ڤیان مه‌جید فه‌ره‌ج- ئیسپانیا-گۆڤاری سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی، سلێمانی
دوای ده‌ركه‌وتنی داعش هاوكێشه سیاسیه‌كانی رۆژه‌ڵاتی ناوین گۆڕانێكی به‌رچاوی به‌سه‌ردا هات، لێ جه‌وهه‌ری و هه‌ڵته‌كێنه‌ر نین به جۆرێ كورد بكاته گه‌مه‌كاری یه‌كه‌م. به‌ڵكو گۆڕانكاریه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه خۆی له‌و هێزه مه‌گنیكیه‌دا ده‌بینێته‌وه كه دونیای په‌لكێشی بڵۆكی ئه‌مریكا كرد. دیسانه‌وه هه‌ندێ له وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی گیرۆده‌ی بژارده‌یه‌ك كرده‌وه كه هه‌مان ئه‌و سیناریۆیانه‌ن پێشتر له‌سه‌رده‌مانی هه‌ردو بۆشدا هه‌بون، ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵمان نیه، دژمانه. ره‌نگه به‌م راشكاویه ئه‌م په‌یامه نه‌وترابێ، به‌ڵام ئه‌مه‌ریكا خوانی گفتوگۆی دژ به داعشی له ماڵی هه‌مو وڵائانی هاریكاری داعشدا راخست و به‌مه‌ش هه‌ر له وڵاتانی كه‌نداوه‌وه تا توركیا ناچار بون به‌ده‌نگی به‌رز به‌ره‌ی دژ به‌داعش هه‌ڵبژێرن. له‌نێوه‌ندی هه‌مو ئه‌م وڵاتانه‌دا توركیا وه‌ك گه‌مه‌كاری سه‌ره‌كی به‌تایبه‌ت كه دۆستایه‌تیه‌كی به‌رژه‌وه‌ندی ئابوری به‌هێزی له‌گه‌ڵ كوردانی باشور هه‌یه، كه‌چی دژایه‌تیه‌كی سه‌رسه‌ختی كوردانی باكوره تا ئاستی ئه‌وه‌ی جیاوازیه‌ك له‌نێوان داعش و جڤاكی نیشتمانی كوردی باكور په‌كه‌كه‌دا نابینێ. توركیا نه‌یتوانی تا سه‌ر دژیه‌تی نه‌كردنی داعش وه‌ك ئه‌جندایه‌كی سیاسی پڕ له‌كینه بێڵێته‌وه، به ناچاری خۆی له‌و قه‌یرانه سیاسیه گوماناویه ده‌رهێنا كه به‌هۆیه‌وه جگه له له‌ده‌ستدانی ئه‌ندامێتی ئه‌نجومه‌نی كاتی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ندێ گرێبه‌ستی گرنگی ئابوریشی كرده قوربان له گرنگترینیان ئه‌وه‌ی سه‌رده‌می محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی زیندانیكراوی میسری سه‌رده‌می ئیخوانه‌كانه كه به‌هۆیه‌وه كه‌شتیه‌كانی توركیا له‌رێگای نۆكه‌ندی سوێسه‌وه به‌ره‌و ده‌ریای عه‌ره‌ب رێ‌یان ده‌كرد.
له‌گه‌ڵ هه‌مو ئه‌مانه‌شدا هێشتا توركیا به‌بۆچونی من پله‌یه‌ری سه‌ره‌كیه له نێوه‌ندی دڵی رۆژه‌ڵاتی ناویندا، به‌تایبه‌ت له‌وه‌ی په‌یوه‌سته به كێشه‌ی كورده‌وه، چونكه وڵاتێكه پێگه‌یه‌كی جوگرافی گه‌وره‌ی هه‌یه‌و زۆرترین به‌شه نیشتمانی كوردیشی به‌ركه‌وته‌یه، كه دواجار چاره‌نوسی كوردانی چوار پارچه‌یان پێوه به‌ستراوه‌ته‌وه، لێ ئه‌مانه نامانگه‌یه‌نێته ئه‌و بنبه‌سته‌ی وه‌بزانین كورد سه‌نگی نیه له ناوچه‌كه‌دا.
راستی ئه‌گه‌ر گوزه‌رێكی خێرا بكه‌ین به‌سه‌ر ٥ ساڵی رابردودا ده‌بینین كورد، به‌تایبه‌تی له‌به‌شی باكور و رۆژاواو باشور، هه‌نگاوی رژدانه‌ی ناوه چ له‌سه‌ر ئاستی سه‌ربه‌خۆی ئابوری چ له‌سه‌ر ئاستی دابینكردنی مافه سه‌ره‌تاییه‌كان و به‌جۆرێ له جۆره‌كانیش دابینكردنی ئاشتی ناوچه‌ییدا، چونكه رێكه‌وتننامه‌ی ئاشتی له كوردستانی باكور، رێخۆشكه‌رێكی مه‌زن بوه بۆ ئه‌وه‌ی دونیای ده‌ره‌وه‌ی توركیا تێ بگا له‌وه‌ی كورد ده‌توانێ سه‌قامگیری ناوچه‌ی و ئیقلیمی بۆ ئه‌م به‌شه گرنگه‌ی گه‌ردون دابینبكا. هه‌ر له‌م پێنج ساڵه‌ی رابردودا، به‌هۆی كوردانه‌وه‌یه كه‌مترین ئاژاوه‌گێڕی و شه‌ڕو كوشتار روی داوه، ئه‌وه‌تا له‌چه‌ند هه‌فته‌ی رابردودا كورد جوڵا، به‌جارێ كاره‌ساتێكی ئابوری و مرۆی به‌سه‌ر توركیای گه‌وره دۆستی رۆژاوادا خولقا، كه‌واته كورد سه‌نگێكی مه‌زنی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر تا دوێنێ په‌كه‌كه و هێزه پشتیوانه‌كانی له باكور و باشور و رۆژه‌ڵات و رۆژاوا به هێزی تێرۆریست ناوه‌زه‌د كرابن، ئه‌وا ئه‌مڕۆ له رۆژاوا نه‌ك به تیرۆر ناونابرێ به‌ڵكو پشتیوانی و هاریكاریش ده‌كرێ، له باكور باڵی سیاسی به‌ركاره‌و هه‌ده‌په و به‌ده‌په لۆژیكیانه خه‌باتی سیاسی كوردانی باكوری له ئامێز گرتوه‌و كرانه‌وه‌ی دیمۆكراتیانه‌ی ئه‌و هێزانه‌ی كورد كه درێژه پێده‌ری خه‌باتی نه‌ته‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ن، وای كردوه قه‌یرانه‌كان به‌روه پوكانه‌وه بچن، وه‌ك چۆن كرایسس گروپ له دواین راپۆرتی خۆیدا له ٦ی نۆڤێمبه‌ری ئه‌مساڵدا ئاماژه‌ی بۆ كردوه، وه‌ختێتی توركیا چیتر داعش و په‌كه‌كه وه‌ك یه‌كتر نه‌بینێ!
راستی ئه‌م گوتاره له‌لایه‌ن رێكخراوێكی وا گه‌وره‌ی جیهانی جێگای تێفكرین و لێكدانه‌وه‌یه، چونكه به‌ری ١١ مانگ پێش ئێستا راپۆرتێكی تێروته‌سه‌لی له‌سه‌ر قه‌یرانی نێوان هه‌رێم به‌غداو كێشه‌ی نه‌وت نوسی، دوای ئه‌م راپۆرته گرژی ته‌واوه‌تی كه‌وته نێوان به‌غداو هه‌رێم چونكه بن په‌رده‌ی خسته رو نیه‌ته پۆغڵه‌كانی توركیاشی له‌و باره‌وه نیشانی دونیا دا.
ئێستاش له‌سه‌ر دۆسیه‌ی په‌كه‌كه‌و كوردانی توركیا راپۆرتێكی تری نوسیوه‌و زۆر لۆژیكیانه ده‌رخۆنه‌ی ته‌واوی كێشه‌كه‌ی داوه، هه‌نگاوی دوای ئه‌م لێكدانه‌وانه به‌ره‌و ره‌شكردنه‌وه‌ی ته‌واوه‌تی په‌كه‌كه ده‌بێ له لیستی تیرۆردا، كه ئه‌مه‌ش رویدا، چه‌رخێكی نوێ له خه‌باتی سیاسی كوردا به‌ڕای من روده‌دا، چونكه ئیتر كوردانی باكور له ئینته‌رپۆڵ و میتی توركی ناسڵه‌منه‌وه، سه‌ركرده مه‌نفیكراوه‌كان و ئاواره‌كان ئازادانه ده‌توانن هاموشۆ بكه‌ن و سه‌ر بكه‌ن به‌هه‌مان ئه‌و شوێنانه‌دا كه تورك ده‌ستی پێیانده‌گا، بۆیه كلیلی گرفته‌كه باكوره، تۆزێك ئازادی باكور، مه‌ودایه‌كی فراوانی سه‌ربه‌ستی بۆ پارچه‌كانی تر دابین ده‌كا. ته‌نها هه‌ره‌كه‌یه‌كی شه‌پۆلئاسا بۆ پشتیوانی رۆژاڤا، توركیای خست به پشتا، به جۆرێ ناچاریكرد هه‌م رێگا به پێشمه‌رگه بدا بچنه كۆبانی، هه‌م هاریكاری سه‌ربازیش بگا به شه‌رڤانان، هه‌م سنوره‌كانیش به‌ڕوی ئاواره‌كاندا بكاته‌وه، ئه‌مه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ده‌ست بكاته‌وه به هه‌وڵدان بۆ فه‌راهه‌مكردنی په‌یوه‌ندی به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ عیراقدا، چونكه عیراقی سه‌رده‌می مالكی، دێوه‌زمه‌ی توركیا بو، به‌ڵام ده‌بینین داڤود ئۆغلۆ خۆی سه‌ردانی به‌غداو هه‌ولێریش ده‌كا.
راستی سه‌ردانی ئه‌م زاته جێگای گومانێكی گه‌وره‌یه بۆ كورد و ده‌بێ له سیگنه‌ڵه‌كان گه‌یشتبن ئه‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م هه‌رێمه‌یان له‌ده‌سته، ده‌شبێ ئه‌وه‌یان خوێندبێته‌وه بۆچی له‌و هه‌مو ماوه‌یه‌دا توركیا، ئاماده‌ی تیا نه‌بو له هاڵك بانك پاره‌ی هه‌رێم بداته‌وه‌و به‌ر به گرفتی بێموچه‌ی بگرێ، ده‌بێ زانیبێتیشیان سۆمۆ بێ رێره‌وی نه‌وت یان نا، دواجار به‌قه‌ده‌ر عیراق، توركیاش مه‌به‌ستیه‌تی سه‌ربه‌خۆیی ئابوری بۆ كورد جێبه‌جێ نه‌بێ، وه‌ك چۆن له راپۆرته‌كه‌ی كرایسس گروپدا به‌رپرسانی تورك سه‌باره‌ت به رۆژاڤا راشكاوانه ده‌ڵێن نایانه‌وێ دو كوردستان دراوسێیان بێ، ئاوهاش په‌ستن به بونی ئابوری به‌هێز بۆ كورد جا هی هه‌ر پارچه‌یه‌ك بێ.
له‌كۆتایدا كوردان، ته‌نها به‌یه‌كڕیزی ده‌گه‌نه ئه‌و ئامانجه‌ی كه رۆژانه خوێنی گه‌نجه‌كانی له پێناودا ده‌ڕژێ، پارتی دیمۆكرات، له پێشی پێشه‌وه‌ی هێزه سیاسیه‌كانی كوردستانه‌وه ئه‌و به‌رپرسیارێتیه‌ی له ئه‌ستۆیه هه‌وێنی یه‌كڕیزی بێت، چونكه ده‌ركه‌وت سیاسه‌ته‌كانی ئه‌م دواییه‌ی پێویستی به پێداچونه‌وه‌ی جدیانه هه‌یه. په‌كه‌كه و هه‌ده‌په‌و به‌ده‌په له‌باكور، په‌یه‌ده له رۆژاڤا به‌م جۆره توانیویانه كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی كوردانی باشور و رۆژه‌ڵات جێ بێڵن، كاركردن له‌سه‌ر كورسی و به‌ده‌ستهێنانی كورسی سه‌رۆكایه‌تی شتێ نیه ئه‌مڕۆ به‌كه‌ڵكی كوردایه‌تی بێ، به‌ڵكو یه‌كڕیزی و ته‌بای ئه‌و شته‌یه كه ته‌واوی پرسی كورد ته‌كان پێده‌دا به‌ره‌و سه‌ركه‌وتن، دواجار ئێمه‌ی باشورێكان ده‌بێ بزانین گیانی ناوچه‌گه‌رێتی و فاقیزمی جوتحزب بو وایانكرد ئه‌و كه‌لێنه‌ی له زه‌مه‌نی شه‌ڕی ناوخۆوه كه‌وتۆته ناو لاشه‌ی باشوره‌وه تا ئێستاش پێوه‌ی بناڵێنین، ده‌رفه‌تێ هاتۆته پێشه‌وه بۆ یه‌كڕیزی و ده‌كرێ ئومێدی له‌سه‌ر هه‌ڵچنرێ، ئه‌گه‌ر به كۆبانی و شه‌نگال و دڕنده‌ی داعش نه‌دروێته‌وه، ئه‌م كه‌لێنه هیچ نایدروێته‌وه