ئەوەتا لە دیدێكی ڕێژەگەرا و ڕازی بە «فرەڕەنگیی حەقیقەت»، بە بیانووی ئەوەی كە نامانەوێت شەرعیەت بە توندوتیژی بدرێت، وازئەهێنین لە سووربوون لەسەر حەقیقەت.
بەڵام بۆ نابێت ئیسلامیش بەوپەڕی ڕێزەوە -لە پاڵ دینەكانی تردا- بخەینە بەر شیكردنەوەیەكی ڕەخنەیی؟ شیكردنەوەیەك هێندەی ئەو ڕێزە بێڕەحم بێت كە لێی ئەگرین. ئەم شێوازە و، تەنیا ئەم شێوازەشە ڕێی ڕێزگرتنی ڕاستەقینە پیشانی مسوڵمانان ئەدات: با بەو جۆرە لەگەڵیاندا بجوڵێینەوە كە لەگەڵ مرۆڤە پێگەیشتووەكاندا دەجوڵێینەوە. ئەو مرۆڤە پێگەیشتووانەی خۆیان بەرپرسی بیروباوەڕی خۆیانن.
تێبینی: «ژیژهك» چوارساڵ دوای جەنگی جیهانی دووەم لە دایك بوو. بە ڕەچەڵەك خەڵكی سلۆڤانیایە و لە ناسراوترین فەیلەسوفە زیندووەكانی ئێستای دونیایە. بە ئینگلیزی و ئەڵمانی و فەڕەنسی دەنوسێت و هاوكات لە ناوەندە ئەكادیمیەكانی ئەمریكای باكور و ئەوروپا سەرقاڵی وانە وتنەوەیە. ئەم كورتە وتارەی خوارەوەی لە ساڵی 2006دا و لە نیۆرك تایمز **بڵاوكردەوە، كە ئەودەم توڕەیی و توندوتیژیی مسوڵمانەكان لە هەمبەر كاریكاتێرەكانی پەیامبەری ئیسلام شەپۆلی دەدا. ئەم وتارە كۆن نابێ و ژیژهك پێشنیارێكی نوێ دەخاتە بەردەم مرۆڤایەتی و مسوڵمانان و دەم لە كەلەپوری ئاتەیزم دەدات بۆ چارەی بونبەستە دینیەكانی ئەمڕۆ.